كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەكراوەیی ماوەتەوەو سبەینێش‌ درێژەی دەبێت

0

ینک

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەكراوەیی ماوەتەوەو سبەینێش‌ درێژەی دەبێت

نوچه‌نێت

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەشاری سلێمانی كۆبوویەوەو بەپێ راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەش، مەكتەبی سیاسی لەكۆبونەوەكەدا پرۆسەی سیاسی لەعیراق ‌و هەرێمی كوردستان ‌و بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش، تاووتوێ‌ كردوە.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبونەوەکە، مەكتەبی سیاسی یەکێتی، بەرگری قارەمانانەی شەڕەڤانانی لە كۆبانی، بەرز نرخاند‌و جەختیشی لەوەكردوەتەوە کە یەكێتی بەردەوامدەبێت لە هاوكاریی هەمەلایەنەی بۆ رۆژئاوای كوردستان.

هەر بەپێی راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی، كۆبونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی بەكراوەیی ماوەتەوەو سبەینێ‌ درێژەی دەبێت “وابڕیارە ژمارەیەك پرس ‌و تەوەری تری گرنگ سەبارەت بە پۆستەكانی یەكێتی لەحكومەتی عیراق ‌و كوردستان، سیاسەتی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق ‌و كوردستان، هەروەها شەڕی بەرەنگاری لەكوردستان ‌و كێشەكانی دارایی تاوتوێ‌ بكرێن ‌و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت”.

دەقی راگەیەنراوەكە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2014/10/27 مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ‌و ئامادەبوونی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی ئەنجامدا، لەكۆبونەوەكەدا پرۆسەی سیاسی لەعیراق‌و هەرێمی كوردستان ‌و، بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ‌ كرا.

لەتەوەرەكانی تری كۆبوونەوەكەدا، كە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەدوو دانیشتن بەردەوام بوو، پەیوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و لایەنە سیاسیەكانی تری كوردستان تاووتوێ‌ كراو تەئكید لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كرایەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم حزب‌و لایەنەكانی كوردستان بەیەكگرتوویی ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، لەمبارەیەوە، بڕیاری پێویست دران ‌و لیژنەش بۆ راپەراندنیان پێكهێنراوە.

بارودۆخی بەشەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، مەكتەبی سیاسی بەرگری قارەمانانەی شەڕەڤانانی لە (كۆبانی) بەرز نرخاند‌و جەختیشی لەوەكردەوە یەكێتی  بەردەوام دەبێت لە هاوكاریی هەمەلایەنەی بۆ رۆژئاوای كوردستان.

كۆبونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی بەكراوەیی ماوەتەوەو سبەینێ‌ سێ‌ شەممە 2014/10/28 درێژەی دەبێت ‌و وابڕیارە ژمارەیەك پرس‌و تەوەری تری گرنگ سەبارەت بە پۆستەكانی یەكێتی لەحكومەتی عیراق ‌و كوردستان، سیاسەتی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق‌و كوردستان، هەروەها شەڕی بەرەنگاری لەكوردستان ‌و كێشەكانی دارایی تاوتوێ‌ بكرێن ‌و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)

2014/10/27

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com