كۆسرەت رەسوڵ عەلی : بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ماددی و مەعنەوی خوشك و برایانمان دەكەین لە هەرێمی كۆبانێ

0

nuche (51)كۆسرەت رەسوڵ عەلی : بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ماددی و مەعنەوی خوشك و برایانمان دەكەین لە هەرێمی كۆبانێ

نوچەنێت – هەولێر:

جێگیری سكرتێری گشتی یەكێتیی، لەپەیامێكدا رایدەگەیەنێت: هەموو كردەوە چەپەڵەكانی داعش و داعشییەكان مەحكوم دەكەین و هەرچی لەتواناماندا بێت لە كۆمەك و هاوكاری ماددی و مەعنەوی پشتیوانی خوشك وبرایانمان دەبین لە هەرێمی كۆبانی و هەر جێگەیەكی تر كە پێویست بكات.

 

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگیری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و تێدا رای حیزبەكەی بەروداوەكانی رۆژائاوای كوردستان خسوەتەوروو و وتویەتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی تەواوی گەلەكەمان دەبێت لە رۆژئاوا.

 

نابراو بەپێویستیشی دەزانێت بەشێوازی رێپێوانی هێمنانە لە تەواوی شار و شارۆچكەكان هیرشی دڕندانەی داعش پیشانی رای گشتی و جیهان بدرێت و پشتیوانەكانیان رسوا و مەحكوم بكرێن.

 

ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامەكەیە:

 

جەماوەری بەشەرەفی خەڵكی كوردستان

 

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان

 

ماوەیەكە گەلەكەمان لەباشور و رۆژئاوای كوردستان كەوتۆتە بەر شاڵاوێكی بەربەریانەی تیرۆریستانی داعش، دوێنێ لەشەنگال خوشك و برا ئێزیدییەكانیان قەتڵ و عام كردین ئەمڕۆش بەنیازی كۆمەڵكوژییەكی دڕندانەترن لە هەرێمی كۆبانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام تێكۆشەران و شەڕڤانانی یەپەگە پڵنگ ئاسا لەبەرانبەریان وەستاون و سات لەدوای سات لە شكست پێهێنانی یەكجارەكی نزیكیان دەكەنەوە، سەنگەر لە دوای سەنگەر پاشەكشەیان پێ دەكەن و تا دواسەنگەریان لێ دەكەنە گۆڕی پڕشەرمەزاری هەمیشەییان.

 

“یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی تەواوی گەلەكەمان دەبێت لە رۆژئاوا و هەموو كردەوە چەپەڵەكانی داعش و داعشییەكان مەحكوم دەكەین و هەرچی لەتواناماندا بێت لە كۆمەك و هاوكاری ماددی و مەعنەوی پشتیوانی خوشك وبرایانمان دەبین لە هەرێمی كۆبانی و هەر جێگەیەكی تر كە پێویست بكات، لە ئێستاشدا چەند هەنگاوێكی گرنگ و بەپەلە لەلایەن حزب و هێزە كوردستانیەكانەوە بەگونجاو و پێویست دەزانین وەك:

 

یەكەم: كاركردن بۆ پتەو كردنی ریزەكانی كوردایەتی و رێكخستن و یەكخستنی ناو ماڵی كوردی لە رێگای پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی نەتەوەییەوە كەتەواوی هێزە سیاسیە كوردستانیەكان بەشداربن تیایدا كە ئامانجەكەی یەكخستنی خیتابێكی سیاسی نەتەوەیی كوردی بێت بەشێوازێك كە شایستە بێت بەخەبات و گیان فیدایی و خۆڕاگری گەلەكەمان لە هەموو پارچەكانی كوردستان.

 

دووەم: پێكهێنانی هەیئەتێكی سیاسی دبلۆماسی باڵا لەسەر ئاستی هێزە سیاسییە كوردستانیەكان بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ تەواوی ئەو هێز و دەوڵەتانەی كەكاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر سنوردانان بۆ ئەم هێرشە بەربەریانەیەی داعشیەكان و هاوپەیمانەكانیان لەسەر گەلی كوردستان بەتایبەت ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كاری ئەم هەیئەتە كارێكی بەپەلە و دەست بەجێیە هیچ دواكەوتن هەڵناگرێت.

 

سێهەم: گەلی كوردستان گەلێكی ئازاد و دیموكراس خوازە و ئاشتی و ئارامی جیهان و ناوچەكە لە ریزی پێشەوەی خواستەكانیەتی.. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم خواستە مرۆڤ دۆستانەیە لە رێگای خەباتی جەماوەرییانەی میللییەوە بەشێوازی رێپێوانی هێمنانە لە تەواوی شار و شارۆچكەكان پیشانی رای گشتی جیهان بدەین، تیایدا دڕندایەتی داعش و پشتیوانەكانیان رسوا و مەحكوم بكەین.

 

بژی كورد بژی كوردستان

ریسوایی بۆ دوژمنانی مرۆڤایەتی

 

كۆسرەت رەسوڵ عەلی

جێگری سكرتێری گشتی ی.ن.ك

8-10-2014

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com