وەزارەتی خوێندنی باڵا هێلكە و تەماتە باران كرا
“ناچینە ژێر گوشاری هيچ گروپێك كە بیانەوێت بەشێوەیەكی نامەدەنیانە داواكاریەكانیان بسەپێنن “
نوچەنێت – هەولێر
ژمارەیەك قوتابی لەخۆپیشاندانێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا تەماتە و هێڵكە و بەرد باران دەکەن، وەزارەتی خوێندنی باڵاش، ئەو کارەی ئەوان بەکارێکی نامادەنی ناو دەبات و رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر گوشاری هەر لایەك یان گروپێك، كە بیەوێ بەشێوەیەكی نامەدەنیانە داواكاریەكانیان بسەپێنن”
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە ئەمرۆ بڵاوی كردوەتەوە و وێنەیەكی بۆ سایتی(نوچەنێت)نێراوە ئاشكرای دەكات” دوێنێ دووشەممە، ڕێكەوتی 27/10/2014 ژمارەیەك قوتابی لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوەیەكیان ڕێكخست، كە دوو داواكاریان هەبوو، یەكەمیان سەبارەت بە وانەی پەڕینەوە ( عبور) بوو, كە داوایان دەكرد وانەی پەڕێنەوە لەیەك وانە بۆ دوو وانەی ساڵانە زیاد بكڕی، لەهەمان كاتدا ئەوان ناڕەزاییان هەبوو سەبارەت بەدەنگۆی بەرزكردنەوەی نرخی كرێی خوێندن لە زانكۆ تایبەتەكان”.
وەزارەتی ناوبراو لەراگەیەنراوەكەی ئەوەشی راگەیاندوە” سەبارەت بە زیادكردنی نرخی كرێی خوێندن بە هیچ شێوەیەك لە هیچ زانكۆیەك نرخ زیاد نەكراوە هەر چەندە زانكۆ تایبەتەكان پێشنیازیان كردبوو. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەو قوتابیانە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەت بكەن, تەماتە و هێڵكە و بەرد بارانی وەزارەتیان كرد, لە ئەنجام دا زەرەروو زیانیان بە باڵەخانەی وەزارەت گەیاند”.
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختیشی لەوەشكردوەتەوە” وەزارەت بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر گوشاری هەر لایەك یان گروپێك, كە بیەوێ بەشێوەیەكی نامەدەنیانە داواكاریەكانیان بسەپێنن”.
دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەت بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر گوشاری هەر لایەك یان گروپێك, كە بیەوێ بەشێوەیەكی نامەدەنیانە داواكاریەكانیان بسەپێنن
دوێنێ دووشەممە، ڕێكەوتی 27/10/2014 ژمارەیەك قوتابی لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوەیەكیان ڕێكخست، كە دوو داواكاریان هەبوو، یەكەمیان سەبارەت بە وانەی پەڕینەوە ( عبور) بوو, كە داوایان دەكرد وانەی پەڕێنەوە لەیەك وانە بۆ دوو وانەی ساڵانە زیاد بكڕی، لەهەمان كاتدا ئەوان ناڕەزاییان هەبوو سەبارەت بەدەنگۆی بەرزكردنەوەی نرخی كرێی خوێندن لە زانكۆ تایبەتەكان.
لە بەرامبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت كە ڕەزامەندی لەسەر زیادكردنی وانەی پەڕێنەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزارەتە, ئەو داوایەش لەمەوپێش خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزارەت, كە پێكهاتوە لەسەرۆكی هەموو زانكۆكانی كوردستان، بەڵام بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە.
سەبارەت بە زیادكردنی نرخی كرێی خوێندن بە هیچ شێوەیەك لە هیچ زانكۆیەك نرخ زیاد نەكراوە هەر چەندە زانكۆ تایبەتەكان پێشنیازیان كردبوو.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەو قوتابیانە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەت بكەن, تەماتە و هێڵكە و بەرد بارانی وەزارەتیان كرد, لە ئەنجام دا زەرەروو زیانیان بە باڵەخانەی وەزارەت گەیاند.
وەزارەتی خوێندنی باڵا نیگەرانی خۆی لەو كارە ڕادەگەیەنێت كە لەو ساتە وەختەدا كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت قوتابیان زەرەرو زیان لە دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەت دەدەن, كە لە دوائەنجام دەزگاو دامەزراوەكانی هاوڵاتیانە و بۆ خزمەتی ئەوانە.
لێپرسراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەزگاو دامەزراوەكانی بەو پەڕی بەرپرسیارێتەوە ڕەچاوی ئەو هەل و مەرجەی كوردستانی كردووە و لە داهاتووش دەیكات و, بەردەوام لە هەوڵی ئاسانكاری دایە بۆ قوتابیان/ خوێندكارانی خۆشەویست، بەڵام لە هەمان كاتیشدا وەزارەت ڕایدەگەیەنێت كە ئەمە یەكەم جار نییە وەزارەتەكەمان بەرد باران دەكرێت، بۆیە ئێستاش ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەك بچێتە ژێر گوشاری هەر لایەك یان گروپێك, كە بیەوێ بەشێوەیەكی نامەدەنیانە داواكاریەكانیان بسەپێنن، بەڵكو وەزارەت تەنها ئەو داواكاریانە بەڕەوا دەزانیت و جێبەجێیان دەكات كە لە بەرژەوەندی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و كوالیتی خوێندن و بەرژەوەندی كۆیی خوێندكاران و قوتابیان دا دابێت.
لە كۆتاییدا هیوادارین لەمەودوا ئەگەر هەر داوكاریەك هەبێت بە شێوەیەكی مەدەنیانە پێشەكەش بە بەرپرسانی وەزارەت بكرێت بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكمان چارەسەری گونجاو بۆ داواكارییەكان بدۆزینەوە.