“لە هەولێر پەكەكە و یەكێتی خۆپیشاندانەکەیان بەحزبی کرد”
نوچەنێت – تایبەت
لە درێژی گردبونەوەو ناڕەزایەتی بۆ كۆبانێ، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆمەڵێك حیزبی هەر چوارپارچەی كوردستان بەبەشداری ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و چالاكوان و خەڵكی رۆشنبیر و هاوڵاتیان هەستان بەئەنجامدانی خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی لەكۆبانێ. تا رای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان رابگەیەنن.
بەشداربوانی گردبونەوەكە باسیان لەوەدەكرد ئامانجی هاتنیان بۆ پشگری كردن بووە لەخۆڕاگری و بەرخودانی كۆبانی. و داواشیان دەكرد حیزب و خەڵكی كوردستان یەك گوتاری و یەك پارچەیی بپارێزن، نەك حیزبایەتی.
هەر لەو گردبونەوەیەدا پەیامی حیزبە كوردستانییەكان خوێندرایە و پێشكەش بە كۆكەڵگەی نێودەوڵتی كرا، لە بەشێكی ئەو پەیامەدا هاتبوو: بەبایەخەوە پێشوازی لە رێكەوتننامەی دەهۆك دەكەین لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا.
هەروەها لایەنە سیاسیەكان بەناوی هەموو خەڵكی هەر چوارپارچەی كوردستان، داوایان كرد، بەزوترین كات عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری دەستگیركراوی پەكەكە، لەلایەن توركیاوە ئازاد بكرێت و بێتە ناوخەڵكەكەی خۆی.
ئەوەی لە گردبونەوەكە تێبینی دەكرا بەحیزبی كردنی گردبونەوەكە بوو لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی پەكەكە و یەكێتی كە وێنەی تاڵەبانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاڵای یەكێتی پەكەكە زۆر بەچری بەرزگرابونەوەو ئەمەش نیگەرانی لایەنە سیاسییەكانی لێكەوتبۆوەو داوایان دەكرد ئەو كارە نەكەن.
لە خۆپێشاندانەکەدا چەند وێنەیەکی بارزانی و ئاڵای پارتیش دەبینرا، بەرپرسێکی پارتی بۆ نوچەنێت وتی”ڤیدیۆکان هەن، هەموو کەس دەتوانی بیبینێ، سەرەتا پەکەکەو یەکێتی خۆپیشاندانەکەیان بەحزبی کرد، دواتر چەند کادرێکی ئێمەش وەک وەڵام بەرێژەیەکی زۆر کەم کە شایەن بەباسکردن نەبێ، ئاڵای حزبیان هێنایە ناو خۆپیشدانەکە”.