پارتی و یەکێتی سنور بۆ قسەکردن دادەنێن
نوچەنێت . تایبەت
سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەنوچەنێت ی راگەیاند، یەکێتی و پارتی پێکەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی رایەکی هاوبەش لەسەر ئەرکەکانی پەڕلەمان و حکومەت، رێگا بەهیچ کەس لەکادرو سەرکردەکانیان نادرێ، لەدەرەوەی ئەو راو تێگەشتنە هاوبەشە لێدوان بدات. دەشڵێت” ئەگەری هەیە بەفەرمی کۆتاهاتنی رێککەوتنی ستراتیژی رابگەیەنرێت و لەجێی ئەو رێککەوتنێکی لەیەکگەشتن واژۆ بکرێت”.
دوای ماوەیەک ساردی سیاسی و پەیوەندییەکانی هەردوو حزبی هاوپەیمانی جاران و لێدوانی دژ بەیەک، رۆژی یەک شەممەی رابردوو ١٢-١٠-٢٠١٤ هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسلێمانی کۆبونەوە، لەدوای کۆبونەوەکە هەر یەک لەنێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆبونەوەکەیان بەگرنگ باسکرد، هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا مەلا بەختیار ئاشکرای کرد، بڕیاردراوە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێكبهێنرێت، لیژنەکەش لە پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دەكات و لە یەكێتیش مەلا بەختیار خۆی سەرپەرشتی دەكات.
سەرچاوەیەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان، گرنگترین کارەکانی ئەو لیژنە هاوبەشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ نوچەنێت ئاشکرا دەکات و لەلێدوانکێدا دەڵێت”کاری لیژنەکە، پێداچونەوەیە بەهۆکارەکانی ئەو ساردییە سیاسییەیە کەلەپەیوەندییەکانی هەردوولا دروست بوون، جارێکی تر بەپێی گۆڕانکارکارییە تازەکان، پەیوەندییەکانی هەردوولا دادەڕێژێتەوە، ئەگەری هەیە بەفەرمی کۆتاهاتنی رێککەوتنی ستراتیژی رابگەیەنێت و لەجێی ئەو رێککەوتنێکی لەیەک گەشتن لەنێوان هەردوولا واژۆ بکرێت”.
هەر ئەو سەرچاوەیە بۆ نوچەنێت، ئەولەویەتی کارەکانی ئەو لیژنەیە وا باس دەکات،کە”سەرەتا هەوڵ دەدرێت، لەسەرەوە تێگەشتنێکی هاوبەش بۆ کاری پەڕلەمانی و حکومەتی دروست بکرێت، دواتر ئەو تێگەشتنە شۆڕ دەکرێتەوە، بۆ خوارەوەی هەردوو حزب، بەتایبەت بۆ سەرکردەو راگەیاندن و پەڕلەمانتارانی هەردوولا، کە لەدەرەوەی ئەو تێگەشتنە بۆ ئەرکی حکومەت و پەڕلەمان، لێدوان لەهیچ کەسێکی هەردوولا قبوڵ ناکرێت”.
ئەوەشی رەتکردەوە کە مەبەست لەو بڕیارە بەرتەسککردنەوەی ئازادی بێت، دەڵێت” ئەوە بچوککردنەوەی ئازادی نییە، لەهەموو دونیادا وایە، ئەوەی لەحکومەتدا بوو، دەبێ پەڕلەمانتارەکانی سەرکردەکانی بزانن، شەریکن لەشکست و سەرکەوتنی کارەکانی حکومەت، بەڵام لەکوردستان تا ئێستا وانەبووە، ئێمە بەجیاوازی بیروڕاوە لەحکومەت و پەڕلەمان دەبین، ئەو جیاوازییە بەپارێزراوی دەهێڵینەوە، بەڵام پێکەوە لەبەرنامەی حکومەتدا شەرکین، دەبێ داکۆکی لەسەرکەوتنی ئەو بەرنامەیە بکەین، لەکوێ دەرچوون لەبەرنامەی حکومەت هەبوو، دەبێ چاکی بکەین چونکە خۆمان شەریکین، ئەگەر بەقسەمان نەکرا، دەکرێ رایبگەیەنن، کە شکاندنی رێککەوتنی دروستکردنی حکومەت هەیە، و قبوڵی ناکەین، نەک لەناو حکومەت بین و قسەی دژ بەیەک بکەین، لەهەمووشی خەتەرتر لەم ماوەیە ئەوەبووە، لەناو ریزەکانی پێشمەرگەدا بەهۆی لێدوانی هەندێ بەپرس خەریک بوو، جیاوازی و دابەش بوون روویدەدا، لەکۆبونەوەکەدا برادەرانی پارتی رەخنەیان هەبوو لەپەڕلەمانتارانی یەکێتی و هەندێ ناوەندی رەسمی یەکێتی، کە تەمسلی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، ئێمە رەخنەکەی ئەوانمان قبوڵکردووە، ئێمەش رەخنەمان لەهەندێ بەرپرس و ناوەند و میدیای سێبەری پارتی هەبووە، کە بەبەرنامە لەهەوڵی ناشیرینکردنی یەکێتی و گەورەکردنی جیاوازییەکانی نێوان یەکێتی بزوتنەوەی گۆڕاندان، ئەوانیش رەخنەکایان قبوڵکردووە، ئێ مادام هەردوولا گەشتینە ئەو بڕوایەی کە رەخنەکان بەجێن، کەوایە دەبێ خاڵێک دابنێین بۆ زیادەڕەوییەکان، ئەو لیژنەیەش هەوڵ دەدات ئەو خاڵە دابنێ”.
بەبڕوای ئەو سەرچاوەیە لەیەکێتی کە بۆ نوچەنێت قسەی کرد”خەڵکێک پێی وایە ئازادی بیروڕای ناو یەکێتی بریتییە لەوەی هەرکەس بۆخۆی قسە بکات، بەڵام وانییە، یەکێتی لەچوارچێوەی سیاسەت و ئامانج و ستراتیژیەتی حزبەکەیدا رێگا بە تەحلیلاتی شەخسی ئەندامانی خۆی دەدات، تا لەو رێگەیەوە توانای خۆیان بەکاربهێنن رونکردنەوەو بەرچاورونی زیاتر بۆ جەماوەر بکەن، بەڵام کەبگاتە ئاستی شکاندنی ستراتیژیەتی یەکێتی، بێگومان بڕیاری مەبدەئی یەکێتییە، کە لەهیچ کەسێکی یەکێتی قبوڵ ناکرێ، لەهەر ئاستێکدا بێ و لێدوانی دژ و بۆ دژایەتیش لەهیچ لایەنێک قبوڵ ناکەین، لەکاتی خۆی وەڵاممان دەبێت”.