سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: چەندینجار داوامان لێکراوە کات بۆ قسەکردنی پەرلەمانتاران دابنێین ئێمە ڕەتمانکردووەتەوە
نوچەنێت- هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان, هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لەوەکراوە گوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان قسەکردنی پەرلەمانتاران سنوور دار بکات.
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەدەستپێکی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، کە میوانداری ئەنجومەنی هەرێمیی بۆ کاروباری ووزە کرابوو وتی“هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لەوەکراوە گوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان قسەکردنی پەرلەمانتاران سنوور دار بکات، چونکە بەپێی پەێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئێمە ئەو مافەمان نییە و پەرلەمانتاران ئازادن لە قسەکردن، بەڵام دوێنێ ٧ فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان داوایان لێکردووین کەتەنها لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەو فراکسیۆنانەی کە نوێنەریان نییە لە لیژنەکان قسە بکەن، ئەمەش تەنها بۆ ڕێکخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەم بڕیارە دەخەینە دەنگەوە”.
لەبارەی پەخشی ڕاستەخۆی پەرلەمانیش، سەرۆکی پەرلەمان,ئاشكراى كرد“چەند پەرلەمانتارێک داوایان کرد، بەو پێیەی لە دانیشتنەکەدا ئەنجومەنی هەرێمی وزە کۆمەڵێک داتا و ئامار دەخەنە ڕوو زیانی دەبێت بۆ دانوستاندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بۆیە ئێمە دەمانەوێت دانیشتنەکە دیکۆمێنت بکرێت، بەڵام پەخشی ڕاستەخۆ نەکرێت، ئێمەش بە دەنگدانی پەرلەمانتاران پەسەندمان کرد”.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا“هەر پەرلەمانتارێک دەرفەتی قسەکردنی نەبێت لەم دانیشتنەدا، دەتوانێت پرسیار ئاراستەی ئەنجومەنی هەرێمی وزە بکات و بە زوترین کات وەڵامەکە وەربگرێتەوە”.