باری تەندروستی حەیدەر عەبادی باش نییە
نوچەنێت ئاژانسەكان
دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پەیوەندی بە خراپی باری تەندروستی حەیدەر عەبادییەوە هەیە، بەجۆرێك نەیتوانیوە بەشداری كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بكات.
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبوونەوە بكات بۆ تاوتوێكردنی پرسی بودجەی عێراق، بەڵام بەهۆی ناتەواوی باری تەندروستی عەبادییەوە كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ سێشەممە.
فارس جەجۆ وەزیری زانست و تەكنۆلۆجیای عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرای كرد دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران لە یەكشەممەوە بۆ سێشەممە، پەیوەندی بە تێكچوونی باری تەندروستی حەیدەر عەبادییەوە هەیە.
یەكێك لەو بابەتانەی عەبادی سورە لەسەر تاوتوێ كردن و دەستكاریكردنی، ئەو پارە زۆرەیە كە حكومەتی پێشو بە سەرۆكایەتی مالیكی لە چوارچێوەی گرێبەستی كڕینی چەك و تفاقی سەربازیدا دیاری كردووە تا لە بودجەی خەمڵێنراودا جێكەی بكرێتەوە، عەبادی لەو پارە زەبەلاحە نیگەرانە كە بۆ مەبەستی گرێبەستی كڕینی چەك دابینكراوە و سوورە لەسەر ئەوەی بیگۆڕێت.
وەزیرە عێراقییەكە تەئكیدی كردۆتەوە سەرجەمی بودجەی كوردستان كە 18 تریلیۆن دینارە و دەكاتە 17%ی بودجەی گشتی عێراق، لە پرۆژەی بودجەی ساڵی 2014ی عێراقا جێی كراوەتەوە.