داعش 19 كەس گولەباران دەكات…. یەكێكیان ژنەپەرلەمانتارێكی پێشووە
نوچەنێت-ئاژانسەكان
بەپێی لێدوانی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و چەند سەرچاوەیەك لەنێو هۆزەكانی عێراق و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ، چەكدارانی توندڕەوی داعش لە هەردوو پارێزگای سەلاحەدین و نەینەوا 19 كەسیان گولەباران كردووە كە یەكێكیان ژنە پەرلەمانتارێكی پێشووە بەناوی ئیمان محەممەد یونس سەلمان.
دوو مانگ لەمەوبەر چەدارانی داعش ژنە پەرلەمانتاری پێشوو (توركمانی سوننە)ئیمان محەممەد یونسیان رفاند و ئێستا كەس و كارەكەیان ئاگادار كردۆتەوە كە گوللەبارانیان كردووە و ئامادەش نین تەرمەكەیان بدەنەوە، بێئەوەی هۆكارەكەی روون بكەنەوە.
بەپێی زانیاری كەس و كارەكەی، دوای كوشتنی، تەرمی ئیمان فڕێدراوتەوە بیری عەلو عەنتەری نزیك تەلەعفەر.
ئیمان یەكەمین پەرلەمانتارە لە مێژوی شارۆچكەی تەلەعفەردا و ساڵی 2004 بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بوو لە هەمان شارۆچكە و یەكەمین ژنە رۆژنامەوانی شارۆچكەی تەلەعفەریش بووە.