بەمەبەستی پاراستنی سامانی ئاو،بەڕێوەبەرایەتی ئاوى هەولێر بژمێری میکانیکی ئاو بۆ یەک ملیۆن ماڵ دادەنێت
نوچەنێت – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان،ئاشكرای دەكات،پرۆژەی دانانی بژمێری میکانیکی ئاوی بۆ یەک ملیۆن ماڵ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکات. ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سامانی ئاو وکەمکردنەوەی ڕێژەی بەهەدەردانی ئاو وباشترکردنی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاو بۆ هاوڵاتیان.
بەپێ هەاڵێكی سایتی فەرمی حكومەتی كوردستان،لەمبارەیەوە سەهەند سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان، ئاشكرای كردووە”لەماوەی چل رۆژدا، بژمێری میکانیکی تایبەت بە بڕی ئاوی بەکارهێندراو بۆ یەک ملیۆن ماڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەندرێت”.
وتیشی بۆ ئەم مەبەستە ” لە کۆی 14 مۆدێلی پێشنیارکراو، پێنجیان وەرگیران ودواتر بۆ ئەڵمانیا نێردران بۆ بڕیاردەرێکی بێلایەن ولەوێش سێ مۆدێلی هاوشێوە لەگەڵ ئەو مەرجانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێم دەگونجێن، هەڵبژێردران”.
رونیشیکردەوە ئەو سێ مۆدێلەی هەڵبژێردران “یەکەمیان ئەڵمانیە ونرخەکەی 37,000 دینارە وئەوەی دیکەشیان تورکیە ونرخەکەی 38,500 دینارە، سێیەمیشیان ئیتاڵیە ونرخەکەشی 42,500 دینارە”.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو وئاوەڕۆکان ئاماژەی بەوەدا،هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی هەرکام لەو مۆدێلانە ئازادن بۆ کڕین ودانانی “بەرامبەر بە بەخشینیان لە پێدانی کرێی بەکارهێنانی ئاو بۆ ماوەی چوار مانگ بەو مەرجەی رێژەی بەکارهێنان لە 160 مەتری سێجا بۆ یەک مانگ زیاتر نەبێت، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان. ئەگەر هاوڵاتیان ئەو بژمێرەیان دانەنا ئەوکات دەبێ بۆ هەر مانگێک 100 هەزار دینار غەرامە بدەن”.
دیاریکردنی نرخی ئاو، لەڕێگەی یاسای باج وداهاتی ئاوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان کراوە. رێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ ماوەی مانگێک بە مەتری سێجا وبەدیناری عیراقی هەژمارکرادەکرێت. پاڵپشتی حکومەتیش بۆ نرخی ئاو بۆ ئەوانە دەبێت کە بەکارهێنانی ئاویان لە 1-30 مەتری سێجایە، کە بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بریتیە لە 200 لیتر لەبەکاربردنی ئاو بۆ یەک کەس لە رۆژێکدا.
نرخی بەرهەمهێنانی یەک مەتری سێجای ئاو لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، ئەویش بەپێی جوگرافیای ناوچەکە ودووری سەرچاوەکانی ئاو لە ماڵەکە ودواتر رێژەی بەکارهێنان، کە لە 600 دینارەوە بۆ یەک مەتری سێجا دەستپێدەکات، نرخیشی بۆ بەکاربەر لەنێوان 300-500 دینارە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو وئاوەڕۆکان ئەوەشی راگەیاند کە “ئاسانکاری زۆر بۆ هاوڵاتیان کراوە لەبارەی پێدانی پارەی بەکاربردنی ئاو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاو وخاڵەکانی کۆکردنەوەی داهات وشوێنی تایبەت لەمۆلەکان، هەروەها سایتە ئەلیکترۆنیەکان ومۆبایل وبانک”. هاوکات ئاماژەی بەوەشدا هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی سایتی ئەلیکرۆنی تایبەت بە بژمێرەکانی ئاوەوە بەداخڵکردنی ژمارەی خانوو رێژەی بەکاربردنی ئاوی تایبەت بەماڵی خۆی بزانێت”.