پارتی : گۆڕان مەرجەعی خۆیی هەیە و خاوەنی بڕیارە، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گۆڕان بەهێزە
نوچەنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی حزبەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر بنەمای تێگەشتنی هاوبەش بیناکراوە، ئەگەر هەڵەتێگەشتنێکیش هەبێ لەنێوانیان، چارەسەری دەکەن، چونکە بەقسەی ئەو، گۆڕان مەرجەعی خۆیی هەیە و خاوەنی بڕیارە.
جەعفەر ئێمێنکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی پەیوەندی پتەوی حزبەکەی لەگەڵ نێوان بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند”پێوەندییەکانمان لەسەر بنەمای تێگەییشتنی هاوبەشی جەنابی(سەرۆک مەسعوود بارزانی) و (کاک نەوشیروان مستەفا) بینا کراون، بێگومان متمانەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە هۆکاری سەرەکین لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکان و پتەوتربوونیان، هاوکات تێگەییشتنێکی هاوبەش بۆ پرسە نێوخۆیی و هەرێمایەتییەکان و هەروەها دەربارەی ئەو گرفتانەیش کە لگەڵ بەغدا هەمانن، ئەمەیش هەمووی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی، گۆڕان مەرجەعی خۆی هەیە و خاوەنی بڕیارە، دیارە لە نێو پارتییش (کاک مەسعوود) مەرجەعە و خاوەنی بڕیارە، ئەمەیش هۆکاری بنەڕەتین کە تۆ بتوانی پێوەندییەکان ئاسایی و بەرەو پێش ببەی..”
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی قسەی کردووە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە” لە نێو گۆڕان و پارتییش هەندێ جار گرفت دروست دەبن و لێدوان و بیروڕای سەیر بە دی دەکرێن کە خزمەت بە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکان ناکات، بەڵام هەردوو سەرکردایەتی بە یەک ڕسپاردە ئاسایی دەکەنەوە و چاکی دەکەنەوە، ناهێڵن ئەو جیاوازیانە کەڵەکە ببن، من داهاتوویەکی باش لەو پێوەندییانە دەبینم.. بە دڵنیاییشەوە ئەو پێوەندیانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی دروست بوون، هەڵبەت ئەوە نییە کە خەڵکانێک دەیانەوێ لێکدانەوەی جیاوازتری بۆ بکەن، بەڵکە پێوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانین و، دروستکردنی میحوەرێک بەرانبەر بە میحوەرێکی دی نییە. هەردوو لایش، پارتی و گۆڕان لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتییش ئاسایی بکەنەوە.”
ئێمێنکی ئاماژە بەرۆڵی حزبەکانی تریش دەکات، و دەڵێت “ناڵێم حیزبی تر ڕۆڵیان نییە یان لاوازە، بەڵام سێکوچکەیەک هەیە، سێکوچکەی عەلمانی یاخوود مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە پارتی، یەکێتی و گۆڕانن، بناخەن بۆ ئەوەی هەرێم لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی تر ببەن، چونکە هێزی سەرەکین و لە ڕووی قەبارە و ڕابردوو و توانای جەماوەریشەوە، گرینگە تەبایییان لە نێواندا هەبێ، بەڵام گۆڕان تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە یەکگرتوویی و بڕیار وەرگرتن لە لایەن مەرجەعەکەیەوە.”
بەبڕوای ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی “چۆن یەکێتیی نیشتیمانی لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە نەفەسێکی دژکارانە مامەڵەی لەگەل پارتیدا دەکرد، کە دەیەویست ببێ بە بریتی پارتی کە نەیتوانی ببێ، دواتر پاشگەز بووەوە و بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان هاتەوە مەیدان، گۆڕانیش سەرەتا نەفەسێکی دژکارانەی هەبوو، بەڵام بە خۆیدا چووەوە و زانی کە ناتوانێ ببێ بە بریتی پارتی و هەتا یەکێتییش، گەییشتە ئەو باوەڕی کە واقیعبین بێ و بە پێوەندییەکانیدا چووەوە و ئەوەی لێ وەبەر هات کە دەیبینین، دیارە هەر کەس بەرنامەی خۆی هەیە و دەیەوێ بەدیلی ئەوەی دی بێ، بەڵام پارتی و هەموو حیزبەکانی دیکە ئەم بەرنامەیەیان هەیە.”