سەعدی پیرە: پارتیش ڤایرۆسەکە لێی داوە، دەبێ حەسانەی پەڕلەمانتاری لەعەلی حەمەساڵح بسەنرێتەوە
نوچەنێت
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکرایکرد، حزبەکەی پۆستی سکرتێری پەرلەمان وەردەگرێت، و جێگری سەرۆکی بۆ پەڕلەمانی کوردستان یەکلابۆتەوە، وتیشی دەبێت لێکۆڵینەوە لەقسەی پەڕلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت، ئەگەر نەسەلما حەسانەی پەڕلەمانتارای لێوەربگیرێتەوە.
سەعیدی ئەحمەد پیرە لەرووداو رایگەیاند، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەرۆژنامە فەرمییەکانی وەک خەبات و کوردستانی نوێ هێرش ناکەنە سەر یەکتر، بەڵکو لەرۆژنامەی سێبەرو بەوەکالەتەوە ئەو کارە دەکەن، وتیشی” لەناو یەکێتی مەرکەزیەتی گەورە نەبووە، خەڵک بەئازادی قسەی کردووە، پێشتر پارتی مەرکەزیەتی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئێستا وا نەماوەو پارتیش ڤایرۆسەکە لێی داوە، و خەڵکی ئەوانیش بێ گەرانەوە بۆ سەرەوەی خۆیان قسە دەکەن”، دەشڵێت”ئەگەر زەورە پارتی و یەکێتی پێکەوە کار بکەین، دەبێ زەمینەسازی بۆ بکەین، لەناو پەرلەمان ئەوە بسەلمێنین کەبەڵێ کۆپی یەکتر نین، جیهانبینی جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەوە بزانین کە بەرنامەیەکی موشتەرەکی حکومیمان هەیە، نابێ لێی دەربچین”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، رەخنەی لەلێدوانی بەرپرسانی هەردوو حزبەکە گرت و وتی”هەندێ بابەت دروست بووە، کە دوژمن زۆر زیاتر لەئێمە سودی لێ دەبینێ، ئێمە بەشەوق و زەوقەوە باسی شکستی یەک دەکەین، لەکاتێکدا پێشمەرگە هەموو پێشمەرگەی کوردستانە، سەرکەوتنی هی هەموومانە و شکستی هی هەموانە، ئەگەر کەموکوریش هەیە دەبێ سەرۆکی هەرێم، ئیجرائات بکات”.
پیرە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پۆستی “سکترێکی پەڕلەمان بۆ یەکێتی دەبێت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت، و ئەوە یەکلابۆتەوە”.
چەند رۆژ لەمەوبەر عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان، ئەوەی راگەیاند چەند بەرپرسێکی پارتی و یەکێتی بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش دەکەن، سەعدی ئەحمەد پیرە، لەوەڵامدا وتی” من ئاگاداری شتی وانیم، بیستومە پەڕلەمانتارێک وایوتووە، ئەبێ لێکۆڵینەوە بکرێت، ئەگەر وابوو ئیجرائات بکرێت، راستیش نەبوو، دەبێ حسانەی پەڕلەمانتاری لێوەربگیرێتەوە”.