دوای کێشەی سەرکردە ناڕازییەکان، کێشەیەکی تر لەناو بزوتنەوەی گۆڕان لە تەقینەوەیەدایە
نوچەنێت
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، بەهۆی ئەوەی هیچ رۆڵێکیان پێ نەدراوە، نیگەرانی و ناڕەزایی گەورە لەنێوان پەڕلەمانتارانی خولی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان و حزبەکەیاندا سەریهەڵداوە، پەڕلەمانتارێکیش رایدەگەیەنێت، ئەو حزبە” نایەوێ هیچ ئەندام و بەرپرسێکی ببێتە وەجهێکی دیار لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، نەوەک هەمان ئەزموونی رابردووی خۆیان دووبارە بکەنەوە”.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان بەنوچەنێتی راگەیاند” جگە لەکێشەی ئەو سەرکردەو کادرە ناڕازیانەی کە ئێستا لەگفتوگۆدان بۆ چارەکردنی کێشەکانیان لەگەڵ رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە، کێشەیەکی تریش ئێستا لەتەقینەوەدایە، ئەویش کێشەی پەڕلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لەخولی پێشووی پەڕلەمانی کوردستانە، لەگەڵ بەرپرسانی بڕیار بەدەستی بزوتنەوەکە”.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەش ئاشکرا دەکات” پەڕلەمانتارانی خولی پێشوو، لەدوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانەوە، لەناو بزوتنەوەکە هیچ رۆڵێکیان پێ نادرێ، تەنانەت وەکو کادرێکی ئاساییش مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، کاتێک دێنە مەمکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک میوانێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانیش بەمە نیگەرانن و بە پیادەکردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی دەزانن، بەڵام بڕیارە لەناو خۆیان پێکەوە کۆ ببنەوە، نامەیەکی ناڕەزایی بۆ رێکخەری گشتی بنوسن و وادەیەک بۆ وەرگرتنی وەڵام دیاری بکەن، ئەگەر نەبوو، هەڵوێستی ئاشکرای خۆیان بۆ رای گشتی بخەنەڕوو”.
پەڕلەمانتارێکی خولی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان، لەبزوتنەوەی گۆڕان، “بەهۆی ئەوەی ئیستا لەگەڵ هاوڕێکانم لەقسەکردنداین لەو بارەوە” نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت، هەموو ئەو زانیاریانە پشت راستدەکاتەوەو لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت دەڵێت” سەکردە بڕیار بەدەستەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش، هەمان ئەو سەرکردانەن، کە لەحزبێکی کوردییەوە جیابونەتەوە، بۆیە بەهەمان عەقڵیش بیردەکەنەوە، ئەوان لەگرنگیدانی حزبێک بەخۆیان سو ئیسفادەیان کرد، ئێستا دەترسن، ئەگەر سیاسییەک لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەربکەوێت و دەربکەوێت، هەمان ئەزموونی ئەوان لەدژی خۆیان دووبارە بکاتەوە، بۆیە رێگا نادەن، هیچ سیاسییەک وەک ئەستێرە لەناویاندا دەربکەوێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش کە بڕیارەکانی لای ئەوانە، نایەوێ هیچ ئەندام و بەرپرسێکی ببێتە وەجهێکی دیار لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، بەڵام سەهون، چونکە رێگا زۆرە بۆ بەئەستێرەبوونی سیاسی، ئەگەر خەڵک بیەوێ”.
ئەو پەڕلەمانتارە نەیویست قسەی زیاتر لەسەر ناڕەزاییەکانی پەڕلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان بکات، چونکە بەڕای ئەو” زۆری نەماوە، ورد و درشتی کێشەکانمان بدەین بەگوێی رای گشتیدا” وتیشی” بۆ زانیاریتان ئەوە تەنها پەڕلەمانتارانی کوردستانی بزوتنەوەی گۆڕان نین، بەڵکو پەڕلەمانتارانی بەغداش ناڕازین لەو سیاسەتەو هاو هەڵوێست دەبن، لەهەر هەڵوێستێک”.
هەر لەو بارەیەوە، کوێستان محەمەد، کەیەکێک لەپەڕلەمانتارانی خولی پێشووی پەڕلەمانی کوردستانە، لەبزوتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە کێشەو ناڕەزایی پەڕلەمانتارە هاوڕێکانی، بەڵام ئەوەی پشتراستکردەوە کە پەڕلەمانتارانی خولی پێشوو داوایانکردووە، کاریان پێ بسپێردرێت و ” هه موومان چاوه رێين كارمان پێبسپێرن، هه ر كاريك بێت، داواى پله و پۆست ناكەين تەنها دەمانەوێ خزمه تى زیاتری ميللەتەكەمان بکەین”.
کوێستان محەمەد ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە “بڕیارە دوای رێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەم مانگەدا، کارمان پێ بسپێردرێت”.