بزوتنەوەی گۆڕان: ئەو چەكانەی بۆ کۆبانێ نێردراون، چەکی حزبێک نییە، چەكی كوردە و بۆ ئەم نیشتیمانەیە
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
پەڕلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت ئەو هاوکارییانەی بەکۆبانی گەشتوون، هاوکاری کوردستانە نەک هاوکاری حزب، هۆکاری هەبوونی لۆگۆی دژە تیرۆری سلێمانیش لەسەر هاوکارییەکان دەخاتەڕوو، دەشڵێت” ئێمە حكومەتێكمان هەیە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە هەموومان لە ژێر چەتری ئەو حكومەتەدا بین”.
ئەو نیگەرانیانە بەردەوامییان هەیە کە دوای ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ کۆبانێ لەکوردستانەوە بۆ کۆبانی سەریانهەڵدا، نیگەرانییەکان دوای ئەو راگەیانراوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دروست بوون، کە هەر لەیەکەم رۆژی گەشتنی هاوکارییەکان بەکۆبانێ بڵاویکردەوەو تێیدا ئەوەی خستەڕوو کە هاوکارییەکان لەلایەن ئەو حزبەوە دابینکراوە، سەرۆکایەتی کوردستان راستی راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەتکردەوە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش هاوکارییەکان بەهاوکاری کوردستان دەزانن نەک حزبێک.
مەحمودی حاجی عومەر، پەڕلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، و ئەندامی لیژنهى كاروبارى پێشمهرگهشە لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، لەبارەی راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کەهاوکارییەکانی بۆ کۆبانێ بەهاوکاری حزب ناساند، دەڵێت”ئێمە ئیدانەی ئەو میتۆدە حیزبیە دەكەین، لەگەڵ ئەوەنین حیسابی حیزب زاڵ بێت بەسەر پڕۆسەی نیشتیمانی، ئێستا كاتێكە لەهەموو كات زیاتر پێویستیمان بەیەكریزی و یەكدەنگی و گوتاری نیشتیمانی و نەتەوەی هەیە، نەك بەحیزبی كردن و بە شەخسنەكردنی ئەو هاوکارییەکان، ئەو چەكانەش نەچەكی حیزبێك و نەچەكی نەدوو حیزبە، چەكی كوردە و بۆ ئەم نیشتیمانەیە، دیاری و هاوكاری و كۆمەكەكان هی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بۆ بەگژاچونەوەی تیرۆر و تیرۆرستان، چونكە ئەوان لە رووی چەك و تەقەمەنیەوە هاوكار دەبن و كوردیش لە رووی روحی و گیان و خوێنەوە مەیدانیەن شەرەكە دەكات”.
ئەو پەڕلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش دەخاتەڕوو”ئەو پارەیەی لە كوردستان بۆ پێشمەرگە خەرج دەكرێت، لەو پارەیە كە راستەوخۆ تەرخان كراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو هێزەکانی پێشمەرگە پارە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، نەک لەحزب، ئەمریكاو هاوپەیمانان و هیچ هێزێكی دەرەكیش مامەڵە لەگەڵ حیزب ناكەن، ئەوە تەنها كوردە نوێنەری حیزبی لەو وڵاتانە هەیە، هەموو ئەو وڵاتانە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت و سیستەم دەكەن، ئەمریكا ناڵێت ئەو هاوكاریەی ناردومانە بۆ یەكێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامی و شوعیە، بەڵام لەكوردستان لەلایەن حزبەوە ئاوای لێدەكرێت و ئاوا باس دەکرێت”.
بەوتەی مەحمودی حاجی عومەر، هەبوونی لۆگۆی هێزی دژە تیرۆری سلێمانی لەسەر هاوکارییەکان، لەوەوە سەرچاوەی لەوە گرتوە کە”دوو دەزگای تیژە تیرۆر لەكوردستان هەن، كە بەپێ زانینی ئەمریكا دروست بوون، ئەو دەزگایانە راستەوخۆ سەر بەهەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن، یەكێكیان لەهەولێرە و ئەوەی تریان لە سلێمانییە، راستە بەشی زۆری ئەمانە كاتی خۆی بەتەسكیەی حیزبی دامەزراون، بەڵام ئەمانە ئیعاز و مادوە و پارە و دەعم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، كەواتە هێزی ئەم میللەتەن، ئەمریكاش چەكی بەو دوو دەزگایە داوە كە هاوكارییەكە 26 یان 28 تەن چەك و تەقەمەنیە، ئەمریكا پێ وتون ئەو چەك و تەقەمنیانە بگاتە دەست شەرڤانانی یەپەگە لە كۆبانی، لەو 26 یا 28 تەنە 22 تەنیان گەیشتونەتە كۆبانێ، رەنگە لەحسەی دژە تیرۆری سلێمانی دووتەن زیاتر رۆشتبێت، ئەوە بەحزبی و شەخسەنە كراوەو كارێكی خراپە،هەتا ئەگەر یەكێتیش بوبێت نەدەبوو ئەوكارە بكات لەم دۆخەدا و بازاڕەكانی راگەیاندن بەم بابەتە سەرقاڵ بكات”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، ئەو پەڕلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت” وەک بزووتنەوەی گۆڕان كە ئۆپۆزسیۆن بووین دەمانوت ئەمە هێزی حیزبە، هەڵڵای دونیایان لەسەر دروست كردین و هەردوو حیزبەكە و خەڵكیان هێنایە سەر شەقام، بەڵام كە ئێستا ئێمە دەڵێین وەرن با پێكەوە چاكی بكەین و رێكی بخەینەوە، هەڵڵای راگەیاندنی لەسەر دروست دەكەن، ئەوەی ئێستاش پەیوەندی بەعەقڵیەتی حیزبەوە هەیە، ئەوە بۆ ناوبانگی پێشمەرگە باش نییە و خراپە، پێشمەرگە پێی خۆش نییە پێشمەرگەی ئەم حیزب و ئەو حیزب بێت بەڵكو پێخۆشە هێزی نیشیتمانی كوردستان بێت”.
مەحمودی حاجی عومەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “لەگەڵ یەكگرتووی و یەك گوتاری سیاسیم، ئێمە حكومەتێكمان هەیە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێویستە هەموومان لە ژێر چەتری ئەو حكومەتەدا بین”.