حیزبوڵڵای لوبنان میلیشیاكانی عێراق بەڕێوە دەبات
نوچەنێت-عەرەبی جەدید
دواجار فەرماندە سەربازی و سیاسییەكانی عێراق ناچاربوون دان بەوەدا بنێن كە دەیان چەكداری حیزبوڵڵای لوبنان لە عێراقدا هەن كە كاری سەرەكییان مەشقكردن بە میلیشیا شیعەكان و پشتیوانی سوپای عێراقە، ئەویش دوای ئەوەی یەكشەممە ی رابردوو دوو چەكداری حیزبوڵڵا كە لە شەڕەكانی عێراق كوژرباوون لە شاری نەجەف لە رێوڕەسمێكدا بە بەشداری كەسایەتی ئایینی و سەربازی عێراق بە خاكسپێردران.
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە رۆژنامەی “عەرەبی جەدید”ی چلپی لەندەنی وتووە كە چەند مانگێكە 150-200 چەكداری حیزبوڵڵا لە عێراقن كە ئەركیان مەشقپێكردنی خۆبەخشە شیعەكان و رێنماییكردنی میلیشیا شیعەكان و پشتیوانی سوپای عێراقە.
فەرماندە عێراقییەكە كە لە لیوای 24ی فیرقەی شەشی فەرماندەیی هێزە وشكانییەكانی عێراق كاردەكات بە رۆژنامەكەی وتوە حیزبوڵڵا رۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە لە كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی جەرف سەخر (40 كیلۆمەتر لە باكوری حللە) كە ئەوان ناویان نابو پرۆسەی سەربازی خەیبەر و جگە لە حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراق، فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانانیش رۆڵیان تێدا گێڕا.
سەرچاوە عێراقییەكە جەختی كردۆتەوە كە لە شەڕی كۆنترۆَلكردنەوەی شارۆچكەی بێجی كە ئێستاش بەردەوامە، چەكدارانی حیزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران و عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایای سەلام لە بەرەی سوپای عێراقدان لەدژی داعش.
دەربارەی رۆڵی چەكدارانی حیزبوڵڵا لە عێراق سەرچاوەكە وتویەتی “پیلانی چوونە نێو شارەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دادەڕێژن، مەشق بە خۆبەخشەكان دەكەن، پیلانی شەڕ بۆ میلیشیاكان دادەڕێژن، پوچەڵكردنەوەی بۆمب فێری هێزە عێراقییەكان دەكەن”.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسە عێراقییەكە چەكدارەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سێ بەرەی بابل و بەغدا و سەلاحەددین دابەشبوون و لەلایەن حوسام عەلی كە بە حاجی حوسام ناسراوە رێبەری دەكرێن و ئەویش راستەوخۆ فەرمان لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران وەردەگرێت.
هەفتەی رابردو لە شاری نەجەف دو چەكداری حیزبوڵڵای لوبنان بە خاك سپێردران دوای ئەوەی لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی خۆكۆوژی داعش لە باشوری رۆژئاوای جەرف سەخر كوژران.
لە وتەی بە خاكسپاردنیاندا زیا ساعیدی یەكێك لە فەرماندەكانی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەق وتی “شەهیدانی حیزبوڵڵا بەردەوامی ئەو زنجیرەی قوربانیدانەن كە ئەم حیزبە بۆ بەرگری لە مەزهەبی ئال و بەیت دەیبەخشن لەدژی هاوپەیمانێتی عەرەبە زایۆنیستەكان، كە تەكفیری و تیرۆریستەكانن”.
ساعیدی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ “عەرەبی جەدید” جەختی كردۆتەوە كە ئەو دو كوژراوەی حیزبوڵڵا لە گۆڕستانی دارولسەلام لە نەجەف بە خاكسپێردراون، ئەویش لەسەر وەسێتی خۆیان. ساعیدی جەختی كردۆتەوە “هەبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق ئاساییە، هەروەك چۆن ئێستا لە سوریاش هەن، ناتوانرێت نكوڵی لە هەبوونی حیزبوڵڵا لە عێراق بكرێت”.
لای خۆیەوە حسێن بەسری ئەندامی رەوتی سەدرییەكان بە “عەرەبی جەدید”ی وتوە كە حیزبوڵڵای لوبنان یارمەتی چەسپاندنی ئاساییش لە عێراق دەدەن و ئەو چەكدارانە روو دەكەنە هەر شوێنێك كە مەرجەعییەت فەرمانیان پێبكات.
بەڵام عەبدوڵڵا عوبێدی یەك لە فەرماندە سوننەكانی عێراق وتویەتی “هەبوونی چەكدارانی حیزبوڵڵا و پاسداران لە عێراق پەیامێكی خراپە و دەری دەخات لەژێر پەردەی شەڕی دژە تیرۆردا شەڕی تائیفی لە عێراق دەگوزەرێت”.
عوبێدی وتویەتی ئێستا سوپای عێراق رۆڵێكی ئەوتۆی نییە و ئەوەی لەسەر مەیدانەكەیە میلیشیا شیعەكانن و دەبێت ویلایەتە یەكگرتوەكان لەو روەوە هەڵوێستی بەڕونی دەرببڕێت لە بەرامبەر حكومەتەكەی عەبادی.
