مهلا بهختیار : نە ئێمە رێگەمان لەهیچ لایەك گرتوە بچێت بۆ بەغدا، نە هیچ لایەكیش دەتوانێت رێگە لەئێمە بگرێت
نوچەنێت
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی ئاشكرای دەكات، بۆ پیرۆزبایی كردن لە سەرۆك كۆمار چووینەتە بەغداو رێگەیان لەهیچ لایەك گرتوە بچێت بۆ بەغدا، هیچ لایەكیش ناتوانێت رێگە لەئێمە بگرێت، ئهوهشی خستهروو سێ مهرجیان ههبووه بۆ یهكلایی كردنهوهی پۆستی پارێزگاری سلێمانی.
رۆژی 31/10/2014 وهفدێكی باڵای یهكێتیی نیشتمایی كوردستان بهسهرۆكایهتی كۆسرهت رهسوڵ عهلی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی و هاوڕێیەتی هەریەكە له مهلابهختیار و عومهر فهتاح و رزگار عهلی و خهسرهو گوڵ محهمهد سەردانی شاری بهغدایانكرد و چەندین كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حكومی ئەنجام دا، ئەمەش كاردانەوەی لایەنەكانی لایەنەكانی لێكەوتەوەو گومانیان هەبوو لەو سەردانە.
بۆ ئەومەبەسە ئێوارەی ئەمڕۆ 2014/11/3 مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی لەبارەی سەردانەكەی وەفدی باڵای یەكێتی بۆ شاری بەغداو كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە عیراقییەكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
مەلا بەختیار رایگەیاند: كاتمان نەبوو حەیدەر عەبادی دەوڵەتمەدار ببینین، زوو هاتینەوە،هەموو ئەوانەی بینیومانن گەشبینیمان هەست پێدەكرد كە خەریكە گرێكان دەكرێنەوە، ئاگاداریش بووین كە لەپشتی پەردەش دانیشتن كراوە سەبارەت بەكوردستان و بەغدا، لەنێوان لایەنەكان، هەموو ئەمانە ئاگادار بووین كە ئێستا گەشبینیەك خەریكە سەرەتاتكێی لەگەڵ هەرێم دەكات.
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی لەگەڵ نوری مالیكی، مەلا بەختیار وتی:ئێمە بۆ پیرۆزبایی لەفەخامەتی سەرۆك كۆمار رۆشتوین، لەپەراوێزی سەردانەكەشماندا پێمانخۆشبوو هەموو ئەو وەفدانە بینین، لەنێو وەفدەكانیشدا باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەعیراق سەردانی كردین، هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عیراق سەردانی كردین، ئێمە تەنها بۆ ئەوە نەچووین نوری مالیكی ببینین، ئێمە لەگەڵ حزبی دەعوە دانیشتین كە نوری مالیكیش لەكۆبوونەوەكە بوو.
تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە سەردانەكەیان بۆ بەغدا بۆ لای هیچ لایەنێك نەبووە، نەك بۆ لای نوری مالیكی، لەبنەڕەتدا سەردانەكەمان بۆ پیرۆزبایكردن لەسەرۆك كۆمار بووەو لەپەراوێزیشیدا ئەو كۆبوونەوەو چاوپێكەوتنانەمان كردوە.
لەبارەی ئەوەشی كە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، لەكاتێكدا وەفدی یەكێتیش سەردانی بەغدایكردوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی رایگەیاند: سەبارەت بەوەفدی حزبی، ئێمە لەحكومەتی هەرێمداین، پێنج حزبە كوردستانیەكەش كە لەپەرلەمانی عیراقدا نوێنەرمان هەیە دانیشتوین، نەخشە رێگایەكمان داناوە، بڕیارمانداوە، وەزارەتەكانمان دابەشكردوە، وەزیرەكانمان بۆ بەغدا ناردوە، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كوت و مت پابەندین بەو بڕیارانەی كە لەكۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەدا دراوە،بەڵام سەبارەت بەسەردانی حزبی، نە ئێمە رێگەمان لەهیچ لایەك گرتوە بچێت بۆ بەغدا، نە هیچ لایەكیش دەتوانێت رێگە لەئێمە بگرێت، كەس بیر لەوە نەكاتەوە رێگە لەئێمە بگرێت حەرەكی سیاسی خۆمان بكەین لەكوردستان، لەدنیا.
تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە پێشتریش رامانگەیاندوە هەرچیمان پێبكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا درێغی ناكەین،لەپاڵ ئەمەدا ئێمە بچین گفتوگۆ لەگەڵ هەر حزبێك، یان هەر كەسایەتیەكدا بكەین بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی بڕیارەكانی پێنج قۆڵییەكە بكەین بێگومان درێغی ناكەین.
سەبارەت بە پرسی پارێزگاری سلێمانی، مەلا بەختیار، جەختیكردەوە: هێشتا لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆداین و، سێ پێشنیازیشمان داوەتە گۆڕان،كە بریتین لە:1. پارێزگارێكی بێلایەن.2.دوو ساڵی یەكەم بۆ گۆڕان بێت،بەڵام كاندیدەكەیان بگۆڕن.3. دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی بێتو دواتر گۆڕان سەرپشك بێت لە كاندیدەكەی.
راشیگەیاند: یەكێتی لەسەر ئەو سێ پێشنیازە گفتوگۆ دەكات.
هاوكات، رەتیشیكردەوە، پۆستەكانی پارێزگاری هەڵەبجەو سكرتێری پەرلەمانیان بەستبێتەوە بە پارێزگاری سلێمانییەوەو، رایگەیاند:هیچكام لەو پۆستانەمان نەبەستووەتەوە پێكەوەو ئەوانە كەیسی سەربەخۆن.