بەرپرسێکی پەیەدە بۆ نوچەنێت: یەپەگە توانیان هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ تێكبشكێنن و لەشار دەریان بكەن
نوچەنێت ــ تایبەت
بەرپرسێکی پەیەدە بەنوچەنێتی راگەیاند، زانیارییان هەیە ژووری عەمەلیاتی هاوبەش لەنێوان داعش و حکومەتی تورکیا هەیە، دەشڵێت یەکینەکانی پاراستنی گەل، توانیویانە داعش لەناو کۆبانێ دەربکەن و ئێستا شەڕ لەدەرەوەی کۆبانێیە.
دیار قامیشلۆ نوێنەری پەیوەندییەكانی پەیەدە لەهەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی پێشڕەوییەکان و دواین سەرکەوتنەکانی یەپەگە چین؟ تایبەت بە(نوچەنێت) وتی:ئەوە 24 رۆژە لەسەر كۆبانێ هێرشێكی گەورە هەیە بەتایبەتی لەسەر هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، لەو هێرشەدا چەتەكانی داعش هەموو جۆرە هێز و چەكێكیان بەكارهێناوە و زۆریشیان هەوڵداوە ئەو شارە بگرن، گرتنی ئەو شارە لەدیدی داعش واتە تێكشكاندنی ئیرادەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، ئەوە چەند رۆژێكە هێزەكانی هاوپەیماننان هێرشیان كردوەتە سەر چەتەكانی داعش و لە ئێستاشدا هاوپەمانیەتێكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لێدانی داعش، چونكە ئەمرۆ داعش بوەتە مەترسێكی نێودەوڵەتی.
رونیشكردەوە خاڵی لاوازی شاری كۆبانێ ئەوەیە، كە بەتەنهایە و چواردەوری گیراوەو ناتوانرێت هێز و چەكی بۆ بنێرێت، داعشیش ئەوەی قۆستەوەتەوە، بەڵام یەكینەكنی پاراستنی گەل هەوڵەكانی داعشیان شكست پێ هێناوە و لەئێستادا بەقسەی “دیار” بەسەدان كوژراوی داعش لەناو كۆڵانەكانی كۆبانی كەوتون.
ئەو بەرپرسەی یەپەگە، وتیشی” یەكینەكانی پاراستنی گەل، بڕیاریان داوە ئەگەر چەتەكانی داعش بگەنە كۆبانێ، بەهیچ شێوەیەك ئەو شارە چۆڵ ناكەن و تایەك فیشەكیان پێ بمێنێت شەری ناوكۆڵانەكان دژی داعش دەكەن، بەهۆی بەرگری توندی یەكینەكانیشەوە داعش نەیانتوانیەوە بێنە پێشەوە و شكسشتی خواردو”..
دیار قامیشلۆ ئەوەش رادەگەیەنێت کە”هێرش هەمووی هاتوەتە سەر كۆبانێ، بەڵام ئەوە ناگەێنی شەر لە شوێنەكانی تر نەبێ، شەر لەسەری كانی و جەزعا و جەلەولاو دوزخورماتو هەیە، ئەمرۆ شەرەكە دژی هەموو گەلی كوردە، داعش خاڵی لاواز لە رۆژئاوای كوردستان دەبینێ چونكە وڵاتانی زلهێز نایانەوێت ئیرادەی گەلی كورد سەربكەوێت و دەوڵەتی توركیاش هاوكاری گروپی داعش دەكات، دەوڵەتی توركیا وای داناوە ئەگەر دۆزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بگاتە مافی خۆی، لەسەر خۆی بەمەترسێكی زۆر گەورە دەبینێ، ئێمە ئاگادارین ژوری عەمەلیاتی نەهێنی لەنێوان دەوڵەتی توركیاو داعش هەیە و توركیا هاوبەشە لەگەڵ داعش بۆ هێرشەكانی سەر كۆبانێ. دەوڵەتی توركیا هەمان هەڵویستی داعشی هەیە و یارمەتی داعش دەدات لەو شەڕە”.
قامیشلۆ لەبارەی دواین رەوشی کۆبانێ بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئێستا دۆخی كۆبانی باشترە چونكە یەكینەكانی پاراستنی گەل توانیان هێرشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ تێك بشكێنن و لەشار دەریان بكەن و ئێستاش شەڕ لەدەوروبەری كۆبانێیە و كانتۆنەكانی جەزیرە و عەفرینیش لەئامادەباشین، بۆ بەرگری كردن دژی هیرشی داعش، گەر هێرش بكەنە سەر ئەوانیش، كۆبانێ ئێستا وایلیهاتوە كەبەتەنها نییە و هەموو كوردەكان لەهەر چوار پارچەی كوردستان بۆ پشتوانی هاتونەتە دەنگ، چونكە ئازادكردنی كۆبانێ ئازادكردنی هەرچوارپارچەی كوردستان و سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان و ناسنامەكەیەتی”.