بزوتنەوەی ئیسلامی : ئەوهاوكاریانەی لەدەرەوە دێت بۆ حكومەتی هەرێمە، نەك بۆ حزبێک، تا بیکاتە کاری خۆی
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەپەڕلەمانی کوردستان بەنوچەنێتی راگەیاند، هاوسەرۆکی پەیەدە دەیەوێ هاوکارییەکانی باشوری کوردستان بۆ کۆبانێ بەناوی حزبەوە بێت، نەبێتە پرسێکی نیشتیمانی ونەتەوەیی، دەشڵێت” ئەو هاوكاریانەی لەدەرەوە دێت بۆ هاوكاری كوردستان و حكومەتی هەرێم دێت، نەك بۆ هاوكاریی حزبێک”.
راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی ناردنی هاوکاری سەربازی و پزیشکی بۆ کۆبانێ، کە وای لەقەڵەمدابوو، هاوکارییەکان لەلایەن ئەو حزبەوە دابینکراوە، ناڕەزایی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
د. شوان قەڵادزەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە نوچە نێت ی راگەیاند” ئەوهاوكاریانەی لەدەرەوە دێت، بۆ كوردستان و حكومەتی هەرێم دێت، نەك بۆ هاوكاری حزب، ئەو پارەیەش كە بۆ پێشمەرگەو پێویستی سەربازی خەرج دەكرێت، لەو بودجەیە كە دیاریكراوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر هەموو دامودەزگاكاندا كە پەیوەندیان بەوەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە دابەشدەكرێت، پەیوەندی بەپارەی حیزبەوە نیە، تا حزب بیکاتە کاری خۆی”.
شوان قەڵادزەیی رەخنە لەیەکێتی دەگرێت و دەڵێت”پێشمەرگە و هاوڵاتی و خەڵك هیچ كەموكوڕییەكیان نییە و ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدان، گیانی خۆیان دەكەنە قوربانی و شەهید و بریندار و بێ سەروشوێن دەبن و دەگیرێن، بەڵام ئەو حیزبە دەیەوێت هەموو دامودەزگاكان ناشیرین بكات، لەپێناوی مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەكەی بەكاری بهێنێت، پێشمەرگە هیچ كەمتەرخەم و كەموو كورییەكیان نییە و رۆژانە روبەروی دوژمن دەبنەوەو وڵات دەپارێزن، بەڵام شوڤێنیەتی حیزبی وایكردوە كەباسی هەر شتێك بكەی ئەو شتە بەسلبی هەڵ بسەنگێنیت”. دەشڵێت”لەكوردستاندا بەخەم بۆ ئەوە هەیە، كەحیزبەكەت لەدەسەڵات دا بمێنێتەوە و هەموو جومگەكانی هێز و ئەمن و ئاسایش و دام و دەزگاكانی حكومەت حیزب بەسەریدا زاڵ بێت، لەخەمی ناوبانگی حكومەتی هەرێم و بەدامەزراوەیی حكومەت دانیین”.
سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەپەڕلەمانی کوردستان، رەخنەکانی بەتەنها لەسەر یەکێتی نییە، بەڵکو رەخنە لەپەیەدەش دەگرێت، دەڵێت کاتێک” ساڵح موسلیم خۆی دەڵێت ئەو چەكانەی گەیشتوەتە كۆبانێ، هاوكاری یەكێتی و پارتی بووە و ناڵێت حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان بۆیان ناردوین” دەیەوێت “ئەو شانازیەی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ حیزبەكان نەك ببێتە مەسەلەیەكی نیشتیمانی و مێژوویی، ئەوەش كارێكی خراپە و كاریگەری سلبیشی دەبێت “.
پێشی وایە، پارتی یەکێتی” ئەگەر بۆیان بکرێت باسی جەهەنەم و بەهەشتیش بكەیت دەیكەنە مەسەلەی حیزبایەتی و دەڵێن خەڵك بەهۆی منەوە چونەتە بەهەشت و چونەتە جەهەنەم خەتای خۆیان بووە، بەداخەوە موزایەدە هەموو شوێنێكی ئەم وڵاتەی گرتوەتەوە، راستە لەكوردستان حكومەت هەیە، بەڵام هەیمەنەی حیزبی بەسەردا زاڵە”.