بەرەی توركمانی : حیزبە كوردییەكان لە كەركووك جدیی نین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانانی بەرنامەیەكی هاوبەش
نوچەنێت:
جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی پێیوایە لە كەركووك كوردو توركمان زۆڵمی زۆریان لێكراوە. ئەو دەشڵێت حیزبە كوردییەكان جدیی نین لە ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ دانانی بەرنامەیەكی كاری هاوبەش لە كەركووك.
حەسەن تۆران، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی و پەرلەمانتاری عێراق لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی رووداو لەبارەی كێشەكانی موڵكییە و جێبەجێكردنی مادەی 140 و تێڕوانینی توركمانەكان لەبارەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند”لە پێشتردا كوردو توركمان زۆڵمی زۆریان لێكراوە، تەنانەت نەیانهێشتووە موڵك و ماڵ بەناوی خۆیانەوە بكەن”.
لەبارەی یەكڕیزی نەبوونی توركمانەكان و دابەشبوونیان بەسەر چەند لایەن و مەزهەبێك، تۆران پێیوایە كە ئەوە توركمانەكان نین بەتەنیا یەكگرتوو نەبن یاخود دابەش بووبێتن، دەڵێت “كورد و سوننە و شیعەكانیش یەكگرتوو نین لە كەركووك، چەندین بۆچوونی جیا لە نێوانیاندا هەیە”.
وتشی”لە بوارە ستراتیژییەكاندا توركمانەكان هاوڕان، لە دوای 2003 وە هەموو حیزبە توركمانییەكانی كەركووك لە بەغدا كۆبووینەوە، بە یەك گوتاری هاوبەش بە پشتبەستن بە مادەی 119 لە دەستووری عێراق داوای هەرێمێكی سەربەخۆمان لە كەركووك كرد، وەكو هەر لایەنێكی دیكە ئێمەش پشتمان بە دەستوور بەستووە”.
لەبارەی هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ناو كەركووك، سەرۆكی بەرەی توركمانی رایگەیاند”گرفت لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكانە لە یەكتری، ئێمە زۆر لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان هەوڵماندا گفتوگۆی كراوە بۆ نزیكبوونەوە ئەنجام بدەین، بەڵام حیزبە كوردییەكان جدیی نین لە ئەنجامدانی گفتوگۆ ، یان بۆ دانانی بەرنامەیەكی كاری هاوبەش”.
سەبارەت بە بەرپرسیارێتی لایەنەكان لەسەر كێشەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، تۆران رایگەیاند “هەموو لایەنەكان بەرپرسیارن لەم كێشانە، بەڵام دەسەڵات بەرپرسیاری یەكەمە لە تەشەنەسەندنی كێشەكان، هەمووان بەشێكن لە كێشەكەو هەمووشیان بەشێكن لە چارەسەری كێشەكانی كەركووك، ئەگەر هەر پێكهاتەیەك پەراوێز بخرێت، ئەوا كێشەكان چارەسەر ناكرێت، دەبێت هەموو لایەنەكان پێكەوە هاوكار بن”.
دەشڵێت “چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە گەیشتنە بە رێككەوتن، دەبێت هەموو لایەنەكان رێكبكەون بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك”.