
لیژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان لەسەر تەوەرێکی نوچەنێت هاتە دەنگ: نوچه‌نێت و ئەوانەی وەڵامیان داوەتەوە هەڵەن
((لیژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان له به‌ینی دوو هێرشی عیلمانی و ئیسلامی‌دا))
م. محمد ئێنه‌یی
هه‌ركه‌سێ كه‌مێ شاره‌زای هه‌بێ له ئه‌لف بای مێژووی مه‌لای كوریدا, وه به ویژدانه‌وه بدوێ بنوسێ, بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه دان به وه دا ئه‌نێت كه مه‌لای كوردی له هه‌موو ده‌ورو چه‌رخێكدا رۆڵێكی زۆر گرینگی هه‌بوه له تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی , وه به‌رده‌وام چرایێكی پڕشنگداربوه بۆ نیشاندانی ڕێگای دین و دنیای.
بێ گومان لیژنه‌ی فه‌تواش له‌م چه‌رخه‌دا واته: له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه تائێستا ڕۆڵێكی زۆر گرینگ‌یان هه‌بوه له ڕێنومای گه‌له‌كه‌یان بۆ ڕێگای ڕاستی هه‌ردوو جیهان, هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی سه‌دان كێشه‌ی جۆراو جۆری ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سولح و ئاشته‌وای كردن له به‌ینی چه‌نده‌ها بنه‌ماڵه‌و خێزان و هۆز .هه‌روه‌ها ده‌ركردنی چه‌نده‌ها بڕیاری گرینگی په‌یوه‌نددار به‌ژان و ژیانی خه‌ڵك.
من واده‌زانم ئه‌ندامانی لیژنه‌ی فه‌توای هه‌موو لقه‌كان و ناوچه‌كانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان زانان و ڕێزی خۆیان هه‌یه, به‌ڵام من كه له‌م نوسینه‌مدا زیاتر باس له لیژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان ده‌كه‌م بۆ دوو هۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه:
هۆی یه‌كه‌م:به حوكمی ئه‌وه‌ی من خۆم زیاتر له پازده ساڵه ئه‌ندامی ئه‌م لیژنه‌یه‌مه, شاره‌زای ته‌واوم هه‌یه له‌سه‌ر چالاكی و بڕیاره‌كانی ئه‌م لیژنه‌یه, له‌گه‌ڵ شاره‌زاییم له‌سه‌ر عیلم و دین و ته‌قوای هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامانی ناو ئه‌م لیژنه‌یه.
هۆی دووه‌م: وادیاره ته‌نها لیژنه‌ی باڵای فه‌توایه كه له‌لایه‌ن عیلمانیه‌كان و ئیسلامیه‌كان تیر‌و توانج باران ده‌كرێت و له كه‌سایه‌تی ئه‌ندامه‌كانی ده‌درێت.
لیژنه‌ی فه‌توا له هه‌رێمی كوردستان و تایبه‌ت له هه‌ولێر ناسراو دیارن, به‌ڵام من وه‌ك وڵامێك بۆ ئه‌وانه‌ی به چاوی سوك ده‌ڕواننه لیژنه‌ی فه‌توا و ئه‌ندامه‌كانی و له كه‌سایه‌تیان ده‌ده‌ن و تۆمه‌تیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن، پێم خۆشه هه‌ندێ له عیلم و خزمه‌ت و كه‌سایه‌تی ئه‌ندامه‌كانی لیژنه بخه‌مه پێش چاوی خوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی و نا ڕاستی ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانی لیژنه‌ی فه‌توا ده‌درێن، بۆ هاوڵاتیان ده‌ربكه‌ون.
من خۆم له‌لای زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای فه‌توام خوێندوه, زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی حه‌فتاساڵه‌و زیاتر له په‌نجا ساڵ له ته‌مه‌نی خۆیان سه‌رفكردوه له ده‌رس و وتنه‌وه‌و تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی چه‌نده‌ها قوتابی, وه هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامانی لیژنه, به ده‌یان بڕوانامه‌ی زانستی داوته فه‌قێكانی, ئه‌و فه‌قێیانه‌ی كه هه‌ر دوازده عیلمی ئیسلامی ته‌واو كردوونه, هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان له ئه‌ندامه‌كان خاوه‌نی چه‌نده‌ها كیتاب و باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی فقهینه, عیلم و دین و ته‌قوایان له‌و موفتیانه كه ئێستا له عاله‌می ئیسلامی ناودارو ڕێزدارن و حیسابی تایبه‌تیان بۆ ده‌كرێ، گه‌ر زیاتر نه‌بێ كه‌متر نینه.
