كەنەدا….پەرلەمان گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی داعش داگیرساند
ئێوارەی سێشەممە پەرلەمانی كەنەدا بە زۆرینە رەزامەندییان پیشاندا ووڵاتەكەیان بۆماوەی 6 مانگ پرۆسەی سەربازی لەدژی چەكدارانی ێكخراوی توندڕەوی داعش ئەنجامبدات.
كاتێك پرۆژە یاسای لێدانی داعش كە لەلایەن ستیڤن هاربر سەرۆك وەزیرانی كەنەداوی خرایە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی، 157 پەرلەمانتار بە بەڵێ و 134ی دیكە بە نەخێر دەنگیان پێدا.
بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە شەش فڕۆكەی جۆری ئێف 18 و دوو فڕۆكەی هەواڵگری و فڕۆكەیەكی گواستنەوەی سەرباز و فڕۆكەیەكی هەڵگری سوتەمەنی بەشداری دەكەن، بەگەڕخستنی خزمەتە سەربزییەكانی ئە تیمە سەربازییەش پێویستی بە 600 سەرباز دەبێت.
پەرلەمانی كەنەدا رەزامەندیشی دەربڕی كاری 69 راوێژكاری سەربازی كەنەدایی لە كوردستان درێژ بكرێتەوە، كە ئەركیان مەشق و راهێنانە بە هێزەكانی پێشمەرگە.
پێشووتر كەنەدا 28 ملیۆن دۆلاری وەك خزمەتگوزاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان و 15 ملیۆنیشی بۆ بەخشینی جبەخانەی سەربازی بە پێشمەرگە و سوپا تەرخانكردبوو.
بەر لە دەنگدانەكەی پەرلەمان، لە راپرسییەكدا كە رۆژنامەی گلۆب ئاند مەیل بڵاوی كردبوەوە 64%ی خەڵكی كەنەدا لەگەڵ ئەوەبوون ووڵاتەكەیان بەشداری لێدانی داعش بكات و 36% یشیان دژی بوون.
