سەرۆک وەزیرانی کۆبانێ:مادام کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بە دڵنیاییەوە کورد ناکەوێت
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: بێ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، تیرۆر درێژەی دەبێت.!
نوچەنێت – هەولێر:
سەرۆک وەزیرانی کۆبانێ,پەرلەمانی کوردستان,ئاشكرای كرد, مادام کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بە دڵنیاییەوە کورد ناکەوێت,سەرۆكی پەرلەمانیش رایگەیاند, بێ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، تیرۆر درێژەی دەبێت.
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت“کورد بە یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی ڕووبەڕووی تیرۆرستان دەبێتەوە، کورد لەبری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆرستان دەکات، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جدی بێت لە هاوکاریکردنمان بۆ بنبڕکردنی تیرۆرستان، ئێستا سوریا بووەتە مۆڵگەی تیرۆرستان، بێ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، تیرۆر درێژەی دەبێت”.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە ئەنوەر موسلیم، سەرۆک وەزیرانی کۆبانێ و غەریب حەسۆ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢ شەممە ١٠ی نۆڤەمبەر،سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازیکران.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، د.یوسف محەمەد سادق، دوای بەخێرهاتن، باسێکی هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پشتگیریی و پشتیوانی خۆرئاواو ئاماژەی بەوەکرد“ئێستا کورد لەسەرتاسەری دونیا دژ بە تیرۆرستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستە، ئێمەش وەک ئەرکێکی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەمان دا بۆ پشتیوانی شەڕڤانان کورد لە کۆبانێ”.
لەبەرامبەردا ئەنوەر موسلیم، سەرۆک وەزیرانی کۆبانێ، سوپاسی پەرلەمان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانی کردنی کۆبانێ، ئاماژەی بەوەدا“ئەم هەڵوێستە بە شانازییەوە مێژوو تۆماری دەکات”.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، موسلیم وتی“مادام کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان بە دڵنیاییەوە کورد ناکەوێت و تیرۆرساتن کۆتاییان پێدێت”.