یەكێتی:ناردنی نەوتی هەرێم روون نیيە،بڕەكەی و لەكام بیرە و رێژەكەی و بەچەند دەفرۆشرێت؟
نوچەنێت:
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت كە تائێستا وەفدی رەوانەی بەغدا نەكردوە،هەروەها دەشڵێت هەردوو وەزارەتی سامانە سروشیتەكان و دارایی و ئابوری بەپرسیارن لەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە.
خەڵەف ئەحمەد،پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێدا بۆ سایتی ئەنجومەنی ناوەندی حیزبەكەی ئاشكرای كردوە”ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ لە قەیرانی داراییەوە بووە بە قەیرانی ئابوری، تاوەكو ئێستا هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و نەناردنی موچە و بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە هەنگاوی سست و لاوازن،بۆچی تائێستا حكومەتی هەرێم وەفدی پێكنەهێناوە سەردانی بەغدا بكات و چارەی ئەم قەیرانە بكات؟خۆ ناشكرێت ژیان و گوزەرانی ئەم میللەتە بەو شێوە بڕوات بەرێوە“.
بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی”پرسیاری گەورە لەسەر حكومەتی هەرێم هەیە،كە تائێستا هۆكاری نەناردنی وەفدەی بۆ بەغدا ئاشكرا نەكردوە،پێویستە هۆكارەكانی بۆ ئێمە و هاوڵاتیان رابگەیەنێت“.
خەڵەف ئەحمەد،ئاشكراشیكرد”وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەرپرسیارە لەبەرئەوەی بەشێكی گەورەی قەیرانەكە پەیوەندی بە ناردنە دەرەوەی نەوەتەوە هەیە،بەغدا قسەی سەرەتا و كۆتای ئەوەیە كە بە كوردستان دەڵێت”ئێوە دەتانەوێ نەوتی خۆتان بفرۆشن و لەگەڵ نەوتی بەسرەش هاوبەش بن“هەتا ئێستاش ناردنی نەوتی هەرێم لای بەغدا روون نیە وەك دەڵێن: ئایا بڕی ئەو نەوتە رەوانە دەكرێت چەندە؟ لەكام بیرە نەوتە ؟ رێژەكەی چەندە ؟ بەچەند دەفرۆشرێت؟ داهاتەكەی لە كوێیە؟ دەگەرێتەوە بۆ هەرێم ؟ پێویستە وەڵامی جددی ئەموو ئەو پرسیارانە بدرێتەوە“.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردەوە”وەزارەتی دارایی و ئابوریش بەرپرسیارە،ئەم وەزارەتە تەنها ئیشی ئەوە نیە پارە بێتە لای و دابەشی بكات ئەوە بە گروپێكی چەند كەسی دەكرێت،وەزارەتەكان ئیشی خۆیان دەكەن گروپێكی 10 كەسی دەتوانێت پارەكە رەوانەی وەزارەتەكان بكات و ئەویش دابەشی بكات بەسەر فەرمانبەراكانیدا وەزیری دارایی زۆر بەهەڵە لە مەهامی وەزارەتەكەی تێگەشتوە،ئەی پرۆژەی وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە گەورەیە چیە؟“.
خەڵەف ئەحمەد راشیگەیاند”زۆر گرنگە كە ئەو قیرانە چارەسەربكەین ئایا لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوین یان تەنها پشت بە خۆمان دەبەستین كە ئەوەش كارێكی زۆر قورسە چونكە ئێمە تائێستا نەمان توانیوە رۆژنە 300 هەزار بەرمیل نەوت بنێرینە دەرەوە، بۆ بەرێوەبردنی ئەم حكومەتە كە بتوانین لەناوخۆدا پشتن بەخۆمان ببەستین پێویستمان بەناردنە دەرەوەی 600 هەزار بەرمیل نەوت هەیە لە رۆژێكدا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان نەیتوانی 300 هەزار بەرمیل بنرێت بۆچی ئەم قەیرانەی توشی ئەم میللەتە كرد، لەجیاتی ناردنە دەرەوەی نەوت قەیرانی دارایی هەرێمی گرتەوە“.