ئه‌و موفتیه به‌ڕێزانه به ژیانێكی ساده‌و له گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كان، له گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی خۆیان له خانوێكی ساده به بژیوێكی ساده ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن, وه چه‌ند ئه‌ندامێك له و به‌ڕێزانه به‌هۆی نه‌خۆشی یا به هۆی ته‌مه‌نیانه‌وه زیاتر له سێ ساڵه له ماڵه‌وه له سه‌ر جێگاكه‌وتوون, مووچه‌ی خانه نیشینیان به‌شی ئه‌وه ناكات كه مانگانه بچنه لای دكتۆر بۆ فه‌حس و ده‌رمان, به‌م شێوه‌یه بێ ڕێز‌و بێ ناز ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن, وه هه‌تا ئێستا هیچ حزبێك و لایه‌نێك سه‌ردانی نه‌كردوونه و به دینارێك یارمه‌تی نه‌دراون, ئه‌و به‌ڕێزانه به چ ڕوێك و چۆن زمانیان هه‌ڵدێت به ئه‌ندامانی لیژنه بڵێن، حیزبینه‌و سه‌ر به ده‌سته‌ڵاتن و بڕیاره‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و ده‌سته‌ڵاته؟ به‌م ئایه‌ته پیرۆزه و‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه كه ده‌فه‌رموی ((والذين يؤذون المؤمنين والمؤمنات بغير ما اكتسبوا فقد احتملوا بهتانا واثما مبينا )) “الاحزاب 58”.
نوچەنێت لەتەوەرێکدا چه‌ند جارێك ئه‌و پرسیاره له‌و به‌ڕێزانه دووباره ده‌كاته‌وه کە بەشداری ئەو تەوەرەن… بۆ كه‌س بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فه‌توا وه‌رناگرێت و بڕوایان پێ نیه.؟
بێ گومان پرسیاری نوچه‌نێت و وڵامی ئه‌م براده‌رانه هه‌ردوكیان زۆر هه‌ڵه‌نه, چونكه بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فه‌توا له (90%) خه‌ڵكه‌كه زۆر به ڕێزه‌وه وه‌ری ده‌گرن و كاری پێ ده‌كه‌ن، وه ئه‌وانه‌ی بڕوایان به بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی فه‌توانیه ئه‌مه شتێكی ئاساییه, چونكه له چه‌رخی یارانی پێغه‌مبه‌ره‌وه (د.خ) تا ده‌گاته ئه‌مرۆ، له هه‌موو ده‌ورو چه‌رخێكدا ڕای جیاواز هه‌بوه , هه‌ر ده‌شبێت! جگه له‌وه كه من ئاگادار بم ته‌نها دوو بڕیار له بڕیاره‌كانی لیژنه ناكۆكی لێ په‌یدابوو.
یەکەمیان: بڕیاری دروستبونی پێشینه‌ی خان‌و به‌ره بوو, بێ گومان ده‌رچونی ئه‌م بڕیاره پاش ده‌رچوونی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو، كه بڕیاریدا به لابردنی (2%) سه‌ر پێشینه وه‌رگرتنی (250)هه‌زار دینار , بۆ لیژنه‌ی پشكنین بۆ خه‌رجیه‌كانی گواستنه‌وه و چاپه‌مه‌نی هتد…… پاش ئه‌مه لیژنه‌ییك له لیژنه‌ی فه‌توا كه منیش له ناو لیژنه‌كه دابوم به دوا داچونمان كرد و سه‌ردانی چه‌ند بانكێكمان كرد و لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و (250)هه‌زار دینار ه كرد, له ئه‌نجامدا دڵنیابوین كه ئه‌م پێشینه‌یه ڕیبای تێدانیه.
دووەمیان: ڕه‌وایەتیدان به سرودی (ئه‌ی ڕه‌قیب) بوو، من له گۆڤاری په‌یامی زانایان (ژ.98)بابه‌تێكم له سه‌ر سرودی (ئه‌ی ڕه‌قیب) نووسیوه, له ژێر ناوی (شیعر‌و ئه‌ده‌ب له نێوان مه‌لای پێشان و مه‌لای ئه‌م سه‌رده‌مه له ته‌رازووی ئه‌ی ڕه‌قیب دا) له‌م بابه‌ته‌دا به به‌ڵگه‌ی شیعری شاعیرانی ناودار، هه‌روه‌ها به به‌ڵگه‌ی بنه‌ماو یاساكانی ڕه‌وانبێژی ده‌رمانخستوه و ڕوونمان كردۆته‌وه، كه ئه‌م سروده هیچ كوفرێكی تێدا نیه.
