کۆمەڵێ ئیسلامی: بەهۆی ترسەوە پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەکلایی ناکەینەوە
نوچەنێت – تایبەت
دوای ئەوەی پارتی راگەیاند دەنگ بەکاندیدی بزوتنەوەی گۆران دەدات بۆ پارێزگاری سلێمانی، دەنگی دوو لایەنە ئیسلامییەکە توانای یەکلاکردنەوەی پرسی پارێزگاری سلێمانی هەیە، بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ ئاشكرای دەكات ترسیان هەیە لەیەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی بەدەنگدان بەبزوتنەوەی گۆڕان، دەشڵێت، ئەمیری كۆمەڵ پڕۆژەی هەبوەو لەكۆبونەوەی پێنج قۆڵی باسی كردوە، بەڵام لایەنەكان وتویانە كاتی نیەو لەسەر داوای ئەوان یەكلاكردنەوەی پارێزگاری سلێمانی دواخراوە.
چەند مانگێک بهسهر ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكانی ههرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، دواى 9 دانیشتنی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی رێكنەكەوتنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگار، تا ئێستاش حكومهتی خۆجێیی سلێمانی پێكنههێنراوه، دانیشتنی ژماره 10ی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانيش بۆ 11ی مانگی داهاتوو دواخرا.
دوای بێهوابوونی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەیەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئەو پرسە خرایە بەردەستی سەرکردەی پێنج لایەنە سیاسییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی، بەڵام دوای ئەوەش سەرکردەکانی پێنج لایەنە کۆبونەوەو ئامادەنەبوون قسە لەسەر ئەو پرسە بکەن. هەر بۆ چارەسەکردنی ئەو پرسە عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردسان، پرۆژەیەکی ئامادەکردبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەڵام وەک، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، کاتێک لەکۆبونەوەی پێنج لایەنەکەدا ویستویەتی باسی بکات، پێی وتراوە کاتی نییە.
نازم عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت “بۆ دەرچون لەقەیرانی ئەنجومەنی پارێزگاری سلێمانی و دیاری كردنی پارێزگار كەماوەیەكی زۆرە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، پێشتر وەكو كۆمەڵی ئیسلامی و دواتریش وەكو لیستی خزمەت، هەوڵمان داوە كە ئەو دۆخە ئەوەندە نەخاێنێت، بۆ هەمان مەبەستیش مامۆستا عەلی باپیر پێشنیارێكی كرد كە كۆبونەوەیەكی پێنج قؤڵی ببەسترێت بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە، بەڵام دوای ئەوەی كە پێكهێنانی حكومەتی بەغدا هاتە پێشەوە، كۆبونەوەیەكی پێنج قۆڵی پێنج لایەنەكە كرا، سەبارەت بەدیاری كردنی بەشداری كردنی كورد و وەزیرەكانی، لەو كۆبونەوەیە مامۆستا عەلی باپیر باسی كردبوو كە چۆن كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چارەسەر بكەن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان بێدەنگ بوون و پێیان باش بوو ئەمە دوابكەوێت و وەختی نییە، بۆیە ئەو بابەتە لەسەر داوای لایەنەكان دواخراوە،بەڵام تائێستا پڕۆژەكە هەر لە ئارادایە”.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بێ ئاگای خۆشی لەوە دەربڕی، كە هیچ ئاسۆیەك هەبێت بۆ دەست پێكردنەوەی كۆبونەوەكان و رایگەیاند”من هیچ شتێكی تازە نابینم، راستە لیستی خزمەت موبادەرەی هەبووە، بەڵام خۆ موبادەرە بەیەك لایەن ناكرێت، دەبێت بەرامبەریش رازی بێت و ئامادەیی هەبێت، ئێمە ئەو ئامادەیە لەلایەنە پەیوەندی دارەكان نابینین”.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەزاری بەرپرسێکی خۆیەوە لەسلێمانی ئەوەی ئاشکراکرد، کە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، دەنگ بە کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان دەدات، بۆ پارێزگاری سلێمانی، بەڵام تا ئێستا دوو لایەنە ئیسلامییەکە خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە، نازم عەبدوڵڵا لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات، کە بەهۆی ترسەوە نەیانتوانیوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە، و دەڵێت”دیارە وایان پێ باش بوە لەبەر دۆخی ئەمنی و لایەنی دەسەڵاتدار بە پلەی یەكەم. دەترساین لەوەی ئەگەر بەدەنگدان یەكلای بكەنەوە، دواتر پرسەکە بەئاقارێكی خراپتردا بڕوات، بۆیە خۆمان یەکلایی نەکردۆتەوە”
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، رەتیدەکاتەوە کە هۆکاری دەنگنەدانی ئیسلامییەکان، بە کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ پارێزگاری سلێمانی، تۆڵە کردنەوە بێت لەوەی بزوتنەوەی گۆران بەبێ ئەوان رێککەوتنی لەگەڵ پارتیداکردبێت و رایدەگەیەنێت”ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، هیچ حەساسیەتێكمان لەگەڵ گۆڕان نییە و تۆڵەش ناكەینەوەو پاشكۆی هیچ كەسیش نین، ئیسلامییەكان پێیان باش بووە ئەم دۆخە بەرەو خراپتر نەچێت، بۆیە تەحەفوزمان هەبووە نەمانتوانیوە بێ مەرج دەنگ بدەین بە گۆڕان، دەنا ئێمە و گۆڕان خاڵی هاوبەشمان زۆرەو تەفاهوم و پڕۆژەی چاكیشمان پێكەوە هەیە”.