سەرۆكایەتی هەرێم : چەكمان نارد بۆ كۆبانێ
نوچەنێت- هەولێر:
سەرۆكایەتی كوردستان لەبارەی گەیاندنی چەك و هاوكارییەكانی كوردستان بۆ كۆبانێ، راگەیەنراوێکی راگەیاند، تێیدا “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی 10ـی 2014 چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە گەییشتە شاری كۆبانێ”
سەرۆکایەتی کوردستان، سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات، بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی کوردستان، لەڕێی ئاسمانەوە بۆ كۆبانێ.
دەقی راگەیەنراوەکە:
ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی گەیاندنی چەك و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ
دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیكردنی كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها بڕیاری بوردومانكردنی مۆڵگەكانی داعش لە كۆبانێ لە لایەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی 10ـی 2014 چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی فڕۆكە ئەمەریكییەكانەوە گەییشتە شاری كۆبانێ.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕێی ئاسمانەوە بۆ كۆبانێ، بۆ ئەوەی ئەو قارەمانانەی لە كۆبانێ بەرگری دەكەن بتوانن سوود لەو چەك و هاوكارییانە وەربگرن.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
20ـی 10ـی 2014
