بارزانی، لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەیامێك رادەگەیەنێت: هەرکات پێویستی کرد هێزی زیاتر دەنێرین

0

بارزانی، لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەیامێك رادەگەیەنێت: هەرکات پێویستی کرد هێزی زیاتر دەنێرین
barzanyy
نوچەنێت – هەولێر
مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، لەبارەی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رایدەگەنێت، تورکیا ئاسانکاریی دەکات بۆ چونی پێشمەرگەو ئەمریکاش پشتیوانی دەکات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو هێزەی ئێستا بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوتووە تەنها هێزێكی پاڵپشتی و دابینكردنی ئاگرە. هەر كاتێكیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بكات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بكرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی كۆبانێ و تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەكەین.

مسعود بارزانی،سەرۆكی كوردستان، لە پەیامێكدا لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، كە سایتی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم بڵاوی كردوتەوە،رایدەگەێنێت”جێگەی شانازییە ئێستا گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان قارەمانانە بەرگری لەخۆی دەكات و تیرۆریستانیان تووشی شكست و داڕمان كردووە. لەو كاتەی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە كەوتە بەر هێرش، یارمەتیدان و گەیاندنی هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان ئەركێكی نەتەوەیی بوو”.

بارزانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا جەخت لەوەشدەكاتەوە كە”چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانێ بە بێ ڕەزامەندی توركیا و هاوكاریی ئەوان و ئەمەریكا مومكین نەبوو”.

سەرۆكی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو” ئەو هێزەی ئێستا بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوتووە تەنها هێزێكی پاڵپشتی و دابینكردنی ئاگرە. داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هیوادارم بتوانن هاوكارییەكی باشی خوشك و براكانیان بكەن. هەر كاتێكیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بكات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بكرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی كۆبانێ و تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەكەین”.

ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامەكەیە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو دڕندەیی و بێڕەحمییەی تیرۆریستان لەبەرانبەر گەلی كوردیان ئەنجام دا زۆر بەڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش تەنیا لەڕووی ئایینیەوە توندڕۆ نین بەڵكو زۆریان هەڵگری هەردوو توندڕۆیی ئایینی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیین. هەر بۆیەشە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانیان كردە ئامانج و پەلاماری گەلی كوردییان دا.

جێگەی شانازییە ئێستا گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان قارەمانانە بەرگری لەخۆی دەكات و تیرۆریستانیان تووشی شكست و داڕمان كردووە. لەو كاتەی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە كەوتە بەر هێرش، یارمەتیدان و گەیاندنی هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان ئەركێكی نەتەوەیی بوو. بەڵام بەهۆی دووریی جیۆگرافی و ئابڵۆقەدانی كۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە گەیاندنی هاوكاری بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زۆر ئەستەم بوو. بۆیە هەموو هەوڵێكمان دا لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە هەوڵ بدەن كۆبانێ نەكەوێتە دەست تیرۆریستان.

بەدەنگەوە هاتنی هاوپەیمانان و وەشاندنی گورزی ئاسمانی و هەروەها گەیاندنی هاوكارییە سەربازییەكانی هەرێم لە لایەن فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە، هەنگاوێكی كاریگەر بوو و جێگەی سوپاس و پێزانینە و یارمەتیی شەڕڤانانی كۆبانێی دا كە هێرشی داعش بشكێنن.

چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانێ بە بێ ڕەزامەندی توركیا و هاوكاریی ئەوان و ئەمەریكا مومكین نەبوو. بەڕێز جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندم كە لەگەڵ توركیا خەریكن ڕێك بكەون بۆ ناردنی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیا. دوای چەندین كۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵیی نێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیا و هەرێم، بە ڕەسمی ئاگادار كراین كە توركیا ڕەزامەندە و ئاسانكاری دەكات بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە و ئەمەریكایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی. ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باسكرا و داوا لە پارلەمانی كوردستان كرا ڕێگە بدات هێز بنێرین و پارلەمانیش ڕەزامەندی لەسەر دا. چونكە بەپێی یاسا ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم ڕەزامەندیی پارلەمانی كوردستانی پێویستە.

هەروەها پەیوەندیمان بە سەركردایەتیی پەیەدە كرد كە ئامادەین هێزێكی زۆری پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین. ئەوان لە وەڵامدا گوتیان پێویستیمان بە هێزی شەڕكەری پێشمەرگە نییە بەڵكو پێویستیمان بە هێزێكی پشتیوانییە. بۆیە لەسەر داوای ئەوان بڕیار درا هێزێكی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین.
ئەو هێزەی ئێستا بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوتووە تەنها هێزێكی پاڵپشتی و دابینكردنی ئاگرە. داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هیوادارم بتوانن هاوكارییەكی باشی خوشك و براكانیان بكەن. هەر كاتێكیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بكات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بكرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی كۆبانێ و تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەكەین.

بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان شانازییەكی مەزنە بتوانن لە هەر كوێ یارمەتیی شارێك یان گوندێك یان تاكێكی كوردستان بدەن. شانازیشە لە جیاتی مرۆڤایەتی شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بكەن.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
30ـی 10ـی 2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com