بەر لەهێنانەخواروەی لەکورسی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق مالیکی بانکەکانی عێراقی بەتاڵکردۆتەوە لەپارە
نوچەنێت. تایبەت
نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەلەهێنانەخوارەوەی لەکورسی سەرۆکایەتی حکومەت، بانکەکانی عێراقی لەپارە بەتاڵکردۆتەوە، بەرپرسانی کوردیش پێیان وایە، مالیکی لەو پرسەدا مەبەستی گەندەڵی بووە، و پێی وابووە، بەهۆی شەڕی داعشەوە پاساودەدرێت، مەبەستێکیشی ئەوە بووە، بەهۆی نەبوونی پارەوە، لەدوای خۆی درێژە بەقەیرانەکانی نیوان هەولێرو بەغدا بدات.
بەبڕیارێکی تاکلایەنەی نوری مالیكی سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ماوهی 10 مانگە بودجەی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئهوهش بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی بۆ کوردستان، دواکەوتنی موچەی فهرمانبهران، سستبوونی بازاڕەکانی کوردستان و هۆکارێک بۆ سەختتربوونی چارەسەری کێشەکانی هەولێرو بەغدا.
بەپێی ئەو زانیاریی نوچەنێت كە لەپەرلەمنتار و بەرپرسانی كوردەوە لەشاری بەغدا دەستی كەوتووە، لە ئێستادا حكومەتی عێراقی بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، توشی قەیرانێكی دارایی زۆر گەورە بوەو بانکەكانی دەوڵەت بەتاڵن لەپارە.
بەوتەی بەرپرسانی کورد، هۆکاری قەیرانی دارایی عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستا عێراق لە حاڵەتی جەنگدایە و پارەیەكی زۆر بۆ جەنگ خەرج دەكرێت، هۆکارێکی تریش ئەوەیە، کەنوری مالیكی هیچ پارەی لە خزێنەكانی حكومەتی عێراق نەهێشتوەو ناشزانرێت چی لێكردوە و لەچ پرۆژەیەکدا خەرجیکردوون، هەروەها ئاستی هەناردەی نەوتیش بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردوەو نرخی نەوتیش دابەزیووە، پێشتریش حەیدر عەبادی، چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە، كە پارەی فرۆشتنی نەوت، هەمووی لەلایەن مالیكیەوە خەرج كراوە.
نوێنەرانی کورد لەعێراق، وای دەبینن، خەرجکردنی کۆی پارەی نەوت لەعێراق لەلایەن مالیکییەوە بەرلەوەی لەکورسییەکەی بهێنرێتە خوارەوە، پرسی گەندەڵییە، و پێی وابووە، بەهۆی جەنگی داعشەوە ئەتوانرێت پاساوبدرێت، مەبەستێکیشی ئەوە بووە، کە لەرێی ئەو کارەوە لەدوای خۆی درێژە بەقەیرانەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بدرێت، پارەی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت، بەوەش ئەو رایە دروستبکات، کە سەرچاوەی کێشەکانی هەولێرو بەغدا مالیکی نییە.
هەرلەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی بودجەوە، سەرچاوەیەک بۆ نوچەنێت ئاشکرای کرد، لەئێستادا لیژنەێك بۆ ئەو قەیرانە پێكهاتوە بەسەرۆكایەتی وشیار زێباری وەزیری دارایی حكومەتی عێراقی و ئەندامیەتی 9 وەزیر و موحافیزی بانكی مەركەزی و ژمارەیەك لە پسۆڕ و شارەزایان لە بواری دارایی و بودجە، حەیدەر عەبادیش لە بارەی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاندووە، ئەو لیژنەیە چی بڕیار دەدات ئەو پێیەوە پابەند دەبێت.