نێچیرڤان بارزانی: بۆردومانی داعش لەکۆبانێ لەسەر داواو بەهەماهەنگی هەرێمی کوردستان بووە
چەک و تەقەمەنیمان ناردووە بۆ کۆبانێ
حكومەتی كوردستان كۆنترۆڵی نەوت ناداتە دەست بەغدا
نوچەنێت
.
سەرۆکی حکومەتی کوردستان، رەتیکردەوە عەبادی مەرجی بۆ کورد دانابێت، کۆبانی بەپرسێکی گرنگ بۆ کوردستان ناوبردو ئاشکرایکرد، حکومەتی کوردستان چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو شارە ناردووە، و فرۆکە ئەمریکییەکان لەسەر داوای هەرێمی کوردستان بۆردومانی داعشیان کردووە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەی کەئەمرۆ دوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی ئەنجامدرا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، رایگەیاند “كۆبانێ بە نیسبەت ئێمەوە پرسێكی گرنگە، ئەوەی لە تواناماندا بێت كردوومانەو درێغی ناكەین”. بەڵام بارزانی هەڵکەوتەی جوگرافی کۆبانێی، بە ئاستەنگ زانی لەبەردەم حکومەتی کوردستان، بۆ ناردنی هێز بۆ ئەو شارە، ئەوەشی خستەڕوو، هەرچییان لەدەستهاتووە بۆ كۆبانێ درێغییان نەكردووە و” حكومەتی كوردستان جگە لە هاوكاریی مرۆیی، چەك و تەقەمەنیشی بۆ كۆبانێ ناردووە”.
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد کە”بۆ لێدانی چەكدارانی داعش، لە دەوروبەری كۆبانێ حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنسیقی لەگەڵ ئەمریكا كردووە، بۆردوومانكردنی داعش لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە لەسەر داواو بە هەماهەنگی هەرێمی كوردستان بووە “.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق، و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، سەرۆکی حکومەتی کوردستان وتی”هەلومەرجێكی نوێ لە بەغدا هەیە و ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئەوەیە كێشەكان بەهێمنی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات وەكو كێشەی بودجە و پێشمەرگەو پرسی وزە، ئێمە دەمانەوێت چانسێك بدەینە سەرۆكوەزیرانی نوێ”.
ئەوەشی رەتکردەوە کە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مەرجی بۆ كورد دانابێت و رایگەیاند “هیچ شتێكی فەرمیم لەوبارەیەوە نەبیستووە، بەڵام هەرێمی كوردستان ئامادەیە مەرجی شەفافی قبوڵ بكات و بۆ ئەوە ئامادەین هەموو زانیارییەك بدەینە بەغدا”. جەختیشیكردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی نەوت ناداتە دەست بەغدا.