پارتی و يەكێتی ئاگربەستيان شكاند .. شاناز یەکەم فیشەکی تەقاند .. ئامادەنین لەوبارەوە لێدوان بدەن

0

پدک ینکپارتی و يەكێتی ئاگربەستيان شكاند

نوچەنێت – تایبەت

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە تا ئەمرۆ، شەڕی راگەیاندن لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامی هەیە، ئەو شەڕە گەشتۆتە ئاستێک مەترسی دووکەرتبونەوەی کوردستان، دابەشکردنەوەی هێز و ئیدارە، لە ئاسۆکانییەوە ببینرێت.

هەستکردن بەم مەترسییە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆکردەوە، بۆ دانانی سنورێک بۆ جەنەگەکەو رەواندنەوەی ساردییەکانی نێوانیان، لەئەنجامی کۆبونەوەکە لیژنەی هاوبەشی راگەیاندن لەنێوان هەردوولا پێکهێنرا، ئەوەش وەک هەنگاوی یەکەمی ئاگربەستی شەڕ راگەیاندن هەژمارکرا، بەڵام لەیەکەم رۆژی دوای ئاگربەستەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەکەم فیشەکی شکاندنی ئاگربەستی تەقاند و دواتریش لەلایەن پارتییەوە وەڵام درایەوە.

بۆ نەهێشتنی گرژی راگەیاندنی هەردوولا، و جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، کەرۆژی 16/10/2014 بەڕێوەچوو تێیدا بڕیاریاندا، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکان پێکبهێنن، رۆژی 21/10/2014 لەشاری هەولێر كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی رایگەیاندنی ی.ن.ك و دەزگای رۆشنبیری‌ و راگەیاندنی پ.د.ك،  بەڕێوەچوو، لەدوای کۆبونەوەکە هەریەك لە ئازا حەسیب قەرەداغی لە وەفدی پارتی و ستران عەبدوڵڵا لەوەفدی یەكێتی، بۆ راگەیاندنەکان قسەیان کردو ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەو وردەكارییەكانیان خستەڕوو.

ئازا حەسیب قەرەداغی رایگەیاند، لەکۆبونەوکەدا تەئكید لەوەکراوەتەوە، کە” یەك وتاریمان هەبێت لەهەموو جۆرە بارگرژییەكی راگەیاندن دوور بكەوینەوە”.

ستران عەبدوڵڵاش وتی” بارودۆخەكە بۆ هەرێم هەم چانسە هەم هەڕەشەیە، بۆیە دەبێت  راگەیاندنە رەسمییەكانی یەكێتی ‌و پارتی بەلای چانس ‌و دەرفەتدا بیشكێیننەوە، وتاری راگەیاندنی هەردوولا چ لەشێوەی كاركردن چ لەبەرامبەر بەیەكتری‌و  چ لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی لەكورستاندا هەیە یەك بێت”.

بەڵام زۆر بەسەر ئەو کۆبونەوەیەدا تێنەپەڕی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کادرو بەرپرسی دیاری یەکێتی، کە دەکاتە خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی، لەوتارێکیدا لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، هێرش دەکاتە سەر پارتی و ئەو ئاگربەستەی شەڕی راگەیاندن لەنێوان هەردوولا بەتاڵ دەکاتەوەو پارتیش بەدەنگ دێنێتەوە.

شاناز لەوتارەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوە و راست کردنەوەی هەموو ئەو بریارانە دەکات کە بەقسەی ناوبراو بەتاکڕەوی و بەناوی هەرێمەوە دراون بە بێ گەرانەوە بۆ هیچ حزب و لایەنێکی تر، لەوانە هەڵکەندنی خەندەق. داخستن و کردنەوەی سنور. هێشتنەوەی سوپای بێگانە بە بەردەوامی لە هەرێمدا. دەستکاری کردن و گۆرینی کتێبی خۆێندگەکان و بە حزبی کردنیان. قورخ کردنی پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازی و ئەمنی و ناوخۆیەکانی هەرێم و هتد.

