فازڵ میرانی : دەبێت سوپایەکی نیشتیمانی لەهەموو پێهاتەکانی عێراق دابمەزرێ و لەژێر سەرکردایەتییەکی ئەمیندابێ
نوچەنێت:
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، رایدەگەیەنێت پێشمەرگە هێزێکی رزگارکەرە، داواش لە لایەنە پەیوەنددارەکانی عێراق دەکات هێزێکی نیشتیمانی دروست بکەن کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت، ئەو کات پێشمەرگەش هاوکارییان دەکات، دەشڵێت”بەرپرسارەتیی گەورە لە حکوومەتی نوێ چاوەڕوان دەکرێن، دابینکردنی ئاساییش و خۆراک بۆ گەلی عێراق”.
فازڵ میرانی،سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان،لە میحوەری زوممارەوە و لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی ئەلعێراقییەی نیمچە فەرمی، ایدەگەێنێت” سەرباری ناوچە کوردستانییەکان، ڕزگارکردنی کۆی ناوچەکانی عێراق، بە واتایەکی دی پاککردنەوەی کۆی عێڕاق ئەرکی هەمووانە، ئازادکردنی بەنداوی مووسڵ، زوممار و ڕەبیعەیش دەکرێ وەک دەستپێکی ڕزگارکردنی کۆی ناوچەکانی دی لێی بڕوانرێ”.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت”پێشـمەرگە، بەپلانی تۆکمە و باش، بە باوەڕی پتەوەوە، ناوچەگەلێكی پاک کردنەوە تا گەییشتووەتە مەفرەقی مفری، کە هێڵی ستراتیژیی نێوان مووسڵ و سووریایە و ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئازادکردنی عێراقە لە تیرۆریستان”.
میرانی،هیوایشی خواست، هەموو عێراقییەکان یەکدەست و پێکڕا دژ بە تیرۆریستانی داعش بوەستنەوە”ڕێگای پاککردنەوەی عێراق لە تیرۆریستان دەبێ لە بنیاتنانەوەی سوپای نیشتیمانی بێ، سوپایەک کە ئینتیمای بۆ ئەو نەتەوە و ئەوی دی نەبێ، ئینتیمای بۆ ئەو تاییفە و ئەوی دی نەبێ، لایەنگری ئەم حیزب و ئەو حیزب نەبێ، بەڵکو سوپای نیشتیمانی عیراق بێ و تێیدا کورد، شیعە و سوننەی عەرەب، تورکمان و ئاشووری کلدان، موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدی و کۆی پێکهاتەکانی دیکەی گەلی عێراق لەخۆ بگرێ و لەژێر سەرکردایەتییەکی ئەمین و ئەزمووندار دابێ”.
داواش دەکات”هێزە چەکدارەکانی شیعە و سوننە لەژێر سەرکردایەتیی ئەرکان یان وەزارەتی بەرگری کۆبکرێنەوە، تا گەلی چەکدار و سوپا وێکڕا لە یەک سەنگەری دژ بە تیرۆردا بن، بەمەیش پێشمەرگە و هێزی چەکداری گەلی کوردستان پشتیوان و پشتگیریی دەکەن، ئەوکات عێراق بەگەلەکەیەوە، یەکگرتوو و ساز و ئامادە دەبێ”.
بەبڕوای میرانی ”عێراق پێویستی بە هێزی چەکداری پیادەی عەرەبی و بیانی نییە، ئەگەر بێت و سوپای نیشتیمانی بنیات بنرێتەوە و ئاستی بەرز بکرێتەوە، هەروەها پردی نێوان هێزە چەکدارەکانی گەل و هێزە چەکدارە حکوومییەکانی شیعە و سوننە و کورد، بنیات بنرێتەوە و ئەو هێزانە یەک بخرێنەوە”.
دەشڵێت”بەرپرسارەتیی گەورە لە حکوومەتی نوێ چاوەڕوان دەکرێن، دابینکردنی ئاساییش و خۆراک بۆ گەلی عێراق، لە کارە لەپێشینەکانی ئەو حکوومەتەن”.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕووی ڕەخنەیشی لە هێندێکی پەرلەمانتارانی عێراقی کرد و ڕایگەیاند” گوێمان لە هەندێ پەرلەمانتار بووە کە گوایە هەندێ ناوچەی عەرەبیمان داگیر کردوون، بەڵام دەڵێین بە پێچەوانەوە ئێمە هێزێکی ڕزگارکەرین.. داوایش لە حکوومەتی بەغدا دەکەین بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوە بێن. هاوکات پێداویستی و کۆمەک بدەن بە پێشمەرگە”.
میرانی جەختیشی کردەوە کە”پێشمەرگە خواستی گێڕانەوەی سەقامگیریی تەواوی بۆ کۆی عێراقییەکان هەیە، گوتیشی “ئاساییش بە لای ئێمەوە بۆ عێراقییەکان لە هەر شتێکی دی گرینگترە”.