سۆران عومەر بۆ نوچەنێت: داوامان لە توركیا کرد چەك بنرێت بۆ كۆبانێ، وتیان ئەو چەکە دەکەوێتە دەست پەکەکە و شەڕی تورکیای پێدەكات

0

سۆران عومەر بۆ نوچەنێت: داوامان لە توركیا کرد چەك بنرێت بۆ كۆبانێ، وتیان ئەو چەکە دەکەوێتە دەست پەکەکە و شەڕی تورکیای پێدەكات

تورکیا نە ھێز ڕەوانە دەکات و نە چەکیش بۆ كۆبانێ ، بەڵکو تەنیا تەماشاکەرە.

sss17567_nنوچەنێت – تایبەت:

ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی بۆ نوچەنێت دەڵێت،جگە لە تورکیا ھیچ رێگەی دیکە نییە بۆ ئەوەی ھاوکاری بگەیندرێتە کۆبانی و تورکیاش جگە چارەسەرکردنی بریندارانی یەپەگە لە نەخۆشخانەکانی شتێکی دی بۆ کۆبانی ناکات.

پێش چەند رۆژێک شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە لە 10ئەندام پەرلەمان لەسەر جەم فڕاكسیۆنەكان پێکهاتبوو بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی شاری كۆبانێ سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری باکووری کوردستان و ھاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی کۆبانی و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی رۆژئاوای کوردستان و بەدەپە و پارێزگاری ئۆرفا کۆ بوونەوە.

سۆران عومەر،ئەندامی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی، دەربارەی ئەو سەردانە و کۆبوونەوەکانیان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند:ماوەی دوو رۆژ تورکیا بە ھۆی شەڕی سەختی کۆبانی رێگەی نەدا بچینە کۆبانی، دواتر رێگەی دا و بۆ ماوەی سەعاتێک چووینە ناو کۆبانیوە، بەڵام نەمانتوانی لە چەکدارانی کورد نزیک ببینەوە، چونکە شەڕێکی سەختی کۆڵانان بەردەوام بوو و، فڕۆکە جەنگییەکانیش مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان دەکرد، بۆیە ئێمەش نەمانتوانی لەوێ بمینێینەوە و گەڕاینەوە.

سۆران عومەر لەهەمان كات كە ئەندامی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە زیاتر روونی کردەوە:رەوشی سنوور ئاڵۆزە و لە شارە کوردییەکان خۆپێشاندانە و رێگەیش بە ئاوارەکان دەدرێت بچنە ناو تورکیا و تا ئێستایش 415 برینداری شەڕڤانان ڕەوانەی تورکیا کراون و، چارەسەرییان بۆ کراوە.

لە درێژەی قسەکانیدا عومەر وتی:داوامان کرد کوردانی رۆژئاوا پێویستیان بە ھاوکاریی تورکیا ھەیە، بەڵام ئەوان نەیانشاردەوە ناتوانن چەکیان پێ بدەن، چونکە ترسیان ھەیە ئەو چەکە بکەوێتە دەست پەکەکە و دواتر شەڕی تورکیای پێ بکرێت.

ئەندامەکەی شاندی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند: لەگەڵ پەیەدە و باکووری کوردستان قسەمان کرد کە جگە لە تورکیا ھیچ رێگەی دیکە نییە،تا چەک بۆ کۆبانی رەوانە بکرێت.

سۆران عومەر،وتیشی:ئەگەر ئەمەریکا بە جیددی بۆردوومانی داعش نەکات، کۆبانی مەترسی لەسەرە و شەڕڤانانی کورد، بەو چەکەی هەیانە بەرگەی ئەو ھەموو ھێرشە ناگرن و ئەگەری روودانی جینۆساید ھەیە، چونکە داعش بە جۆرەها چەکی قورس هێرشی بەرپا کردووە و، نزیکەی 3ھەزار چەکداری کورد، لە سێ لاوە لەلایەن داعشەوە گەرمارۆ دراون و، ھێرشیان دەکرێتە سەر.. سنووری تورکیایش تەنیا بۆ حاڵەتی مرۆیی کراوەیە و رێگە بە ھیچ حاڵەتی دیکە نادەن.

ئەو ئەندامەی شاندی پەرلەمان کە چووبووە کۆبانی، دەڵێ:داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانمان کردووە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی باس لە رەوشی کۆبانی بکرێت، تا ھەوڵی زیاتر بدرێت لەگەڵ تورکیا بۆ ھاوکاریکردنی ئەو شارە، چونکە تورکیا نە ھێز ڕەوانە دەکات و نە چەکیش، بەڵکو تەنیا تەماشاکەرە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com