پەرلەمانی کوردستان:دەبێت هەمو تاوانبارانی١٧ی شوبات بچنە بەردەم دادگا،لە هەر پلەو پۆستێکدا بن
نوچەنێت – هەولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،ئاشكرای دەكات، شەهیدانی ١٧ی شوبات، شەهیدانی ڕێگای دادپەروەرین، دەشڵێت، لە داهاتوشدا سەرجەم داواکارییەکانیان بە یاسا جێبەجێ دەکەین و دەبێت هەمو تاوانبارێک بچێتە بەردەم دادگا، لە هەر پلەو پۆستێکدا بێت.
سایتی فەرمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردوەتەوە”د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی:هەرگیز سازش لەسەر ماف و داواکاری خۆپیشاندەران ناکەین، لەماوەی کارکردنیشماندا لە پەرلەمانی کوردستان، زۆرێک لە داواکاری خۆپیشاندەرانمان خستووەتە ئەجندای کارەکانمانەوەو لە داهاتوشدا سەرجەم داواکارییەکانیان بە یاسا جێبەجێ دەکەین و دەبێت هەمو تاوانبارێک بچێتە بەردەم دادگا، لە هەر پلەو پۆستێکدا بێت، دۆسییەی شەهیدانی ١٧ی شوباتیش دەبێت ڕێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر“.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان، لەمیانی پێشوازیکردن بوو، لە کەسوکاری خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات، کە بەمەبەستی بە ئاگابوون لە دۆسییەی یاسایی بکوژی نەوەکانیان، ئەمڕۆ یەک شەممە،٩ی نۆڤەمبەر،سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازیکران“.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات”داوایان لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد دۆسییەی شەهیدەکانیان، لەگەڵ لایەنی پەیوەندار بجوڵێنن، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر چاوەڕێی دادگایی بکوژەکان نەکەین“.
لەبەشێکی تری وتەکانیاندا،کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات”سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، کە هەندێ لە داواکاری و خەونی شەهیدانی خۆپیشاندەری بە یاسا جێبەجێ کردووە، داواشیان کرد ڕێگە بگیرێت لە هەمو دەستێوەردانێکی سیاسی لەم كهیسەدا، چونکە تا بکوژان دادگایی نەکرێن ئەوان ئامادەنین سازش لەسەر خوێنی شەهیدەکانیان بکەن“.
لەبەرامبەردا د.یوسف محەمەد سادق،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتی”شەهیدانی ١٧ی شوبات، شەهیدانی ڕێگای دادپەروەرین، ئێوەش سەروەری ئێمەن و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانی خۆمان و سازش لەسەر ئازادی و دادپەروەریی ناکەین،داواکاری ئێوەو خۆپیشاندەران لە پەرلەمان کاری لەسەر کراوە،بەیاسا ڕێگریی لەوە دەکەین تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێت، زۆرێکی تر لە داواکاریی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات بە یاسا دەچەسپێنین“.