كچەكەی ئیسماعیل هەنیە لە ئیسرائیل چارەسەر دەكرێت
نوچەنێت-یەدیعوت ئەحرانۆت
جەنەراڵێكی سوپای ئیسرائیل دەڵێت بزوتنەوەی حەماس ئەندامانی خۆی دەنێرێتە ئیسرائیل بۆ چارەسەر، كەچی رێگا لە خەڵكی ئاسایی دەگرێت سەردانی نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئیسرائیل بكەن.
یوواف مۆردەخای جەنەراڵی ئیسرائیلی و رێكخەری كارەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە و كەناری رۆژئاوا دەڵێت دوو هەفتە لەمەوبەر دەسەڵاتدارانی حەماس داوایان كردووە رێگا بدرێت كچەكەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی حكومەتەكەی حەماس لە نەخۆشخانەكانی تەلئەبیب چارەسەر بكرێت و ئیسرائیلییەكانیش رەزامەندییان دەربڕیوە و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو كچە ئەنجامداوە.
بەرپرسە ئیسرائیلییەكە وتویەتی ئیسرائیل لە چارەسەری نەخۆشدا گوێ ناداتە شوناسی نەخۆش و كەس و كارەكەی.
حەماسیشی تاوانبار كردووە كە لەمپەر بۆ خەڵكی ئاسایی غەززە دروست دەكات كاتێك دەیانەوێ لە ئیسرائیل چارەسەر وەربگرن. “كاتێك بەرژەوەندی تایبەتییان هەبێت، حەماس هیچ گرفتێكی نییە لە ناردنی نەخۆشەكان بۆ ئیسرائیل. بەڵام كاتێك لەكاتی شەڕەكاندا نەخۆشخانەی مەیدانیمان درووستكردبوو، نەیاندەهێشت بریندارەكان بگەنە لای ئێمە و چارەسەریان بكەین”