یەكێتی : كۆبونەوەكانمان لەگەڵ پارتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی ئهنجومهنی پارێزگای ههولێر بەبنبەست گەیشتون
دڵشاد هەرتەلی ـ نوچەنێت
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی هەولێر بەپشت بەستن بە کورسی کۆتاکان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبێ بەشداری چوار لایەنەسەرەكییەكەی تری کوردستان،نیگەرانی ئەو لایەنانەی لێكەوتەوە،سەرۆكی لیستی یەكێتی،ئاشكرای دەكات، كۆبونەوەكانیان لەگەڵ پارتی بەبنبەست گەیشتون و چاوەڕی وەڵامی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتن، رەتیشی دەكاتەوە وەكو چوار لایەنەكە، رێكەونتیان لەنیوان دا هەبووبێت، کە بەبێ یەک نەچنە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی.
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە 23/6/2014 كە خاوەنی 12 كورسیە بەرێكەوتن لەگەڵ كورسی كۆتاكان و بەبێ بەشداری لیستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لیستی خزمەت كە لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی، حكومەتی خۆجێ هەولێری پێكهێنا، نیگەرانی لایەنەكانی لێكەوتەوە، هەرچەندە لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، چەندین جار لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبونەتەوە بەمەبەستی رێكەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام دوای دوو مانگ لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەكان تا ئێستا چوار لایەنەكەی تر، لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چاوەڕی وەڵامی پارتین بۆ رێككەوتن و یەكلای كردنەوەی پۆستەكان، پارتیش وەڵامی نەداونەتەوە.
رێباز بێركۆتی،سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان له ئهنجومهنی پارێزگای ههولێر، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت”ئێمە لە گفتوگۆی لیژنەی مەحەلی لەگەڵ پارتی كۆبونەوەكانمان بەبنبەست گەیشتوەو نەگەیشتوینەتە هیچ ئەنجامێك، لەبەرئەوەی ئەوەی كە ئێمە داومان دەكرد وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆمان وەكو لستی 77ی یەكێتی كە هێزی دووەم بووین لە پارێزگای هەولێر، پارتی بەداخوازییەكانی ئێمە رازی نەبوون، بۆیە نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك، بەڵام ئەوەی كە ئیستا لە ئارادایە گفتوگۆكانی مەكتەبی سیاسی هەردوو لامانە، ئێمە بە ئومێدەوە سەیری گفتوگۆكانی هەر دوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی دەكەین و پابەندیشین بەبڕیارەكانیانەوە،ئێستا چاوەرێ ئەو گفتوگۆیانە دەكەین كە لەبەینی مەكتەبی سیاسی هەردوولا هەیە“.
لەلایەکی ترەوە دكتۆر محەممەد حاجی، بەرپرسی پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانی دا وتی”ئێمە چەند دانیشتنێكمان لەگەڵ پارتی كردوە لەهەولێر و بەشێكی زۆری خاڵەكانمان یەكلای كردوەتەوە و لەداهاتویكی نزیكدا لەگەڵ پارتی دەگەینە رێكەوتن، لەسەر بەشی خۆمان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەپێ ئیستحقاقی هەڵبژاردنمان، ئاگاشم لە رێكەوتنی نێوان یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو نییە لەگەڵ پارتی“.
ئەوقسانەی ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە، كە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو و یەكێتی پێكەوە دژ بوون بەو بڕیارەی پارتی کە بەتەنها پۆستەكانی یەكلای كردوتەوە و ئەوانی بێ بەش كردوە.
لەلایەكی تریشەوە عەلی رەشید،سهرۆكی ئهنجوومهنی پارێزگای ههولێر، رۆژی چوارشەممە 5/11/2014 له لێدوانێكدا بۆ دهزگاكانی ڕاگهیاندن،ئاشكرای كرد” گفتوگۆكان بەردەوامن و لێك نزیك بوونەوەی زۆر هەیە له نێوان لیستهكان،لیستی گۆڕان لە پێشەوەی گفتوگۆكانە،لەگەڵ لیستی خزمهت و یهكێتی نیشتیمانی كوردستانیش گفتوگۆكان لەسەر مێزن و ئهنجامی باشیان لێكهوتووهتهوه”.،قسەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر پشتراستی قسەكانی محەمەد حاجی دەكاتەوەو دەیسەلمێنێت كە پارتی و گۆڕان بێ لیستەكانی تر گەیشتونەتە رێكەوتن.
لەو بارەیەوە،سەرۆكی لیستی یەكێتی، ئەوە بۆ نوچەنێت پشت راسدەكاتەوەو دەڵێت”ئەوە راستە، ئێمە وەكو چوار لایەنەكە پێكەوە بەیاننامەمان دەركرد و نارازایمان دەربڕی، ئەگەر هەر حیزب و رێكخراوێك رەئی گۆڕابێت، ئەو رەئی خۆیانە، هەرێكەوتنێكیان كردبێت ئێمە رێگرنین، بەڵام ئێمە وەكو لیستی یەكێتی نیشتیمانی لەسەر هەمان هەڵوێستی خۆمانین و پابەندیشین بەناوەڕۆكی ئەو بەیاننامەیەی كەوەكو هەر چوار لایەنەكە دەرمانكردوە لە كاتی خۆی“.
رێباز بێركۆتی،ئەوەش ئاشکرا دەکات کە پێكەوە”هیچ رێكەوتنمان نەبووە مەبدەئیەن وەكو رێكەوتنێكی پڕۆتۆكۆڵاتی، بەڵام هەموومان هاوهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەی كە ئەوە زوڵمێكە لێمان دەكرێت و ئەوەش شتێكی ناڕەوایە كە تۆ رێز لە ئیرادەی دەنگدەران نەگریت،بەتەنها حكومڕانی بكەیت“.
سەرۆكی لیستی یەكێتی له ئهنجومهنی پارێزگای ههولێر،رەتیشی دەكاتەوە كە هۆكاری دەنگنەدانی ئیسلامییەكان بەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ یەكلای كردنەوەی پۆستی پارێزگار بێ متمانەییان بێت، بەیەکێتی و دەڵیت”ئیسلامییەكان پێیان باش بووە نەبێت سیڕاع لە نێوان هەردوولای سەركەوتوو، ئێمە وەكو یەكێتی 11 كورسمان هەیە و برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕانیش 12 كورسیان هەیە، ئەوان پێیان باشە تەواوفوق هەبێت، بۆیە ئێمە نەزەری خراپمان نییە بەرامبەریان، ئەوان ئازادن لە رادەربڕینی خۆیان پشتیوانی لە چ لیستێك دەكەن، بەڵام بۆ نسابی قانونی هەردوولامان لەیەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان پێویستمان بەدەنگی ئیسلامییەكانە بۆ تەواو كردنی پەنجا زائید یەك، بۆ ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەن و دواتر پارێزگاری سلێمانی هەڵبژێرین، بۆیە ئیسلامییەكان بەدوای ئەوەن كە ئێمە و گۆڕان تەواوفوق بكەین بۆ ئەوەی پارێزگارێكی جێگر هەبێت، یەكێتی نیشتیمانیش تێڕوانینی ئەوەیە كە حكومەتی خۆجێی بنكە فراوان رەنگ بداتەوە بەسەر تەواوی پارێزگاكە، وە هەموولایەنەكانی سەركەوتو لەهەڵیژاردن بەشداری حكومەتەكە بكەن“.