نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشمه‌رگه بوێرانه شه‌ڕی دژی تیرۆر ده‌كات و مایه‌ی پێزانینی هه‌مووانه
نوچەنێت
لەدیدارێکدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرسامی خۆی بەپێشکەوتنەکانی کوردستان دەردەبڕێت، پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە دەکات، رایدەگەیەنێت، پێشمه‌رگه بوێرانه شه‌ڕی دژی تیرۆر ده‌كات و مایه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانینی هه‌مووانه.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستان”پێشنیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، به‌ڕیز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز “یان ئیلیاسۆن” جێگری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له به‌ڕێزان نیكۆلای میلادینۆف نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌گكرتووه‌كان له عیراق و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی UN پێكهاتبوون، له دیدارێكدا به‌ڕێز ئیلیاسۆن سه‌رسامیی خۆی به پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه، كه هه‌ر له یه‌كه‌م بینینی دیمه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و پێشكه‌وتنانه‌ی دێنه به‌رچاو، سه‌ره‌نجی مرۆڤ ڕاده‌كێشن و مایه‌ی شانازین. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا، كه پێشوازییان له زیاتر له ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر كردووه. پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشی پێشكه‌ش به خانه‌واده و كه‌سوكاری شه‌هیدانی پێشمه‌رگه كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا، پێشمه‌رگه بوێرانه شه‌ڕی دژی تیرۆر ده‌كات كه مایه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانینی هه‌مووانه”.
هەر بەپێی ئەو ماڵپەڕە” تاوتوێكردنی پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر، بارودۆخی كۆبانێ، ناردنی هێزی پشتیوانیی پێشمه‌رگه بۆ شاره‌كه، هه‌وڵدان بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی عیراق له تیرۆرستانی داعش، به‌شێكی دیكه‌ی دیدارەکە بوو، تیایدا جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه كێشه‌كه ته‌نیا به ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی و له ڕێگه‌ی هێزه‌وه چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ڕێكاری سه‌ربازی، ده‌بێ له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و به دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی چاره‌ی سیاسیش، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عیراق بدرێت و پرۆسه‌ی سیاسی به شیویه‌ك بكه‌وێته ڕێ، كه هه‌موو پێكهاته‌كان تیایدا هاوبه‌ش بن و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌مووان بكات”.
ماڵپەرەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە”به‌ڕێز جێگری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا به سه‌ره‌كی و به‌رز نرخاند و به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستانی له حكوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا به گرنگ و كاریگه‌ر له قه‌ڵه‌م دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه هه‌بوونی عیراقێكی ئارام، بۆ هه‌رێمی كوردستانیش پێویسته”.
هەر لەو دیدارەدا “به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له حكوومه‌تی به‌ڕێز عه‌بادی ده‌كات، ده‌خوازێ شانسێكی بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها سوپاسی ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی كرد كه له كاتی پێكهێنانی حكوومه‌تی تازه‌ی عیراقدا، هه‌وڵی لێكنزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدای دا”.
سه‌رۆكی حکومەتی کوردستان، لەبارەی پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر ئەوەی خسەڕوو ” پێشمه‌رگه له هێڵی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدایه، كه شه‌ڕێكی قورسه و له جیاتی هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان، له دژی تیرۆر ده‌جه‌نگێت، دووپاتیشی كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به هاوكاری و یارمه‌تیی زیاتری سه‌ربازی و مرۆییی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه”.