زاوایەکی سیاسەتمەداری کۆچکردوو، ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژنامەیەکی پارتی دەداتە دادگا
پارێزه‌ری تایبەتی د. لەتیف رەشید، زاوای سیاسەتمەداری کۆچکردوو، ئیبراهیم ئەحمەد، و راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، رایەگەیاند، داوای یاسایی له‌سه‌ر خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، کە رۆژنامەیەکی سەربەپارتییە، تۆمار ده‌كات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەدوای رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی گرژی راگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی، بەوتارێک هێرشیکردە سەرپارتی و ئەو حزبەی تۆمەتبارکرد، بەوەی قۆرغکاری دەکات لەدەسەڵاتدا و بڕیارە حزبییەکانی بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دەدات، لەوەڵامی ئەو وتارەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژنامەی هەولیری پارتی، هێرشی کردە سەر شاناز و تۆمەتباریکرد بەوەی خاوەنی گروپی مافیایە، رۆژنامەکە ئەوەشی نوسی، کە د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز، ئەو کەسەیە پێشنیاری بڕیرینی بودجەی کوردستانی بە بەمالیکی داوە.
ئه‌مرۆ 27/10/2014 لەوەڵامی ئەو بابەتی رۆژنامەی هەولێر، هۆشیار عه‌بدوڵڵا حسامه‌دین. پارێزه‌ری د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید زاوای سیاسەتمەداری ناودارو کۆچکردو ئیبراهیم ئەحمەد و راوێژكاری تاڵەبانی، له‌باره‌گای مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند”داوای یاسایی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵە راگه‌یاندنانه تۆمار ده‌كرێت، كه تۆمه‌تی ناره‌وا ده‌خه‌نه پاڵ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید، به‌وه‌ی گوایه ده‌ستی هه‌بووه له برینی موچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم”.
پارێزەرەکەی د.لەتیف لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی” ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش چه‌ند ده‌زگایه‌كی نزیك له‌لایه‌نێكی سیاسی له‌كوردستان، هه‌واڵێكی ناراست و ناره‌وایان له‌سه‌ر دوو سه‌ركرده‌ی ( ی.ن.ك) بڵاو كرده‌وه، كه گوایه ئه‌وان داوایان له نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو كردووه، تا مووچه‌و بودجه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنتیان هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه”.
ئەوەشی راگەیاند، کە” رۆژی 23/10 جارێكی دیكه رۆژنامه‌ی هه‌ولێرو سایتی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌كه، وتارێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و راسته‌وخۆ په‌نچه‌ی تاوانی بۆ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید راده‌كێشێت، كه گوایه به‌رێزیان داوایان له مالكی كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی هه‌رێم ببڕێت، دواتر چه‌ند سایت و رۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌مان ئه‌و تۆمه‌ته‌یان له‌رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گواسته‌وه‌و بڵاویان كرده‌وه، بۆیه رایده‌گه‌یه‌نین به‌سیفه‌تی موه‌كیل رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر خاوه‌ن ئیمتیاز‌و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌ولێرو سایتی هه‌ولێر ده‌گرینه‌به‌ر، به‌هه‌مان شێوه‌ش سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگاو راگه‌یاندنانه تۆمار ده‌كه‌ین كه جارێكی تر ئه‌و بوختانه‌یان بڵاوكرده‌وه”.
