وردەكاریی ئەو بنكە سەربازییانەی ئەمریكا لە عێراق دەیانكاتەوە
نوچەنێت-عەرەبی جەدید
بەرپرسێكی عێراقی ئەو ناوچانە ئاشكرا دەكات كە بڕیارە ببنە بنكەی جێگیری هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا. بە گەیشتنی ئەو 1500 سەربازەی رۆژی هەینی ئەمریكا بڕیاری ناردنی بۆ عێراق دان، ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەكاتە 3100 سەرباز. زۆربەی ئەو سەربازانە راوێژكاری كاروباری جەنگین و پێشووتر لە عێراق بوون لەنێوان ساڵانی 2003 و 2010 دا.
بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگری عێراقییەوە ئاشكرای دەكات كە ئەو بنكە جێگیرە سەربازییانە چەكی قورس و مامناوەند و فڕۆكەی ئەپاچی و بۆلاكهۆك و شینۆك لە خۆ دەگرن، ئەوە جگە لە تیمی پزیشكی و هونەری و كەرەستەی گەیاندن.
سەرچاوەكە كە پلەیەكی باڵای لە سەرۆكایەتی دەستەی ئەركانی سوپای عێراقدا هەیە وتویەتی دو بنكە لەو بنكانە لە پارێزگای ئەنباری سوننە نشین دەبن (حەببانییە و عەینولئەسەد)، دو بنكەی دیكەش لە پارێزگای سەلاحەددینی زۆرینە سوننە دەبن (سپایكەر و بەلەد) بنكەیەكیش لە پارێزگای كەركووك دەبێت (دوبز)، هێزێكی زیاتریش ئاراستەی بنكەی ئەمریكاییەكان لە هەولێر دەكرێت كە ئەركی سەرەكییان مەشقكردن بە پێشمەرگە دەبێت.
ئێستا 1600 سەربازی ئەمریكی لە عێراق هەن كە زۆربەیان لە بەغدا و هەولێرن و ئەركی سەرەكییان مەشقپێكردنی سوپای عێراق و پێشمەرگەیە. بە گەیشتنی تاقمە نوێیەكەی ەسربازە ئەمریكییەكان، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق دەگاتە 3100 كەس، ئەوە جگە لە چەندین كارمەندی دیكە كە كاری سەرەكییان سەربازیی نییە.
سەرچاوەكە وتویەتی لە ئێستاوە سەربازانی عێراق و میلیشیا شیعەكان ئەو بنكانەیان چۆڵ كردووە تا ببێتە شوێنی جێگیری سەرباز و راوێژكار و ئەفسەرانی مارێنزی ئەمریكی كە بڕیارە بەمزوانە بە فڕۆكە لە كوێتەو بگەنە عێراق.
مەناف سەعدی ئەندامی باڵای حیزبی شیوعی عێراقی وتویەتی ئێران زۆر نیگەرانە لە بڕیاری زیادكردنی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق.
سەعدی وتویەتی هەر چەند كاتژمێرێك لەدوای بڕیاری ناردنی هێزە نوێیەكان بۆ عێراق لەلایەن كۆشكی سپییەوە، هەستمان بە توڕەیی ئێران كرد. ئەوەبوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی دەستی بە كۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا كرد و كۆبوونەوەكە زیاد لە پێویست درێژەی كێشا.
سەعدی دەربارەی هۆكاری نیگەرانییەكانی ئێران لەو بڕیارەی ئەمریكا دەڵێت “ئەو هێزە نوێیانە سەرپەرشتی پێكهێنانی هێزەكانی پاسەوانی نیشتیمانی دەكەن كە بەرپرس دەبن لە پاراستنی دۆسیەی ئەمنی 45% ی شارەكانی عێراق، ئەوەش هەژموونی سوپای عێراق كەمدەكاتەوە و دەرگاش دادەخات لەبەردەم میلیشیا شیعەكان”.
بە وتەی سەعدی “ویلایەتە یەكگرتووەكان كەسانی سوننەی نزیك لە ئێرانی دورخستۆتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ، ئەمەش ئێرانی توشی دڵەڕاوكێ كردووە و ترسی هەیە لە ئاییندەی هەژموونی بەسەر عێراقەوە. چونگە ئێستا هەژموونی ئەمریكا لەسەر حیسابی هەژموونی ئێران لە عێراقدا روو لە بەرفراوانییە”. بەدووریشی نەزانیوە میلیشیا شیعەكان دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی ئەمریكییەكان بۆ عێراق دەرببڕن و پێشبینی كردووە تەنانەت هەڕەشەی كردنە ئەمانجی ئەمریكاییەكانی ناو عێراقیش بكەن.