گرێکوێرەکەی سلێمانی بەخەڵکی شارەکە ناکرێتەوە

0

سلێمانیگرێکوێرەکەی سلێمانی بەخەڵکی شارەکە ناکرێتەوە

دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت

دانانی پارێزگاری سلێمانی، بووەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی ، کە دەستی ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکی شارەکەوە توانای کردنەوەی نییە، دەبێ دوور لە بنەماکانی دیموکراسی و لەدەرەوەی کاریگەری دەنگی خەڵک، بەدەستی سەرکردەی حزبەکان بکرێتەوە.

چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەکانی کوردستان تێدەپەڕێت، تا ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەیتوانیووە پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە هەڵبژێرێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەهیچ کام لەلیستە براوەکانی هەڵبژاردن، دەنگی زۆرینەی پەنجا کۆ یەکیان بەدەست نەهێناوە، بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانیش ئەو پرسانە بەدەنگی زۆرینەی پەنجا کۆ یەک یەکلایی دەکرێتەوە، یەکێتی هێڵی سوری لەسەر کاندیدی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی هەیەو، کاندەکەی گۆڕانیش پێی وایە ئەوە میللەتە دەبێ بڕیار بدات کێ دەبێتە پارێگار نەک حزبێکی دیاریکراو.

بزوتنەوەی گۆڕان کەبەزۆرینەیەکی کەم براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە، پارێزگاری سلێمانی بەپشک و مافی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەریشدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئامادەنییە ئەو پۆستە رادەستی گۆڕان بکات، ئەوەی لەو نێوانەدا توانای یەکلاکردنەوەی پرسەکەی هەیە، فراکسیۆنی خزمەتی ئیسلامییەکان و فراکسیۆنی پارتییە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەوەی دەنگیان دەخەنە پەنای دەنگی کام لیست لەگۆڕان و یەکێتی، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو لایەنەش خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە.

بروسک نوری شاوەیس، کە سەرکردەیەکی پارتییە لەسلێمانی، پێشتر ئەوەی راگەیاند، کە حزبەکەی دەنگ بەبزوتنەوەی گۆڕان دەدات لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی هەرزوو ئەوەیان بەقسەی شەخسی ئەو سەرکردەی پارتی لەقەڵەمداو رایانگەیاند “پارتی هەڵەی واناکات، خۆی بخاتە کێشەکانی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان”.

لای لایەنە ئیسلامییەکان، رایانگەیاند، تا بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، خۆیان یەکلایی نەکەنەوە ئەوان ناتوانن، دەنگ بدەنە لایەنێکیان، چونکە وەک نازم عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت وتی””دیارە وایان پێ باش بوە لەبەر دۆخی ئەمنی و لایەنی دەسەڵاتدار بە پلەی یەكەم. دەترساین لەوەی ئەگەر بەدەنگدان یەكلای بكەنەوە، دواتر پرسەکە بەئاقارێكی خراپتردا بڕوات، بۆیە خۆمان یەکلایی نەکردۆتەوە”

گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پارێزگاری خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، یەکێتی دەیبەستێتەوە بە کاندیدەکەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ پارێزگاری سلێمانی، بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ بڕوانەبوونی یەکێتی دەگێڕێتەوە بەدەستەودەستکردنی دەسەڵاتەوە.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایكرد، کە حزبەکەی سێ مەرجی خستۆتە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە کە بریتین لە:
1. پارێزگارێكی بێلایەن دابنرێت.
2. دوو ساڵی یەكەم بۆ گۆڕان بێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدەكەیان بگۆڕن.
3. دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی بێت و دواتر گۆڕان سەرپشك بێت لە كاندیدەكەی.

بەڵام هەر لەدوای لێدوانەکەی مەلابەختیار فراکسیۆنی ئیسلامییەکان، مەرجی یەکەمیان رەتکردەوەو رایانگەیاند،  دانانی كەسێكی بێلایەن نایاساییە، لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا شتی وا باسنەکراوە. بەرای ئەوان ئەگەر کارێکی لەو شێوەیەش بکرێت، دەبێ ٧ مانگی تر، خەریکی هەموارکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بن، تا رێگایەکی یاسایی بۆ دەدۆزرێتەوە.

 لەدواین لێدواندا لەو بارەیەوە، لەتیف شێخ عومەر سەركردایەتی یەكێتی بۆ روودا دەڵێت  ” ئێمە نایشارینەوە حەساسیەتێكمان هەیە بەرامبەر بە كاندیدەكەی گۆڕان”. سەرکردەیەکی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، پێی وایە”مەسەلەی گۆڕینی کاندید کەلالەیەن یەکێتی ەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تەرح دەکرێت، هیچ نییە جگە لەمراوغەی سیاسی، و هەوڵی کاتکوشتن، ئەگەرنا هیچ حزبێک بۆی نییە کاندید بۆ حزبێکی تر دیاری بکات، هێڵی سوور دابنێ بۆ کاندیدێک، ئەگەر کاندیدەکە خاڵی نایاسایی لەسەر نەبێ”.

لای خۆیەوە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەو کاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان، کە یەکێتی هێڵی سوری لەسەر داناوە، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت ئاشکرای دەکات، هیچ هۆکارێک شک نابات بۆ ئەو حەساسیەتەی یەکێتی کەلەبەرانبەر ئەو هەیەتی، دەشڵێت” لەیەکێتی بپرسن بۆچی ئەو حەساسیەتەی هەیە”.

هەر لەلێدوانەکەدا بۆ نوچەنێت، هەڤاڵ ئەبوبەکر پێی وایە، یەکێتی ناتوانێ رێگە لەو بگرێ، چونکە بەڕای ئەو”ئەوە خەڵكە بڕیار دەدەات كێ چ پۆستێك وەردەگرێت، نەك لایەنێكی سیاسی یان چەند كەسێكی دیاری كراو“.

 

وتیشی”خەڵك هەر هەڵوێستێكی هەبێت ئێمە لەگەڵ ئەوانین“. هەڤاڵ ئەبوبەکر هۆکاری ئەوەش نازانێ، کە بۆچی لایەنە ئیسلامییەکان دەنگ بە ئەو نادەن، بۆیە لەوبارەیەشەوە دەڵێت، بۆ ئەوەش دەبێت پرسیار لەئەوان بکرێ بۆ؟.

پرسی یەکلاکردنەوەی پارێزگار ئێستا لەدەسەڵاتی بەرپرسە لۆکاڵییەکانی ئەو شارەو ئەنجومەنی شارەکەدا نەماوە، بۆتە ئەو گرێکوێرەیەی کە دەبێت بەرپرسانی باڵای حزبەکان بەدەستی خۆیان بیکەنەوە، بەبڕوای چاودێرانیش لەکاتێکدا کە ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو هەیە، پرسێکی واببرێتە مەکتەبی سیاسی حزبەکان، پرۆسەی دیموکراسی لەکوردستان لەکەدار دەکات، و هیچ مانایەکی بۆ ناهێڵێتەوە،  بەبڕوای هیوا میرزا سابیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش، کە بۆ سایتی فەرمی حیزبەكەی قسەی کردووە”مانەوەی كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چەندین مانگ، وێنایەكی رەشی سیاسەت و ئیدارەمانە، پەیامێكی دڵخوشكەریشە بۆ نەیارانی هەرێم“.

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com