ساڵح موسلیم بۆ داوای هاوکاری لەتورکیایە، تورکیا سێ مەرج بۆ هاوکاری کۆبانێ دەخاتەڕوو
نوچەنێت
ساڵح موسلیم بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری سەردانی تورکیا دەکات، و لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای میت کۆ دەبێتەوە، بەپێی زانیارییەکان، موسلیم داوای کردووە تورکیا هاوکاری رۆژئاوا بکات، رێگە بدات لەرێی تورکیاوە هاوکاری بەرۆژئاوا بگات، تورکیاش سێ مەرج دەخاتە بەردەم ساڵح موسلیم.
رۆژنامەی حوریەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ شەممە، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە، گەشتۆتە ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسانی میت و چەند بەرپرسێکی تری تورکیا کۆبۆتەوە، و باسیان لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و چۆنیەتی پاراستنی ئەو شارەیان کردووە لەکەوتنە دەست داعش.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، ساڵح موسلیم داوای لەحکومەتی تورکیاکردووە، هاوکاری کۆبانێ بکات، رێگا بدات لەرێگای خاکی تورکیاوە هاوکاری سەربازی بگاتە رۆژئاوای کوردستان.
هەر لەو بارەیەوە پێگەی العربي الجديد، بڵاوی کردەوە، تورکیا لەبەرانبەر داواکارییەکانی ساڵح موسلیم ، سێ مەرجی داناوە، کەبریتین لە:
یەکەم: راگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد لەلایەن پەیەدەوە.
دووەم: کۆتایی هێنان بەراگەیاندنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، کەبەبێ هەماهەنگی ئۆپۆزسیۆنی سوریا حزبێک رایگەیاندووە.
سێیەم: بەهیچ شێوەیەک هەرەشە لەسەر سنورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا دروست نەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی العربي الجديد، ئەو مەرجانەی خراوەتە بەردەم ساڵح موسلیم لەم سەردانەدا، هەمان ئەو مەرجانەن کە پێشتر لەلایەن ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، کاتێک وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە، لەگەڵ موسلیم باسکراوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، هێزەکانی تورکیا لەسەر سنوری تورکیا کۆبانێ لەئامادەباشیدان و چەند یەکەیەکی شەڕکەر لەسەربازانی تورک، رەوانەی ئەو سنورە کراون.