یەكگرتووی ئیسلامی: كێشەی پارێزگای سلێمانی وێنایەكی رەشی سیاسەت و ئیدارەمانە و پەیامێكيشە بۆ نەیارانی هەرێم
نونێت – هەولێر:
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو،ئاشكرای دەكات،مانەوەی كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چەندین مانگ وێنایەكی رەشی سیاسەت و ئیدارەمانە و پەیامێكی دڵخوشكەریشە بۆ نەیارانی هەرێم.
چەند مانگێک بهسهر ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی ههرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، دوای چەندین دانیشتنی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی رێكنەكەوتنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار،تا ئێستاش حكومهتی خۆجێیی سلێمانی پێكنههێنراوه و هەر جارەی بەبیانویەك دانیشتنەكانی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی دوادەخرێن.
هیوا میرزا سابیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان،بەسایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”بارودوخی سیاسی ئاڵۆزو شێوێنراوە و وا دەردەكەوێت حكومەتی عەبادیش هەر وەك براكەی مالیكی سورە لەسەر مەحرومكردنی هاوڵاتیانی هەرێم لەمووچەو قوتی رۆژانەیان و سیاسەتی ئەمرۆ نا بەیانی لە جێ بەجێ كردنی بەڵێنەكانیدا پەیرەو دەكات و نایەوێت بێتە سەرخەت“.
هیوا میرزا سابیر ئاماژە بەوەش دەكات”مانەوەی كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ چەندین مانگ وێنایەكی رەشی سیاسەت و ئیدارەمانە و پەیامێكی دڵخوشكەریشە بۆ نەیارانی هەرێم“.
لەبارەی هەوڵەكان و هەڵوێستی ئەمریكاوەش ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت” ئەمریكاو هاوبەیمانەكانیشی هەر ئەوەندە لەگەڵمان بوون تا حكومەتەكەی عەبادیان لكاند و ئیتر ئێمە كەیفی خۆمانەو لەوەیش ناچێت كارتی فشارەكانیشمان كاریگەر بن،چونكە تا ئێستایش ململانێی حیزبی وئیداری ناو خۆمان گەورەترین خاڵی لاوازیمانە“.