دوای پرسی نەوت و فرۆکەخانەو خاڵە سنورییەکان، حکومەتی عێراق هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی خوێندن دەدات لەکوردستان

نوچەنێت – تایبەت
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست نوچەنێت کەوتووە، حکومەتی عێراق لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی خوێندنی کوردستاندایە، تا ئێستا دان بەبڕوانامەی ئەو زانکۆ ئەهلییانەدا نانێت کەحکومەتی کوردستان مۆڵەتی پێداون، پێی وایە، دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر زانکۆکان بکرێت، پەڕلەمانتارێکی کوردیش لەبەغدا دەڵێت، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا بچێتە بەغدا و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان تەنها بە پرسی نەوت و فرۆکەخانەو خاڵە سنورییەکان نەوەستاوە، بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، بەغدا لەهەوڵی ئەوەدایە، کۆنترۆڵی تەواو لەسەر پرۆسەی پەروەردەو خوێندنیش لەکوردستان دابنێت، لەو پێناوەشدا ئامادەنییە دان بەبڕوانامەی ئەو زانکۆ ئەهلیانەدا بنێ، کە لەرێی حکومەتی کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوەو لەکوردستان دامەزراون. پێی وایە دەبێت ئەو زانکۆیانەی دێنە عێراق بەکوردستانیشەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقەوە ڕێگە پێدراوبن، ئەگەرنا دان بەبڕوانامەکانیاندا نانێرین، بۆ رێکخستنی کاروباری زانکۆ ئەهلییەکانی عێراقیش دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای زانکۆ ئەهلییەکان كرد.
لەوبارەیەوە دکتۆر ئهردهڵان نورەددین مەحمود، ئهندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت”پڕۆژە یاسایەك هەبوو لەكۆبونەوەی دوێنێ كەتایبەت بوو بە زانكۆ ئەهلییەكان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، بەڵام هێشتا ماوەو داوای گۆڕانكاریمان كردوە لە پڕۆژە یاساكە”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت ئەو پەڕلەمانتارەی پارتی دەڵێت”پڕۆژە یاساكە جیاوازی ناكات لە نێوان زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هیچ جیاوازێكی وامان نەبینیوە”.
ناوبراو ئەوەش رەتدەکاتەوە کە بەغدا ئامادەنییە دان بنێ، بە بڕوانامەی زانکۆ ئەهلییەکانی کوردستان و ئەو زانیاریانە بەناڕاست دەزانێت، بەڵام دەشڵێت”هەر زانكۆیەكی ئەهلی بۆ ئەوەی پەسند بكرێت، پێویستە ئەو زانكۆیە لە بەغدا دانی پێدا بنرێت”.
ئەگەرچی ئەو پەڕلەمانتارەی کورد زانیارییەکان بەناڕاست دەزانێت، بەڵام ناراستەوخۆ ئەوە دەخاتەڕوو کە کێشەیەک لەو بارەوەیەوە هەیە، و دەڵێت”زانكۆ ئەهلییەكانی كوردستا بەبڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی كوردستان دامەزراون، بۆ ئەوەی پەسندبكێن لەحكومەتی عێراقی و بڕوانامەكانیان دان پێدانراو بێت پێویستە ئەو بەشەی تایبەتە بەزانكۆ ئەهلییەكان لەناو وەزارەتی خوێندنی باڵا، بچێتە بەغدا و ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن”.
د. نورەددین راشیگەیاند”پێویستە ئەو قوتابیانەی دەچنە زانكۆ ئەهلییەكان لەدروستی بڕوانامەكان دڵنیابن و زانكۆكان بەو ئەركە هەستن بۆ ئەوەی چارەنوسی قوتابیان نەفەوتێت”
ئەو پەرلەمانتارە زانیاری زایاتری بۆ نوچەنێت دركاند و وتی”زۆر زانكۆی ئەهلی لە عێراق هەیە،بەڵام لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە دانیان پێدا نانرێت و نەنراوە”.