وێنەی ئەپاچییەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی هەریر ببینە
چەندین سایتی بەناوبانگی جیهانی، بەتایبەتی ئێرانییەكان ئەم وێنەیەیان بڵاوكردۆتەوە كە تێییدا هەلیكۆپتەرە ئەپاچییە ئەمریكییەكان له فڕۆكەخانەی هەریرن و كاركردنیش بەردەوامە بۆ زیاتر رێكخستن و فراوانكردنی.
ئەم فڕۆكەخانەیە لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە بونیات نراوە و لە پەنجا كیلۆمەتریی هەولێر هەڵكەوتووە و ئەوەی ئێرانی نیگەران كردووە ئەوەیە ئەم فڕۆكەخانەیە تەنیا 60 كیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دورە و ترسی هەیە لەوەی وەك چۆن بنكە سەربازییە ئەمریكییەكان لە كۆریای باشوور و یابان بەكاردێن بۆ چاودێریكردنی كۆریای باكوور، فڕۆكەخانەی هەریریش بەكاربهێنرێت بۆ چاودێری كۆماری ئیسلامی ئێران
لەناو عێراقیشدا كردنەوەی فڕۆكەخانەی سەربازی ئەمریكا لە هەریر، شیعەكانی تووڕە كردووە و پێیان وایە ئەمە هەوڵێك بۆ لاوازكردنی بەغدا.
ئەوەبوو ماجد غەڕاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لەو ئەنجوومەنە لەسەر لیستەكەی موقتەدا سەدر، رۆژی شەممە 25ی ئۆكتۆبەر دژایەتی عێ{اقی بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی سەربازی ئەمریكا لە هەریر دەربڕی و وتی ئەوە سەرەتایەكە بۆ داگیكردنەوەی عێراق لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆدا و ئەمریكای تاوانبار كرد بە هەوڵدان بۆ دابەشكردنی عێراق و دابڕینی پارێزگاكانی عێراق لە دەوڵەتی مەركەزی
