تاكه‌ی كورد دراوسێی داعش ده‌بێت؟
كورد له‌به‌رده‌م ئه‌زمونێكی پاكستان ئاسادا
فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل . تایبەت بەنوچەنێت

تاكه‌ی كورد دراوسێی داعش ده‌بێت؟ ئه‌م پرسیاره به‌دوور و نزیك له خیتابی سیاسی كورد هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ نه‌دراوه، ره‌نگه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه هه‌بێت، هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندیان به‌خودی كورده‌وه هه‌یه، له‌وانه‌یه هه‌ندێكی دیكه‌شیان په‌یوه‌ندی به ناجێگربوونی رێكخراوه‌ی داعشه‌وه هه‌بێت. به‌ڵام به‌ر له‌رووداوه‌كانی شه‌نگاڵ و زوممار و گوێر و مه‌خمور، جۆرێك له تارمایی ئه‌م پرسیاره له‌لایه‌ن هه‌ندێك توێژه‌ر و رۆشنبیری كورد ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌سیاسیه‌كانیش ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ درا، ئه‌مه‌ش له‌ژێر سه‌قفی پرسیارێكی دیكه بوو، كه له‌باره‌ی مه‌ترسی داعشه‌وه ده‌كرا. پرسیار ده‌كرا” ئایا داعش چ مه‌ترسییه‌كی بۆ كورد هه‌یه؟” ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌بوو شاری موسڵ كه‌وته ده‌ست چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه، كورد هه‌ستی به‌مه‌ترسییه‌كانی داعش كرد، به‌ڵام ئه‌وكاته چ سیاسه‌تمه‌داره‌كان، چ رۆشنبیره‌كان گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌كرد، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین رێكخراوه‌كانی دونیا كه به‌تیرۆر ناسراوه ده‌بێته دراوسێی كورد.
ئه‌وان ته‌نها مه‌سه‌له‌كه‌یان به‌كێشه‌كانی سوننه ده‌به‌سته‌وه. بۆیه كێشه‌كه داعش نه‌بوو، به‌ڵكو له‌دیدی كورد سوننه بوو، ئه‌مه‌ش جۆرێك له ئاسووده‌یی و دڵنیابوونی به‌كورده‌وه ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی حسێب بۆ ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی داعش بكرێت كه له‌سه‌ر سنووری كورد و به‌شێك له‌خاكی كورد ده‌بێته مه‌ترسیدارترین پانتاییەکەی. به گوزارشتێكی دیكه ده‌توانین بڵێین كورد له‌بابه‌تی داعش، ئاماده‌بوونی بۆ تێگه‌یشتن نه‌بوو. بۆیه ده‌كرێت له‌زۆربه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی بابه‌ته‌كه به‌هه‌ڵه داچووبێت و یان له‌زهنی نه‌بووبێت.
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی سه‌ره‌وه كورت بكه‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێن خودی پرسیاره‌كه له‌باره‌ی دراوسێیه‌تی كورد و داعشه‌وه له‌به‌ر چەند هۆکاریک نەکراوە وەک:
- رووداوه‌كه بۆ كورد له ناكاو نوێییه.
- داعش ناجێگرییه له‌پێناسه و جوگرافیا و ئامانج.
سێیه‌م هۆكاریش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌مه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش تێنه‌گه‌یشتنی كورده له داعش. ره‌نگه ته‌رحكردنی پرسیاره‌كه‌ش ته‌نها بۆ گریمانكردنی ئه‌وه بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی داعش له‌موسڵ به‌رده‌وامبێت ئه‌وا كورد هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ ئه‌و دراوسێیه چۆن ده‌بێت؟ چونكه وه‌ك ده‌ركه‌وت ئه‌و دراوسێیه ته‌نها سووننه‌كانی عێراق نییه وه‌ك كورد تێگه‌یشتبوو. له‌وانه‌شه نه‌توانرێت وه‌ڵامی دروست بۆ ئه‌و بابه‌ته بدۆزینه‌وه، یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت بێت. هه‌ر له‌م شیکارییەشدا هۆكاری زه‌حمه‌تی وه‌ڵامه‌كانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
كورد و تێنه‌گه‌یشتن له داعش
ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین ئه‌گه‌ر بڵێین چ له خیتابی سیاسی حزبه كوردییه‌كان و چ له‌خیتابی راگه‌یاندن و دونیای رۆشنبیری كوردی، هێشتا هه‌وڵی تێگه‌یشتنی جددی بۆ داعش نه‌دراوه. یاخود سیمای تێگه‌یشتنێكی جددی بۆ داعش نه‌بینراوه. سه‌ره‌تا تێگه‌یشتنی كورد سه‌رجیغ رۆیشت بوو، واتا لارێ بوو، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، كه‌یسی داعش تێكه‌ڵ به‌كه‌یسی سوننه‌كانی رۆژئاوای عێراق كرابوو، له‌مه‌شیاندا ته‌نها كورد هه‌ڵه نه‌بوو، به‌ڵكو سوننه‌ش هه‌ڵه بوو، بۆیە سوننه زیاتر له‌كورد باجی ئه‌و تێنه‌گه‌یشتنه‌ی دا. سه‌ره‌رای ئه‌م لارێبوونه له‌تێگه‌یشتن، خیتابی كورد زیاتر عاتیفی و حه‌ماسی بووه، ئه‌م ده‌رده‌ش زیاتر له راگه‌یاندن ده‌ركه‌وتووه. بۆیه ده‌بینین له‌و ماوه‌یه‌دا راگه‌یاندن هه‌رده‌م به شتی لاوه‌كییه‌وه سه‌رقاڵ بوو. بۆ نموونه هه‌ڵه نابین ئه‌گه‌ر بڵێین له‌وماوه‌یه زیاتر له 200 كلیپ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه دروستكراوه. رۆژانه حه‌ماس به‌خه‌ڵك ده‌دات، من ناڵێم ئه‌مه‌یان هه‌ڵه‌یه، دروستكردنی حه‌ماس به‌شێكه له هه‌ستی ناسیۆنالیزمی، بۆیه مافی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه شانازی به‌خۆیه‌وه بكات، به‌ڵام ئه‌و شانازییه نه‌گاته ئاستی غرور و خۆ فوودانێك كه هه‌موو پێوه‌ر و پێدراوه‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكرێت. جیا له بابه‌تی حه‌ماسی راگه‌یاندن و رۆشنبیران به بابه‌تێكی دیكه‌وه سه‌رقاڵ بوون، ئه‌ویش بابه‌تی په‌یوه‌ندی داعش بوو به ئایینی ئیسلامه‌وه. ئایا ئه‌و كارانه‌ی داعش ئه‌نجامی ده‌ده‌ن تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه هه‌یه. ئه‌م بابه‌ته مامۆستایانی ئایینیشی سه‌رقاڵكرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و بابه‌ته گه‌یشته ناو كۆڕ و كۆبوونه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش. ئه‌مه‌شیان به‌جۆرێكی دیكه وه‌ك حه‌ماسه‌كه، كاركردن بوو له‌سه‌ر سۆز، هه‌ندێك بۆ سۆزی موسڵمانان هه‌وڵیان ده‌دا بیسه‌لمێنن كه ئیسلام به‌ریئه له‌وه‌ی داعش ده‌یكات، هه‌ندێكی دیكه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا بیسه‌لمێنن ئه‌وه‌ی رووده‌دا ته‌واو كۆپییه‌كی دیكەی ئیسلامه. هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه له‌رووی كرداره‌وه له‌شه‌ڕی داعشدا هیچ سوودێكی بۆ كورد نییه.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه له‌سه‌ر ئاستی گشتی بووه، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و سه‌ربازیی و كاری فه‌رمیشه‌وه هه‌ندێك هه‌ڵه یان نارۆشنایی روویداوه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه كورد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نه‌یتوانیوه مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ داعش بكات. سه‌ره‌تا كورد خۆی خسته سه‌نگه‌ری داكۆكی له‌خۆكردنه‌وه. به‌ڵام له‌ناكاو كرایه قۆناغی هێرش بردن، واته له دیفاعه‌وه بۆ هجوم، كه‌چی سه‌یر ئه‌وه بوو له هجومه‌كه زۆرێك له ناوچه گه‌وره‌كان له‌ده‌ست درا، ئێستا تاوتوێكردنی ئه‌و بابه‌ته رۆشن نییه، بۆیه هه‌ر شتێك له‌وباره‌یه‌وه بگوترێت هه‌ڵه ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كورد هێرش ده‌كات، بۆ حسێب بۆ لایه‌نی سه‌ربازیی و ئه‌منی و لۆجستی و ره‌هه‌نده ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌كراوه. ئه‌و كاته ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌یان ئه‌نجام دا، یه‌كێك له‌وانه ئه‌وه بوو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه، باسیان له بوونی تابوری پێنجه‌م كرد له‌كوردستان، باسكردنی تابوری پێنجه‌م له‌كۆمه‌ڵگایه‌ك كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی تێدابێت ، زۆرێكیش له‌و ئاوارانه له‌نه‌ته‌وه و ئایینه‌كانی دیكه بن، ره‌نگه كاره‌ساتێك دروست بكات و كۆمه‌ڵگا بخاته خه‌ته‌ره‌وه. چونكه ئه‌وكاته هه‌موو كه‌سه‌كان گومان له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن.