مەبەستی سەرەکی وتارەکەی شاناز ئەوەیە، کە بڵێ پارتی بەتاکڕەوی بڕیار لەسەر زۆر پرسی کوردستان دەدات، نوسیویەتی”گەر ئەو ئیتیفاقانە تەنیا بۆ ئەوە دەبێت کە یەکێتی بکرێتە شەریک و هاوپەیمان لە تاوان و ‌هەڵەکاندا و هەمدیس یەکێتی ناچار دەکرێت کە باجی بریارە تاکرەوانە و یەک لایەنەکانی بەرامبەرەکەی بدات، ئەوا لەو بروایەدا نیم کە کادرو ئەندامانی دڵسۆزی یەکێتی پەسەندی بکەن و خۆ ئەگەر بۆ ئەوە دەبێت کە دەمی میدیاکانی یەکێتی و هەندێک گۆڤارو رۆژنامە و میدیا ئازادەکانی پێ کپ بکرێت ئەوا هەر پێویست ناکات ئەو بەرێزانە خۆیان ماندوو بکەن، چونکە قبوڵکردنی ئەو جۆرە ئیتیفاقانە لەم سەردەمەدا مەحاڵە و نابێت ناوی لێ بنرێت ئیتیفاقی ستراتیژی”.

هێرشەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بووە هاندەرێک بۆ میدیاکانی پارتی، کە ئەوانیش لای خۆیانەوە، ئاگربەستی راگەیاندن بشکێنن، بەوەی بەتوندی وەڵامی وتارەکەیان دایەوەو ئەوەشیان ئاشکراکرد، کە پێشتر بەنهێنی هێڵدرابوەوە، رۆژنامەی هەولێری سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان، لەژمارە (2003)ی رۆژی پێنج شەممە 23/10/2014، بەتوندی هێرشی كردە سەر شاناز ئیبرایم ئەحمەد و دەڵێت “شاناز خاوەنی مافیای تایبەت بەخۆیەتی” ئاشكرای دەكات كە هاوسەرەكەی “لەتیف رەشید” گەورە راوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەغدا، کە سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، پێشنیازی بڕینی موچەی هەرێمی كوردستانی بۆ مالیکی کردووە.

ئەو رۆژنامەیە نوسیویەتی”خودی شاناز یەكێكە لەوانەی پێش هەموو لایەك خودی (یەكێتی نیشتمانیی كوردستان) بەدەستیانەوە گیری خواردووە و بەهەڵسوكەوت و خیتابی دڵڕەشانە، سەرئێشەی زۆریان بۆ یەكێتی دروست كردووە، بۆیە پێش هەر کەسێکیش ئەوە یەکێتییە نیشتیمانپەروەرەکانن کە دەبێ بپرسن، بۆچی ڕێک لەوکاتەدا کە هەموو لایەک هەوڵی نەهێشتنی دووبەرەکی دەدەن، شاناز بە چ سیفەتێک و بە چ ئامانجێک دێت و هەوڵی دووبەرەکی دەدات؟”.

دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی راگەیاندن لەنێوان پارتی و یەکێتی، کە تەنها ساتێکی کەم بەسەر کۆبونەوە و رێککەوتنی هەردولادا تێپەڕیبوو، نوچەنێت هەوڵی وەرگرتنی لێدوانی فەرمی هەردولای دا، بەڵام وەڵامێکی دەست نەکەوت، بۆ هەمان مەبەست نوچەنێت پەیوەندی كرد بە هەریەك لە ئازا حەسیب قەرەداغی لەراگەیاندنی پارتی و ستران عەبدوڵا لە راگەیاندنی یەكێتی، کە هەردوکیان دوای کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ رێکخستنی وتاری راگەیاندنی هەردوولا قسەیان بۆ راگەیاندنەکان کرد، بەڵام بەبیانوی جۆراوجۆر ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

دوای چەندین پەیوەندی نوچەنێت بەراگەیاندنی هەردولاوە، سەرچاوەیەک لەراگەیاندنی یەکێتی، بەمەرجی ئەوەی ناوی نەبرێت ئەوەندەی وت” ئێمە تێبینیمان لەسەر قسەکانی شاناز خان هەیە، رەنگە بڕیاری کۆبونەوەکەی پێ نەگەشتبێ، بۆیە پابەند نەبووە پێیەوە، بەڵام تێبینیشمان لەسەر پارتی هەیە، ئەوەی ئەوانیش کردیان تێنەگەشتنە، لەسیاسەت، ئەگەرنا ئەیانتوانی دەقی وتارەکەی شاناز خان بەکۆپیکراوی بهێنن، بۆ کۆبونەوەی داهاتوو، وەک خاڵێک باسی بکەن کە یەکێتی پابەند نەبووە بەرێککەوتن، یان ئەگەر دەیانویست لەراگەیاندن وەڵامیان هەبێ، دەکرا هەر لەراگەیاندنەوە خۆیان لەهێرش بپارێزن، و داوای رونکردنەوە لەیەکێتی بکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com