بەڕێزێک لەو تەوەرەدا ده‌ڵێ (300) وتار بێژ دژی بڕیاری لیژنه‌ی فه‌توا وه‌ستان, به‌م ژماره زۆره له كوێ شه‌رعیه‌تی لیژنه‌ی فه‌توا ده‌مێنێ.؟ برای به‌ڕێزم زۆر به‌ی ئه‌م وتار بێژانه چه‌ند وتاریان ته‌نها له‌سه‌ر وشه‌ی (ڕه‌قیب) دان له گه‌ڵ وشه‌ی (تۆپی زه‌مان) كه له وتاره‌كانیان ده‌یان وت :موسڵمانه‌كان ته‌ماشابكه‌ن چۆن دڵداری شاعیر خیتاب له‌گه‌ڵ خوا ده‌كات، ده‌ڵێ، ئه‌ی ڕه‌قیب كه ڕه‌قیب ناوی خودایه ده‌یه‌وێ به‌ربه‌ره‌كانی بكات, وه هه‌ندێ له و تاربێژه‌كان ده‌یان وت موسڵمانه‌كان، دڵداری شاعیر ده‌ڵێ : (نایشكێنی تۆپی زه‌مان) مه‌به‌ستی له تۆپی زه‌مان خودایه , دڵدار ده‌یه‌وێ بڵێ : قه‌ومی كورد ئه‌وه‌نده به هێزه خودا‌ش ناتوانێ تێكی بشكێنێ, بێ گومان مانا لێدانه‌وه‌ی ئه‌م سرووده به‌م شێوه‌یه له مانا ڕاستیه‌كه ئاسمان و ڕێسمانیان به‌ینه؟
جا ئه‌م نوسه‌ره به‌ڕێزه، ده‌یه‌وێ لیژنه‌ی فه‌توا به ژماره‌ی زۆری ئه‌م جۆره وتاربێژانه بترسێنێت!
هەر بۆ ئەو تەورە، به‌ڕێزێكی تر ده‌ڵێ :ئه‌ندامانی لیژنه شاره‌زابن له قوڕئان و حه‌دیس, به‌ڕه‌ئی ئه‌و به‌ڕێزه ده‌بێ ئه‌ندامانی لیژنه سیپاره له بن هه‌نگل بنێن و بچنه لای ئه‌و به‌ڕێزه سیپاره و قوڕئانی له‌لا بخوێنن، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه له نوسینه‌كه‌یدا چه‌ند جار وشه‌ی ئه‌كادیمی دوباره كه‌كاته‌وه، كه ده‌ڵێ: لیژنه‌و ئه‌ندامه‌كانی ئه‌كادیمی بن, ئه‌م وشه‌یه زۆر په‌یوه‌ندی به فه‌تواوه نیه,( ئه‌كادیمی ) زیارت به‌كاردێت بۆ په‌روه‌رده‌و زانكۆكان , به‌ڵام ئه‌م به‌ڕێزه یه‌كجاریش وشه‌ی ته‌قوای له نوسینه‌كه‌یدا نه‌وتوه, هه‌موو موسڵمانیش ده‌زانن، كه یه‌كێك له بناغه هه‌ره‌گرینگه‌كانی فه‌توا (تـــــه‌قـــــــوایــــــه)..چونكه مرۆڤ هه‌رچه‌نده زانا بێت و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرابێت له هه‌موو زانسته‌كانی ئیسلامی ,ئه‌گه‌ر ته‌قوای نه‌بی نابێته (مـــــوفـــــتی )و هیچ موسڵمانێك فه‌توای لێ وه‌ر ناگرێت,چونكه له هه‌موو ئایه‌ته‌كانی قوڕئانی پیرۆز ئیمــــــــانی خستۆته پێش كـــــرده‌وه چاكــــــه‌كان, وه‌ك ده‌فه‌رموێت ((إن الانسان لفي خسر إلا الذين امنوا وعملو الصالحات))” العصر3.2″ .. یاخود ده‌فه‌رموێت (( يرفع الله الذين امنوا منكم والذين ات‌و العلم درجات)) “المجادله 11”.
جا ئه‌و براده‌ره كه باسی ته‌قوای نه‌كردوه، بۆ دوو هۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه… یا شاره‌زا نیه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی موفتی و مه‌رجه‌كانی ,, یا خود شاره‌زای هه‌یه بــــــه‌ڵام ته‌قوای له‌لا گرینــــــگ نیه! هه‌ندێ براده‌ری تر ئه‌و ڕه‌خنانه‌یان له لیژنه‌ی فه‌توایه، كه‌له شته گرینگه‌كان بڕیار ده‌رناكه‌ن, بۆ وه‌ڵامی ئه‌و برایانه ده‌ڵێن: له هه‌مو لیژنه فه‌تواكانی عاله‌می ئیسلامی، ئه‌و كاته بڕیاره‌كانی فه‌توا له لیژنه‌كان ده‌رده‌چن، كه له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی حوكومیه‌وه یا له لایه‌ن چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه و پرسیاریان لێ بكرێت, ئایه ئه‌م كاره ڕه‌وایه یا ناڕه‌وایه؟ وا دیاره ئه‌وانه جیاوازی له به‌ینی مفتی و مستفتی ناكه‌ن.