سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا دەكات ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكەی هەولێر هیرشیان كردە سەر رۆژنامەنوسان بەزووترین كات بدرێنە دادگا

0

سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا دەكات ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكەی هەولێر هیرشیان كردە سەر رۆژنامەنوسان بەزووترین كات بدرێنە دادگاhh483412453_n
نوچەنێت – هەولێر:
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەبارەی هێرشكردنە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوەو دام و دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم بە بەرپرسی یەكەم دەزانێت و داواش دەكات ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكەی هەولێر هیرشیان كردە سەر رۆژنامەنوسان بەزووترین كات بدرێنە دادگا.

لەبەشێكی بەیاننامەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، كەوێنەیەكی بۆ (نوچەنێت)نێراوە هاتووە: رێگا نەدرێت چەند كەسێكی گێرەشێوێن، لەم هەلومەرجە ناسك و مەترسیدارە، گەمە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەن و ئازادییەكانی میدیا تەسك بكەنەوەو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان سارد بكەنەوە.
ئەمەی خوارەوەش دەقی بەیاننامەكەیە:

بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

لەبارەی هێرشكردنە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن
ئێوارەی رۆژی 8/10/2014، لەكاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانێك كە لەلایەن زیاتر لە 30 حزبی كوردستانییەوە لەبەردەم بارەگای UN لە شاری هەولێر، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەباتی كۆبانێ رێكخرابوو، لەلایەن چەند كەسێكی نابەرپرس و گێرەشێوێن، هێرش دەكرێتە سەر تیمی كەناڵی رووداو (محەمەد عزەدین/ پەیامنێر هەژار ئەرگوشی/ پەیامنێر، زەردەشت خان/ وێنەگر)، هەروەها دەستبەسەركردنی كامێرای رزگار كۆچەر، ئەندامی لقی هەولێری سەندیكا و پەیامنێری كوردستان تی ڤی و سامی سادق وێنەگری هەمان كەناڵ و چەند كەناڵێكی دیكە.
هەروەها هێرشكەران بەبەرچاوی پەرلەمانتاران و 30 حزبی كوردستانی و بەبەرچاوی كامێراكانی میدیای ناوخۆ و دەرەوە، بەدار و شەلاق دەكەونە سەر و پۆتەڵاكی میدیاكارانی رووداو تەنانەت كاتێك رائیدی پۆلیس (كاروان عەبدولكەریم) هەوڵی رزگاركردنی هەژار ئەرگوشی دەدات، كە بەرینداریش هەوڵ دەدەن هێرش بكەنە سەری، دوور لە هەموو بنەمایەكی قانوونی و ئەخلاقی.
هەموو ئەو میدیاكارانە بۆ ئەوە لەوێ بوون دەنگی ناڕەزایی و هاوخەباتی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كۆبانێ تێكۆشەر بگوازنەوە، كە ئەم پێشێلكارییە جگە لەوەی سەرپێچییەكی ئاشكرای یاسای رۆژنامەگەری بوو، كارێك بوو دژی هەموو یەكڕیزییەكی خەڵكی كوردستانە بۆ هاوخەباتی خەڵكی كۆبانێ.
ئێمە لە لێژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیی لە سەندیكای رۆژنامەنووسان، دام و دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسی یەكەم دەزانین، داوا دەكەین بەزووترین كات پێشێلكاران بدەنە دادگا و رێگا نەدرێت چەند كەسێكی گێرەشێوێن، لەم هەلومەرجە ناسك و مەترسیدارە، گەمە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەن و ئازادییەكانی میدیا تەسك بكەنەوەو هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان سارد بكەنەوە.
لێژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیی و مافی رۆژنامەنووسان لە كوردستان
هەولێر 9/10/2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com