پارتی : بۆ هەموارکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی چاوەڕوانی یەکێتین
نوچەنێت – هەولێر:
ئهندامی مهکتهبی سیاسیی پارتی، ئاشكرای دەكات،پارتی و یەکێتی خەریکی پرۆژەی پێشنیازکراوی خۆیانن بۆ چۆنیەتیی هەموارکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوانیاندا هەیە، دەشڵێت، وەک پارتی پێشنیازەکانی خۆمان بۆ چۆنیەتی هەموارکردنەوەکە ئامادە کردووە و چاوەڕوانی یەکێتین و دەبێت خروقاتەكان بۆسەر یەكتر كۆتایی پێ بێت.
ڕۆژی 12-10-2014 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بوونەوە کە بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی پارتی(نێچیرڤان بارزانی) و بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی (مەلابەختیار) بوو. هەردوو لا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حیزب و كێشەكانی هەولێر و بەغدا كردووە.
هاوکات ڕایانگەیاند کە”بڕیار دراوە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا پێك بهێنرێت، لیژنەكەی پارتی (نێچیرڤان بارزانی) سەرپەرشتی دەكات و لە لایەنی یەكێتییش (مەلابەختیار) سەرپەرشتی دەكات“.
مهحموود محهممهد،ئهندامی مهکتهبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بەسایتی فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە”لە دواکۆبوونەوەماندا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو بڕیارانەی کە دران ئەوە بوو هەردوولا پرۆژەی پێشنیازکراوی خۆمان، بۆ چۆنیەتیی هەموارکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوانماندا هەیە ئامادە بکەین، دوای ئەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت“.
پەیوەست بە ئامادەکردنی دید و پێشنیازەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر هەموارکردنی ڕێککەوتنەکە، مەحموود محەممەد ئاشكرای دەكات”هەردوولا خەریکی ئامادەکرنی ئەو بابەتەن، ئێمە وەک پارتی دید و پێشنیازەکانی خۆمان بۆ چۆنیەتی هەموارکردنەکە ئامادە کردووە و چاوەڕوانی ئەوەین کە برادەرانی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانیان تەواو بن،چونکە ئەوان پێویستیان بەوە هەبوو کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بکەن، دوای ئەوە بڕیار بدەن کە چۆن لەگەڵ هەموو بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەدا بن کە لەنێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا هەیە“.
مەحموود محەممەد كەهاوکات بهرپرسی دهستگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، جەخت لەوەشدەكاتەوە”ئەو خروقاتانەی لە مێدیاکاندا دەکرێن، دەبێت کۆتایی بێت و، بۆ یەکگوتاریی هەوڵ بدەین، چونکە یەکێک لە خاڵەکانی نێو کۆبوونەوەکانی هەردوو مەکتەبی سیاسی، باس لەوە کراوە کە هەردوو لامان بۆ یەکگوتاریمان ڕێک بخەینەوە، کە پێوەستن بە پرسە گرینگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و، ئەو مەسەلە گرینگانەی پەیوەندییان بە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی و خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەو بابەتانەی کە بڵاو دەکرێنەوە، کاری خراپن و هیواخوازین کۆنترۆڵ بکرێن، بە شێوەیەک لە خزمەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی لێکنزیکبوونەوە و درووستکردنی دۆخێکی لەبار بێت بۆ ناو ماڵی کوردستانی“.
مەحمود محەممەد، ئاشكراشی دەكات”یەکێک لە خاڵەکان پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە بۆ سەرپەرشتیکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە،هەروەها ئەمە شۆڕ بکرێتەوە بۆ لق و مەڵبەندەکان و لە وێشەوە بۆ قاعیدەی هەردوو حیزب کە پێیەوە پابەند بن، بەڵام هێشتا ئەم رێککەوتنەی دوایی ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە نووسراوی پێ بکرێت بۆ لق و مەڵبەندەکان“.
دەربارەی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتیش ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی”ئێمە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانین“.