بەرپرسێکی پەیەدە بۆ نوچەنێت: بەدەستپێشخەری و بانگهێشتی بارزانی ساڵح موسلیم سبەی دەگاتە هەولێر
دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت
بەرپرسێکی پەیەدە بەنوچەنێتی راگەیاند، لەسەر بانگهێشتی بارزانی، هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم سبەی سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆکی کوردستان کۆ دەبێتەوە، وتیشی چەند وڵاتێکی ئەورپا بەڵێنی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان داوە، بەڵام جگە لەقسە هیچمان نەبینیووە.
دیار قامشلۆ نوێنەری پەیەدە لەکوردستان، بەنوچەنێتی راگەیاند” بەدەستپێشخەری و بانگهێشتی، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سبەی ساڵح موسلیم هاوسهرۆكی پارتى يهكێتى ديموكراتى (پهیهده) له رۆژئاوای كوردستان، بەسەردانێك دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە گەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەرەوشی كۆبانێ كۆدەبنەوە”.
لەسەرەتای هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر کۆبانی، ساڵح موسلیم لەهەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپایە، نوێنەری پەیەدەش لەکوردستان لەبارەی دەستکەوتی سەردانەکانی موسلیم، دەڵێت”زۆر لەوڵاتانی ئەوروپاو كەسایەتی بەڵێنیان دابوو هاوكاری رۆژئاو و كانتۆنەكانی بکەن”. بەڵام ئامادەنەبوو ناوی ئەو وڵات و كەسایەتیانە ئاشكرابكات، و، تەنها ئەوەندەی وت کە”بەكردار هیچمان نەبینی بیکەن جگە لەقسە”.
سەردانی ساڵح موسلیم بۆ باشوری کوردستان بۆ جاری یەکەم نییە، پێشتریش حزبەکەی موسلیم و لایەنەکانی تری رۆژئاوای کوردستان، لەسەر دەستی بارزانی سەرۆکی کوردستان، رێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە پێکەوە ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان پێکبهێنن، بارزانیش بەمەرجی ئەو یەکگرتنە، ئامادەیی پێراگەیاندن کەهەموو هاوکارییەکیان پێشکەش دەکات، بەڵام دواتر جارێکی تر ناکۆکی کەوتەوە نێوان لانەکانی ئەو بەشەی وڵات، دیار قامشلۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەیەدە لەکوردستان لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، باسی ئەوەی نەکرد کە ئاخۆ بارزانی سورە لەسەر مەرجی یەکگرتنی لایەنەکانی رۆژئاوا، یان گۆڕان بەسەر مەرجەکانیدا هاتووە، تەنها ئەوەندەی وت” تا ئێستا نازانین مەرجەكان چین تاكۆبونەوەکە نەكرێت ، بەڵام هیوادارین لەم كاتە هەموو كوردەكان یەكریز و یەك دەنگبن، چونكە پرسی چارەنوسی گەلی كوردمان لەبەردەمدایە “.
نوێنهری پهیهده له ههرێمی كوردستان ئهوهشی خسته ڕوو، هێرشەكان لەسەسەر كۆبانێ زۆر سەختن و یەكینەكانی پاراستنی گەل شەڕی كوڵان بەكۆڵانی چەتەكانی داعش دەكەن، بەسەدان لاشەیان پێ بەجێ هێشتون و ماوەی دوو رۆژیشە بەسەختی بۆردومانی هێزەكانی دەعش دەكرێت لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە.