ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، کۆتایی بەئاگر بەستی نێوان پارتی و یەکێتی دەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر پارتی

0

anjwmaniئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، کۆتایی بەئاگر بەستی نێوان پارتی و یەکێتی دەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر پارتی

نوچەنێت

لەدوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ نەهێشتنی ساردی و گرژییەکانی نێوانیان، ئەمرۆ ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی هێرش دەکاتەوە سەرپارتی و تۆمەتباری دەکات، بە دەستبەسەرداگرتنی دوو هەلیکۆپتەری عێراق کە بۆ هاوکاری شەنگال دابینکراون، دەڵێت پارتی ئەو فرۆکانە بەناوی حزبەوە بەکاردەهێنێ، هۆشداریش دەداتە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی کە لەمەودوا، بەوردی چاودێری هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی دەکەن، وەک ئاماژەدانیش بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، رایدەگەیەنێت لەمەودوا هەر رێککەوتنێک دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسەند بکرێت.

دوای ماوەیەک گرژی راگەیاندن و لێدوانی سیاسی دژ بەیەک، مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبونەوەو هەردولا رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان، بۆ ئەومەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەشی راگەیاندنیان پێکهێنا، تا کار بکات بۆ نەهێشتنی گرژی راگەیاندن، بەڕای چاودێرانیش ئەو رێککەوتنەی پارتی و یەکێتی وەک شێوەیەک لە ئاگربەستی شەڕی راگەیاندن هەژمار دەکرا، بەڵام زۆر بەسەر ئەو رێککەوتنەدا تێنەپەڕی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەوتارێک ئاگربەستی شکاند و هێرشی کردە سەرپارتی و ئەو حزبەی ناچار بەوەڵامدانەوە کرد، ئەمرۆش ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، بەفەرمی کۆتایی بە ئاگربەستەکە هێناو هێرشی توندنی کردە سەرپارتی.

ماڵپەڕی  ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک  لەبارەی میوانداری ژمارەیەک ژمارەیەک لە نوێنەرو کەسایەتی ئێزدی‌و ئەنجومەنی مەڵبەندی موسڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا پارتی تۆمەتبار دەکات بەدەستبەسەرداگرتنی دوو فرۆکەی عێراقی کە بۆ هاوکاری شەنگال دابینکراوە، و دەڵێت”ئەنجومەنی ناوەندی لە رێی سەرچاوەکانی تایبەت بە خۆیەوە ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەو دوو هەلیکۆپتەرەیە کە لە لایەن عیراقەوە تەرخانکراون بۆ گواستنەوەی کەلوپەل‌و کەرەستەو پێداویستییەکانی سەربازی بۆ چیای شەنگال، بەڵام لە گەڵ ناردن‌و گەیشتنی ئەو هاوکاری‌و پێداویستیانە راستەوخۆ لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێ‌و بە ناوی حزبی‌و بەپێی فۆڕمێکی دیاریکراوەوە دابەشی لایەنگرانی حزبی دەکرێن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هاوکارییانە لە بنەڕەتەوە بەناوی جەماوەرگەلی ئاوارەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی ئەوێ بەڕێ دەکرێن بێ ئەوەی رەچاوی لایەنگیربوونی سیاسی یاخود حزبی بکرێ، بۆیە ئەنجومەنی ناوەندی بە نیگەرانییەوە لەو هەڵوێستە مەیدانییە سیاسییە-حزبییە دەڕوانێ”.

وەک ئاماژەیەک بۆ دواین رێککەوتنی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، بۆ گرژییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە، ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەراگەیەنراوەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە هەر رێککەوتنێکی نێوان یەکێتی‌و هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی، دەبێ دواجار بەپێی ماددەی (٣٩) بڕگەی (٧)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لەناو ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسند بکرێ.

هۆشاداریش دەداتە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی ” لەمەودوا، بە وردی هەڵسەنگاندن لەسەر هەڵوێستەکانی مەکتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) بکات‌و لە کاتی پێویست‌و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەو پێی دراوە لێپێچینەوەی خۆی بکات‌”.

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی

ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ک لە دانیشتنی ژمارە (٦٢)ی ئاسایی خۆیدا کە لە (٢٥/١٠/٢٠١٤) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی بەسترا، مێوانداری ژمارەیەک لە نوێنەرو کەسایەتی ئێزدی‌و ئەنجومەنی مەڵبەندی موسڵی (ی.ن.ک)ی کرد.

دانیشتنەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرج‌و پێشهاتە نوێیەکانی کوردستان‌و ناوچەکە، بە تایبەتی بارودۆخی سنوری موسڵ‌و دەڤەری شەنگال‌و کوبانێ، لەم بارەیەوە ئەنجومەنی ناوەندی کارەساتی جینۆسایدکردنی ئێزدی‌و راونانی مەسیحی‌و شەبەک‌و کاکایی بە وردی گفتوگۆ کردو رایدەگەیەنێ کە:

– دەستخۆشی لە سەرجەم هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گشت بەرەکانی جەنگ‌و هێزەکانی دژە تێرۆر‌و تێکڕای شەڕڤانانی کوبانێ‌و گەلی کوردستان دەکات کە لەجیاتی جیهانی ئازاد، جیهانی مافەکانی مرۆڤ‌و پاراستنی کەرامەتی ئینسانییەوە لە دژی چەتە تێرۆریستەکانی داعش وەستاوەنەتەوەو مێژووێکی پڕشنگدار بۆ مرۆڤایەتی‌و رەوتی رێزگرتنی بەرامبەرو میانڕۆیی تۆمار دەکەن، لەمڕوەشەوە رایدەگەیەنێ کە یەکێتی بە ئەرکی نیشتمانی‌و نەتەوەیی خۆی دەزانێ وەک چۆن هاوکاری سەربازی گەیاندە کوبانێ، لە هەموو کەناڵەکان‌و لە هەر دەرفەتێکی فەراهەمکراو هاوکاری مرۆیی‌و پزیشکی‌و خۆراکی‌و تەنانەت کەرستەی سەربازیش بگەیەنێتە ئەو بەرانەی کە لە دژی داعشە دەستڕەشە تێرۆرستەکان وەستاونەتەوە.

– ئەنجومەنی ناوەندی لە رێی سەرچاوەکانی تایبەت بە خۆیەوە ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەو دوو هەلیکۆپتەرەیە کە لە لایەن عیراقەوە تەرخانکراون بۆ گواستنەوەی کەلوپەل‌و کەرەستەو پێداویستییەکانی سەربازی بۆ چیای شەنگال، بەڵام لە گەڵ ناردن‌و گەیشتنی ئەو هاوکاری‌و پێداویستیانە راستەوخۆ لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێ‌و بە ناوی حزبی‌و بەپێی فۆڕمێکی دیاریکراوەوە دابەشی لایەنگرانی حزبی دەکرێن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هاوکارییانە لە بنەڕەتەوە بەناوی جەماوەرگەلی ئاوارەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی ئەوێ بەڕێ دەکرێن بێ ئەوەی رەچاوی لایەنگیربوونی سیاسی یاخود حزبی بکرێ، بۆیە ئەنجومەنی ناوەندی بە نیگەرانییەوە لەو هەڵوێستە مەیدانییە سیاسییە-حزبییە دەڕوانێ.

– ئەنجومەنی ناوەندی داوا دەکات هەموو رێگاکان بکرێنەوەو دەرفەتەکانیش فەراهەم‌ ومەیسەر بکرێن بۆ ئەوەی بتواندرێ ئازوقەو چەک بۆ شەنگالییەکان بنێردرێ.

– ئەنجومەنی ناوەندی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستان‌و کۆدەنگی‌ نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و یەکخستنی گوتاری سیاسی بە پێداویستی بە پەلەو هەنوکەیی گرنگ دەزانێ‌و پێیوایە کە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان پێویستە بە رەچاوکردنی هاوبەشبوونی راستەقینە بێت‌و دوور بێت لە هەر هەوڵێکی پاوانکاری سیاسی، هەر بەم دیدگایەشەوە دەڕوانێتە رێککەوتننامەی ستراتیژی‌و ئەگەرەکانی هەموارکردنەوە، هەروەک گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە لەژێر بنمێچی پەرلەمانی کوردستان بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان بە گرنگ‌و ئەرێنی دەزانێ، هەروەک رایدەگەیەنێ کە هەر رێککەوتنێکی نێوان یەکێتی‌و هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی دەبێ دواجار بەپێی ماددەی (٣٩) بڕگەی (٧)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لەناو ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسند بکرێ.

– ئەنجومەنی ناوەندی پێیوایە نەبوونی هەماهەنگی سیاسی‌و کارگێڕی پێویست لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی‌و نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەش‌و زاڵکردنی ئەجێندای لایەنێکی سیاسی بەسەر رەوت‌و کارەکانی ئەنجومەنەکە، زیانێکی گەورە بە یەکڕیزی نیشتمانی دەگەیەنێ‌و کەلێنێکی ئاسان دەداتە دەست دوژمنانی کوردستان، بۆیە پێویستە هەرچی زووە پێداچوونەوەی ورد بە کارەکان بکرێ‌و لەسەر ئاستی نیشتمانی‌و نەتەوەییەوە ئاراستەی هەڵوێستەکان بکرێت.

– ئەنجومەنی ناوەندی بە مافی خۆی دەزانێ لەمەودوا، بە وردی هەڵسەنگاندن لەسەر هەڵوێستەکانی مەکتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی (ی.ن.ک) بکات‌و لە کاتی پێویست‌و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە پەیڕەو پێی دراوە لێپێچینەوەی خۆی بکات‌، داواش دەکات هەرچی زووە ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە بکرێ‌و لیژنەکانیش دوایین راپۆرتی خۆیان بدەنە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە بۆ ئەوەی رێکارو میکانیزمەکانی بەستنی کۆنگرە بگیرێنە بەر.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) وێڕای سەردانواندن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سڵاوی بەرخودان‌و خەباتی نیشتمانی بۆ سەرجەم پێشمەرگەو شەڕڤانان‌و ئازادیخوازان دەنێرێ‌و داوای چاکبوونەوەی بریندارەکانیش دەکات.

ئەنجومەنی ناوەندی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٥/١٠/٢٠١٤

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com