کۆمەڵی ئیسلامی : هاوکاری بەناوی کوردستانەوە بۆ پێشمەرگەدێت. بۆ هیچ حزبێک نییە بەناوی خۆیەوە بەکاری بهێنێت
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
کاردنەوە لەسەر راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی ناردنی هاوکاری بۆ کۆبانێ بەردەوامیی هەیە، پەڕلەمانتارێکی کۆمەڵێ ئیسلامی دەڵێت، ئەو هاوکارییانەی بۆ کوردستان دێت بەناوی هەرێمی کوردستانەوە دێت، نەک بەناوی حزبێک، بۆ هیچ حزبێک نییە بەناوی خۆیەوە بەکاری بهێنێت.
ناردنی هاوکاری سەربازی و پزیشکی لەرێی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە، لەباشوری کوردستانەوە، بۆ کۆبانێ، دەنگدانەوە و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ گەشتنی هاوکارییەکان بە کۆبانێ، لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەو هاوکارییانە لەلایەن ئەو حزبەوە دابینکراوەو سەرۆکایەتی کوردستانیش ئەو راگەیەنراوەی یەکێتی رەتکردەوە، راگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی تەنها جێی نیگەرانی سەرۆکایەتی کوردستان نەبوو، بەڵکو حزبەسیاسیەکانی کوردستانیش، هاتنە دەنگ و پێیان وایە، ناکرێ هاوکارییەکانی باشوری کوردستان بۆ کۆبانێ بە حزبی بکرێن.
سۆران عومەر، پەڕلەمانتاری کۆمەڵێ ئیسلامی، لەپەڕلەمانی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئەو پارەی بۆ پێشمەرگە خەرج دەکرێ، پارەی کوردستانە نەك هی حیزب تا بیكاتە چالاكی خۆی، ئەو پارەیە لە بودجەی گشتی هەرێمی كوردستانە ئەوە موڵكی حیزب نییە، بە پێچەوانەوە ئەوە حیزبە ئەو پارەیە بەكار دەهێنێت بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆی، ئەو هاوكارییانەش کە بۆ پێشمەرگەدێت، بەناوی هەموو هەرێمی كوردستانەوە دێت و بۆ هێزی پێشمەرگەیە، بۆ هیچ كەس و بۆ هیچ حزبێک نییە ، بەناوی خۆیەوە بەکاری بهێنێت”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، سۆران عومەر نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی کە” هێشتا حیزب خاوەنی چەك و پێشمەرگەیە لەهەرێمی كوردستان، ئەوەش حاڵەتێكی زۆر خراپە، ئێمە ئێستا لەهەوڵی ئەوەین كە ئاسەواری دوو ئیدارەیی و مۆركی حیزبی لەسەر دامەزراوە نیشتیمانی و حكومییەكان نەهێڵێن، بەڵام دەركەوت كە تائێستا حیزب خاوەنی پێشمەرگە و چەك و زۆرشتە، كە دەبێت حكومەت خاوەنی بێت و حكومەتیش هی هەمووان بێت، نەك هی یەك لایەن یان دوولایەن”.
ئەو پەڕلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی، زیاتریش دەڵێت” ئێمە باش دەزانین پێشمەرگە دابەش بووە بەسەر دوو حیزب، ئەوەش كاریگەری خراپی هەبووە، بۆیە لەپەرلەمان بڕیارێك دەرچووە تایبەت بەیەك خستنی هێزەكانی پێشمەرگە و یەك خستنی هێزەكانی 70 و 80 بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەدەستی حیزب نەمێنێ، چونكە ئێستا نزیكەی 160 هەزار پێشمەرگە لە هێزەكانی 70 و 80 لەدەستی پارتی و یەكێتین، كە بڕیار بوو لەماوەی شەش مانگ یەكخرێن و ماویەكی زۆریش لەو شەش مانگە رۆشتوە”.