بابه‌تێكی دیكه هه‌ر ئه‌وكاته له‌رووی ئه‌منییه‌وه روویدا، دیارده‌ی چه‌كداركردنی خه‌ڵك بوو، كه خه‌ڵك هه‌ره‌مه‌كی ده‌چۆوه به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه، به‌ئاشكرا له‌ناو شاره‌كان چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه بوو، كه ئه‌ویش دیارده‌یه‌كی ترسناكی دیكه بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌زمونی حكومه‌تێك نه‌ده‌گونجا كه ساڵانێكه لافی دیموكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت لێ ده‌دات. هه‌موو قسه‌كانمان بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه بڵێین كاتێك بریاری هێرشكردنی سه‌ربازیی ده‌درێت، ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هێز بكرێت. كه ئه‌مه‌یان ئه‌و جاره به‌دی نه‌كرا. سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ناكۆكی حیزبایه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش خاڵێكی دیكه‌ی لاوازی كورد بوو.
كورد له به‌رده‌م ئه‌زمونێكی پاكستان ئاسا دا
كورد ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه دراوسێی ده‌سه‌ڵاتێكه، خۆی به‌خه‌لافه‌تی ئیسلامی ناساندووه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه كورد راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ له‌رووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه روو به‌رووی زیان بۆته‌وه. ئه‌و ئه‌زمونه‌ش بۆ كورد زۆر نوێیه كه دراوسێی ده‌وڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه بێت. جاران كورد خاكی داگیر كرابوو، له‌دژی ده‌سه‌ڵات ده‌جه‌نگی ، به‌ڵام ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی دراوسێی توندڕه‌و هه‌ڕه‌شه له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌كات. راسته پێشتر كورد ئه‌زمونی له جه‌نگی رێكخراوه ئیسلامییه‌كان هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌م ئه‌زمونه له‌چه‌ند رووێكه‌وه جیایه. یه‌كه‌م رێكخراوی ئه‌نساڕ ئیسلام و جوند ئیسلام تاڕاده‌یه‌كی زۆر لۆكاڵی بووه. ئه‌وه‌ی ئێستا داعشه زۆر نێوده‌وڵه‌تییه. دووه‌م خاڵیش ئه‌وه‌یه كه رێكخراوه‌كانی دیكه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه ئه‌زمونێكی ئه‌منی دیاریكراوی ده‌ویست، به‌ڵام ئێستا پێویستی به‌تێگه‌یشتن و كاركردنێكی گه‌وره هه‌یه. كورد بیه‌وێت یان نا، داعش ئه‌و میوانه ناوه‌خته نه‌بوو، به‌ڵكو ئێستا دراوسێیه‌كی دوژمن و بێزاركه‌ره. بۆیه به‌ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك جیاوازی، كورد ئێستا له ئه‌زمونێكی پاكستان ئاسادایه، چۆن پاكستان به‌هۆی ئه‌فغانستانه‌وه كه‌وتۆته نێو كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی ئیقلیمی ونێوده‌وڵه‌تی. به‌هه‌مان شێوه‌ش كورد به‌هۆی داعشه‌وه كه‌وتۆته نێو كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. ده‌بێت كورد سه‌ره‌رای توندكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئاستی به‌رزتر كار بكات، كه ئه‌وانیش ئاستی دیبلۆماسی و موخابه‌راتی و ئه‌منییه. ئه‌زمونی پاكستان ده‌رده‌خات كه دراوسێیه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكی تیرۆریستی توندڕه‌و چه‌ند سه‌خته، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین كۆمه‌ڵێك تێز و كتێب له‌باره‌ی ئه‌زمونی پاكستان نووسراوه، كه لێره‌دا جێگای باسكردنیان نییه، بەڵام پرسیاری هەرەگرنگ ئەوەیە، ئایا کوردستان تەحەمولی تێپەڕبوون بە ئەزمونی پاکستان‌دا دەکات، ئایا نیازێک هەیە کوردستان بکاتە پاکستانێکی تری ئەم سەدەیە، تا ببێتە مەیدان بۆ شەڕی رۆژئاوا‌و شەڕی تیرۆر، و کوردیش ببێتە جەنگاوەری ئەو جەنگە، بێ بیرکردنەوە لەپاراستنی وڵات و بەرژەوەندییەکانی.
هەرچی بێت،ده‌بێت له‌مه‌ودا كورد ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه كه په‌یوه‌ندی به دراوسێیه‌تی داعشه‌وه هه‌یه، له خیتابی سیاسی خۆی جێ بكاته‌وه. کاری بۆ بکات و خاوەن ئەجێندا بێ، نەک جێبەجێکاری ئەجێندا، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه ئیستعاب بكات كه له‌دونیا و هه‌رێمه‌كه ده‌گوزه‌رێت. چونكه هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی كه ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روو ده‌ده‌ن، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه له جیۆپۆلۆتیك گوتراوه” هه‌ر سه‌ده‌یه‌ك نه‌خشه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه”.
