پەکەکە داوای سەرهەڵدان لەکوردانی باکور دەکات
نوچەنێت
هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK ) لەراگەیەنراوێکدا داوا لەخەڵکی باکوری کوردستان دەکات، بەهۆی هەوڵدان بۆ توندتر کردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەلایەن پەڕلەمانی تورکیاوە، سەرهەڵدان بکەن.
ئەمرۆ دواین رۆژی ئەو وادەیە کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، بۆ کۆتاهێنان بەپرۆسەی ئاشتی لەتورکیا دیاریکردبوو، ئەگەر ئەنقەرە هەنگاوی کرداری بۆ ئاشتەوایی هەڵنەگرێ. هەر ئەمرۆش هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان، KCK لەراگەیەنراوێکدا رایدەگەیەنن، پەڕلەمانی تورکیا هەوڵی توندترکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەدات، بۆیە داوا دەکەنن خەڵکی باکوری کوردستان برژێنە سەرجادەو بەرخودان بکەن، لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە”لە كاتێكدا كە چاوەڕێدەكرا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لابدرێت، هەنگاونانی ئەنقەرە بۆ فاشیستتركردنی ئەو یاسایە راگەیاندنی جەنگە بەرامبەر گەلی كورد و هێزە دیموكراسییەكان”.
هەر بۆیە کەجەکە داوای بەرەنگاربوونەوەی كۆمەڵایەتی و خۆپێشاندانی گشتگیر لە باكووری كوردستان و توركیا دەکات، بۆ وەڵامی ئەو هەوڵانەی حکومەتی تورکیا.