عەبادی پرۆژەکەی تاڵەبانی بەزیانی کورد لەکەرکوک ئەکتیڤ دەکاتەوە
د. ئەشواق جاف داوا لەنێچێرڤان بارزانی دەکات لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ عەبادی گفتوگۆ بکات
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەپشت بەستن بەپرۆژەیەکی تاڵەبانی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک، هێزێکی سەربازی بۆ کەرکوک پێک دەهێنێت، ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی، ئەو هەوڵەی عەبادی بە پێشلکاری ئیرادەی دەنگدەرانی کەرکوک دەزانێت و داوا دەکات سەرکردایەتی کورد ئەو پرسە بەڕێگای سیاسی حەسم بکات.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، عەببادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنیازی دامەزراندنی هێزێکی سەربازییە لەکەرکوک، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری کوردیش بەسەر ئەو هێزەوە، پشت بەو پرۆژەی تاڵەبانی دەبەستێت، کە دواتر بووە بنەما بۆ مادەیەکی یاسایی لە دابەشکردنی پۆست و بەرپرسیارەتییەکانی کەرکوک.
دوای دامەزراندنەوەی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک، جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پرۆژەیەکی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک راگەیاند، کە بریتی بوو لە شەراکەت لەبەڕێوەبردنی شارەکە، بەرێژەی ٣٢% بۆ هەر یەک لە کورد، تورکمان و عەرەب، و رێژەی ٤% بۆ پیکهاتەی کلد و ئاشور.
دواتریش لەسەربنەمای هەمان بیرۆکەی تاڵەبانی، لە دانیشتنی رۆژی ٨-١٠-٢٠٠٨ پەڕلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحییەکانی دەرکرد، لەو یاسایەدا بەپێی مادەی ٢٣ لەشاری کەرکوک هەڵبژاردن نەدەکراو سەرجەم پۆستەکانی شارەکە بەرێژەی %٣٢ بۆ کورد و عەرەب و تورکمان و رێژەی ٤% بۆ پیکهاتەی کلد و ئاشور، دابەشدەکران.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لەدوای پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی ئەو یاسایە بەسەر کەرکوکدا، لە سەرەتای ٢٠١٣ محمد کمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە رێگەی پارێزەری تابەتی خۆیەوە لە دادگای ئیتیحادی تانەی لە مادەی ٢٣ دا و دوای چەند دانیشتنێکی دادگا، لە رۆژی ٢٦ /٨/٢٠١٣ ، دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی 23 لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و مافی دەنگدان بەبێ هیچ مەرجێک بۆ خەڵکی کەرکوک گەڕایەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، وێڕای هەڵوەشاندنەوەی مادەی ٢٣ لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە لەبیرۆکەکەی تاڵەبانییەوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک سەرچاوەی گرتبوو، لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە، جارێکی تر بەرپرسانی عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەمان بیرۆکەی تاڵەبانی و دەیانەوێ وەک بنەمایەک بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازی لەکەرکوک پشتی پێ ببەستن، بۆ ئەمەبەستەش وەک لەکارنامەکەی حکومەتی حەیدەر عەبادیدا هاتبوو، پرۆژەیەک بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە ئامادەکراوە.
لای خۆیەوە د.ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی کوردستان زانیارییەکانی نوچەنێتی پشتراستکردەوەو لەلێدوانێکدا بەنوچەنێتی راگەیاند هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی ئەو هێزە، بۆ ئەمەبەستەش رەشنوسێك ئامادەکراوە و” لە كارنامەی حكومەتەكەی عەبادی دا هاتووە، تایبەتە بەخۆبەخشەكان و ئەوانەی شەری داعش دەكەن، بەپێی ئەو رەشنوسە لەچوارچێوەی هێزێکدا رێکدەخرێن، کەرکوکیش دەگرێتەوە لەکاتێکدا کەرکوک هێزی پێشمەرگەو تا ئاستێک سوپای عێراقیشی تێدایە، رەنگە ئەم هێزە بۆ ئەو ناوچانە پێویست بێت، كە هێزی سەربازی تێدانییە، نەوەك بۆ شارێكی وەكو كەركوك، چونكە وەک وتم کەرکوک هێزی پێشمەرگەی تێدایە و ئەوان ئاسایشی ئەو ناوچەیان پاراستووە”.
ئەو پەڕلەمانتارەی کورد، دەشڵێت”لەو رەشنوسەدا هاتووە، ئەو هێزەی کەبەنیازن لەکەرکوک دروستیبکەن، بەرێژەی سی و دوو بە سی و دوو بۆ عەرەب و کورد و تورک و چواریش بۆمەسیحی کلدو ئاشور دابەشدەکرێت، ئەمە پێشێلكاریی ئاشکرای ئیرادەی دەنگدەرانی كەركوكە، چونكە هەموومان دەزانین رێژەی دەنگدەرانی كورد لەو شارە 8 كورسیە، بۆیە ئەگەر هێزێکی واش دروستبکرێت، کەبەڕای من بۆ کەکروک پێویست نییە، دەبێت موراعاتی رێژەی کورد بكرێت”.
د. ئەشواق جاف رایدەگەیەنێت، ناکرێ هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی خۆبەخش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت” پێشمەرگە هێزێکی نیزامییە، لەفەرمانی تایبەت بەمیلیشیا لەساڵی 2004 ، ناوی هێزی پێشمەرگە بەقواتی موسەلەحە هاتووە، كەواتە لەو فرمانە دانیان ناوە بەهێزی پێشمەرگە، وەكو هێزی سەربازی، بۆیە ناكرێت هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ بخرێتە ناوڕەشنوسێك كە تایبەتە بەخۆبەخشەکان”.
د. ئەشواق جاف داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەکات، کەبڕیارە بەسەرۆکایەتی شاندێک بچێتە بەغدا،”بەشێوەیوەكی یاسایی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ عەبادیدا گفتوگۆبكەن، چونكە ئەمە پێشلیكاریە بەرامبەر بەمافی پێشمەرگە و ئیرادەی دەنگدەرانی كەركوك”.
هۆشداری دەداتە سەرکردایەتی کورد لەوەی کە”ئەگەر ئەو پرۆژەیە هاتە ناو پەرلەمان، تێکەڵ بەموزادەیەی سیاسی دەبێت، ئەوكاتەش ئەوان بەزۆرینەی دەنگ پەسندی دەكەن، بۆیە تا ئەو پڕۆژەیە نەهاتوەتە پەرلەمان، پێویستە نوێنەرانی كورد لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەخەت لەخاڵە یاسایەكان بكەنەوە، بەپێی ئەزمونی خۆم لەپەڕلەمان، بەباشی دەزانم پێش ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بێتە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، لالەیەن سەرکردایەتی کوردەوە هەوڵ بدرێت لەرێگای سیاسییەوە ئەو پرسە حەسم بكرێت”.