یەکێتی داوای پۆستی سکرتێری پەڕلەمان دەکاتەوەو کۆمەڵ بەهەقی خۆیی دەزانێت
نوچەنێت – تایبەت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، پرسی جێگرو سکرتێری پەڕلەمان لەنێوان پارتی و یەکێتی یەکلایی بۆتەوەو یەکێتی پۆستی سکرتێری پەڕلەمان وەردەگرێت، ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیش ئەو پۆستە بەمافی حزبەکەی دەزانێت و دەڵێت، ئێمە بەدەنگدان ئەو پۆستەمان وەرگرتووە.
لەدوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، بەهۆی کەمدەنگهێنانی یەکێتی، ئەو حزبە تا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، کە چەند مانگ دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، بەشداریکردنی لەحکومەتی کوردستان رانەگەیاند، بەو هۆیەوە بەشێک لەپۆستەکانی حکومەت کە پشکی یەکێتی بوون بەبەتاڵی مانەوە تائەوکاتی ئەو حزبە بەشداریکرد لەحکومەتی کوردستاندا، لەو نێوانەدا پۆستی جێگری سەرۆک و سکرتێری پەڕلەمان بەیەکلانەکراوەیی لەنێوان ئەو دووحزبەدا مایەوە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان، پارتی پۆستی جێگری سەرۆک و کۆمەڵی ئیسلامی پۆستی سکرتێری پەڕلەمانی کوردستانیان وەرگرت، یەکێتیش بەردەوام بوو لەداوای وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان.
لەدواین زانیارییەکاندا لەو بارەیەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیاند، پرسی پۆستەکانی پەڕلەمانی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا یەکلایی بۆتەوە، پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕلەمان بۆ پارتییەو سکرتێری پەڕلەمانیش بۆ یەکێتی دەبێت، یەکێتی ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە شوان رابەر ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، کە ئێستا پۆستی سکرتێری پەڕلەمان لای حزبەکەیەتی بەنوچەنێتی راگەیاند”ئێمە بە دەنگدان لە نێو پەرلەمان سكرتیری پەر لەمانمان وەرگرتووە، ئەگەر بەهەقیش لەگەڵمان بكرێ، لە حكومەت و لە پەرلەمان پۆستێكی باڵامان بەر دەكەوێت”.
ئەو ئەندامەكەی سەركردایەتی كۆمەڵ، دەشڵێت”كاتی خۆشی یەكێتی لە کاتی لەبەردەم بوو ئەگەر ئەندامی خۆی بۆ ئەم پۆستە كاندید بكردبایە، بۆ نەیکرد ؟ بەڵام هێشتا ئەم مەسەلەیە باس نەكراوە و لە ئارا دا نییە،هەركاتێك باسكرا سەركردایەتی كۆمەڵ وەڵامی خۆی دەداتەوە”.
هەر سەبارەت بەهەمان پرس محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان،بە (نوچەنێت)ی وت”ئێمه هەوڵ دەدەين پۆستەكە لای خۆمان بێت و پەيوەنديیەكانمان بەكاردێنين ئەگەر نا قسەيەكی تر دەكەين”.